"به‌ڵی"ی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ڕه‌شنوسی ده‌ستور، "به‌ڵی"ی یه‌كێتی و پارتی بو بۆ زه‌وتكردنی مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان! ... حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق

 

ڕۆژی 24/5/2005دا له‌ دانشتنێكی ماراسونی په‌رله‌مانی كوردستاندا به‌ كۆی ده‌نگ "به‌لی"یان بۆ ڕه‌شنوسی ده‌ستور ووت و پشتگیرییان لێكرد. په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ نوێنه‌رانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لاتداری كوردستان مۆنۆپۆلیان كردوه‌، به‌م "به‌ڵی" یه‌یان بۆ ڕه‌شنوسی ده‌ستور بۆ چه‌ندین جار نیشانیاندایه‌وه‌، كه‌ نه‌ك هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ ویست و خواستی ڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵكو به‌پیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌لاتدار له‌ به‌رانبه‌ر داواكاری خه‌ڵكی كوردستاندا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.

دیاره‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌مێكه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ی بڕیوه‌ له‌ ڕیگای ده‌نگدانی بۆ "فیدرالیه‌ت" و ئه‌مڕۆ له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌ كۆتاییان گه‌یاند، كه‌ كوردستان له‌ ڕیگای ده‌ستوره‌وه‌و به‌ به‌كارهێنانی ناوی "نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی كوردستان" بلكێنریت به‌ عێراقه‌وه‌ و به‌م پییه‌ش له‌ ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه‌ به‌ر بگرن به‌ جیابونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ و هه‌روه‌ها دژایه‌تی ئاشكرای مافی ریفراندۆمی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ن له‌ پێناو بڕیاردان بۆ جیابونه‌وه‌ی كوردستان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌ت یان بۆ مانه‌وه‌ له‌ چوارچیوه‌ی عێراقدا. به‌ڵام په‌رله‌مانی كوردستان به‌م بڕیاره‌ی نه‌ك ته‌نها وه‌ستایه‌وه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی كوردستاندا بۆِ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نوسی سیاسی خۆی، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا، به‌ توندی وه‌ستایه‌وه‌ دژ به‌ هه‌موو مافه‌ سیاسی و مه‌ده‌نی و فه‌ردییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، به‌توندی وه‌ستایه‌وه‌ دژ به‌ مافه‌كانی ژنان و لاوان و مندالانی كوردستان، به‌توندی وه‌ستایه‌وه‌ دژ به‌ مافه‌كانی كرێكاران و خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستان، ئه‌وان به‌م بڕیاره‌یان "به‌ڵی"یان بۆ ده‌ستورێك ووت كه‌ سه‌رتاپای ئیسلامی و تائیفییه‌ له‌ دیباجه‌كه‌یه‌وه‌ بگره‌ تاكو ده‌گاته‌ دوا مادده‌ی، ده‌ستورێك كه‌ به‌ ئاشكرا ڕابگه‌یه‌نێت كه‌ ڕیگا نادات " هیچ یاسایه‌ك دابڕێژریت كه‌ موخالف بێت به‌ ئه‌حكامه‌كانی ئیسلام" و یاسای باری كه‌سێتی كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ ژنان له‌ سه‌رپایه‌ی تائیفه‌ی مه‌زهه‌بی ڕیكبخات و دیباجه‌كه‌ی له‌ قرائه‌تی ئاخوندێك بچێت، جگه‌ له‌ نیزامێكی ئیسلامی ناتوانێت شتێكی تر ببێت. جگه‌ له‌ به‌كۆیله‌ كردنی ژنان و خنكاندنی ته‌واوی هیواو ئاواته‌كانی لاوان و زه‌وتكردنی مافه‌ سیاسی و فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان ناتوانرێت هیچ شتێكی تری لی ده‌ربكێشرێت. هیچ مافێكی سیاسی و فه‌ردی و مه‌ده‌نی و ته‌نانه‌ت مافه‌ پوچه‌كانی "مافی مرۆڤ"یش كه‌ ناوی له‌ ده‌ستوردا هاتوه‌ به‌وه‌وه‌ گرێدراوه‌ كه‌ دژایه‌تی نه‌بێت له‌ گه‌ل ئه‌حكام و پرنسیبه‌كانی ئیسلام!!. په‌رله‌مان ئه‌مڕۆ مۆری له‌ده‌ستورێك دا كه‌ په‌له‌یه‌كی ڕه‌شی تر ده‌بیت به‌ مێژووی ئه‌م په‌رله‌مانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌م ده‌ستوره‌ وه‌ئه‌م كلاوه‌ بخه‌نه‌ سه‌ری خه‌ڵكی كوردستان و فریو ده‌رانه‌ راپێچیان بكه‌ن بۆ قبولكرنی ئه‌م ده‌ستوره‌.

ڕیكخراوی كوردستان، ته‌واوی ئه‌م پڕۆسه‌ سیاسیه‌ی كه‌ گه‌یاندویه‌تی به‌ بڕیاردان له‌سه‌ر ده‌ستور ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و به‌ پڕۆسه‌یه‌كی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ده‌زانێت، كه‌ له‌سایه‌ی هه‌ژاری و برسیه‌تی و شه‌ڕی تیرۆریستی و ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمۆبیل و نا ئه‌منیه‌ت و نا ئارامی و زه‌وتكردنی مافه‌ سیاسیه‌كانی خه‌لك و مۆنۆپۆلكردنی شاره‌كان له‌لایه‌ن میلیشایه‌كانه‌وه‌ سه‌پینراوه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكدا. كۆسپی خه‌ڵكی كوردستان له‌ مڕۆدا نوسینی ده‌ستور نیه‌، به‌ڵكو دابینكردنی هه‌لومه‌رجێكی سیاسی ئازاده‌ كه‌ بتوانێت ئازادنه‌ ده‌نگی تێدا بدات بۆ جیابونه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ له‌ چوارچیوه‌ی عێراقدا له‌ ڕیگای ریفراندۆمیكی گشتی و ئازاده‌وه‌، كۆسپی خه‌ڵكی كوردستان نه‌بونی ئازادییه‌ سیایه‌كان و كه‌می موچه‌ و فه‌سادی ئیداری و كه‌می خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كانه‌. له‌هه‌مانكاتدا ڕیكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق، بانگه‌وازی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، كه‌ به‌ر بگرن به‌م سیناریۆیه‌، ڕیگا نه‌ده‌ن كه‌ ئه‌مجاره‌ چه‌واشه‌كارییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ریاندا تێپه‌رببێت. ئه‌مڕۆ كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بڕژینه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌یه‌ك ده‌نگ هاواربكه‌ن " ریفراندۆم پێش ده‌ستور، به‌لی بۆ جیابونه‌وه‌ی كوردستان" كاتی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ری به‌یه‌ك ده‌نگ خواستی به‌ یاساییكردنی ئازادییه‌ سیاسیه‌كان و یاسای یه‌كسانی نێوان ژن و پیاو به‌رزبكاته‌وه‌ تێبكۆشێت له‌ پیناو به‌دیهێنانیدا. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق، له‌ ریزی ئه‌م خه‌باته‌ی خه‌ڵكی كوردستاندایه‌ و تێده‌كۆشێت بۆ زامنكردنی ته‌واوی داواو خواسته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

 

ڕیكخراوی كوردستان

حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی عێراق

24/5/2005