ڕخنه‌یه‌كی گلی ئامێز بۆ به‌رێوبه‌ری سایتی كوردستاننێت. . . . باوکی به‌هه‌ند

 

 پاش س او ڕێز بۆ كاك عمر

 برای به‌رێز زۆر جار به‌رێزت ده‌نوسی هه‌ر بابه‌تێك له‌ جێگه‌یه‌كی تر بڵاوبكرێته‌وه‌، من بڵاوی  ناكه‌مه‌وه‌، كه‌چی پێچه‌وانه‌یه‌ زۆر جار بابه‌تی وا بڵاو ده‌كه‌یته‌وه‌ له‌ جێگایه‌كی تر بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، وه‌ك بابه‌ته‌كه‌ی كاك فواد سدیق له‌ سه‌ر دیموكراسی و ئیسلامی سیاسی،كه‌ له‌هه‌مان كاتدا له‌ سایتی ده‌نگه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، هیوادارم بۆ ئه‌وه‌ی مسداقیات له‌ ده‌ست نه‌دات سایته‌كه‌ت، پابه‌ندی ئه‌و په‌یمانه‌ بیت كه‌له‌ سایته‌كه‌ت نوسراوه‌، وه‌ بابه‌تی هه‌موو نوسه‌رێك بڵاو بكه‌یته‌وه‌ به‌بێ جیاوازی فكری و ئایدۆلۆجیا، با سایته‌كه‌ت  هه‌موو ده‌نگ وڕه‌نگێ له‌ خۆبگرێت ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ فكری به‌رێزتا هاوتا نه‌بێت،  وه‌ هیوادارم بابه‌تێك بڵاو نه‌كه‌یته‌وه‌ هه‌ستی خه‌ڵكی بریندار بكات و موقه‌ده‌ساتی كۆمه‌ڵگای   كوردی پێشێل بكات، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا نێوده‌وڵتیه‌كانه‌،  چه‌ند جار نوسینم ناردوه‌ بۆ به‌رێزت بڵاوت نه‌كردۆته‌وه‌، هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فكری به‌رێزت جیاوازه‌،  هیوادارم به‌سنگێكی فراوان ئه‌م ڕه‌خنانه‌م قبوڵ بفه‌رمویت.

 له‌گه‌ڵ رێزی زۆرمدا

 باوكی به‌هه‌ند

 

تێبینی کوردستان نێت:

به‌رێزم باوکی به‌هه‌ند سڵاو و ڕێز:

 به‌ڕاستی من ناتوانم ڕۆژانه‌ سه‌یری هه‌موو سایته‌کان بکه‌م تاکو بزانم له‌ کوی چی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، تاکو هه‌مان نووسین منیش بڵاوی نه‌که‌مه‌وه‌. ئه‌وه‌ نووسه‌ره‌کانن ده‌بێت ڕه‌چاوی ئه‌و داوایه‌ی ئێمه‌ بکه‌ن.

وابزانم ئه‌رشیفی کوردستان نێت ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت که‌ له‌وپه‌ڕی چه‌پ تاکو ئه‌وپه‌ڕی ڕاست، بابه‌ت بلاوکراوه‌ته‌وه‌.

کاشکی بتنووسیبا کام بابه‌ته‌ت بۆ ناردوین و بڵاومان نه‌کردۆته‌وه‌. ده‌بێت هه‌ڵه‌یه‌ک هه‌بێت، له‌ ناردنه‌که‌یدا. ده‌نا ئێمه‌ سڵ له‌ بابه‌تێک ناکه‌ینه‌وه‌ که‌ دژی بیروبۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تی بێت، که‌ بیری ئێمه‌یه‌. وه‌ک ده‌بینیت کۆمۆنیسته‌کان و ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌کان له‌و ڕووه‌وه‌هیچ که‌مته‌رخه‌مییان نه‌کردووه‌، ئێمه‌ش به‌بێ سانسۆر بڵاومانکردۆته‌وه‌..

 

له‌گه‌ڵ سڵاو و ڕێزی دووباره‌م

عومه‌ر فارس به‌رپرسی کوردستان نێت