دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سه‌عدون یونس ... سازدانی هه‌ڵکه‌وت زاهیر

 

هه‌ڵكه‌وت/ یه‌كه‌م جاری چوونه سه‌ر شانۆتان بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟

سه‌عدون یونس/ له 27-3-1967 بۆ یه‌كه‌م جار هاتمه سه‌ر شانۆ. ئه‌و ڕۆژه به‌راورده به یادی شانۆی جیهانی. ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوو. له ده‌رهێنانی مامۆستا (سه‌فوه‌ت جه‌را‌‌‌ح) بوو. كه ئه‌توانم بڵێم هانده‌ری من بوو بۆ هاتنه سه‌ر شانۆ له ساڵی 1969 چوومه په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كان له ساڵی 1974 به‌ پله‌ی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی ئێراق په‌یمانگام ته‌واو كرد.

هه‌ڵكه‌وت/ به‌ڕێزتان نواندنتان خوێندووه یان ده‌رهێنان؟

سه‌عدون یونس/ ده‌رهێنان.

هه‌ڵكه‌وت/ وه‌ك كاری ده‌رهێنان یه‌كه‌م كاری هونه‌ریتان چی بوو؟

سه‌عدون یونس/ یه‌كه‌م كاری ده‌رهێنان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد شه‌ریف چیرۆكی "شۆڕشێك" له ساڵی 1970 له هۆڵی گه‌ل له شاری هه‌ولێر.

هه‌ڵكه‌وت/ شانۆ چۆن پێناسه ده‌كه‌یت؟

سه‌عدون یونس/ شانۆ عه‌وداڵی ڕاستییه‌كانه و به دوای ڕاستییه‌كانی ژیاندا وێڵه. ڕوونتر سه‌رهه‌ڵدانی شارستانییه‌ته. من خۆم واتای ژیانم دی كه من ژیانم بووه‌ته به‌شێك له شانۆ من جیانابمه‌وه له شانۆ و هه‌رگیز ناتوانم بێ شانۆ بژیم. هه‌ست و بیرم له‌گه‌ڵ‌ شانۆدایه.

 

هه‌ڵكه‌وت/ دوێنێ و ئه‌مڕۆی شانۆی كوردی چۆن ده‌بینی؟

سه‌عدون یونس/ ده‌توانم بڵێم به‌ گشتی هه‌وڵی باش دراوه له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه كێشه‌ی شانۆ هه‌موو كات به‌ستراوه به كۆمه‌ڵگا و میلله‌ت. له هه‌موو كاتێكدا كێشه‌مان زۆر بووه پێش ئه‌مڕۆ كاركردن زۆر سه‌خت بوو به‌ڵام هه‌وڵی باشتر و بیرۆكه‌ی باشتر هه‌بوو به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵ ئازادی ته‌واودا ئه‌توانم بڵێم كاره‌كان وه‌ك پێشوو نین به‌ڵام له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا بڕوام به‌وه هه‌یه هونه‌رمه‌ندی به‌توانا هه‌ن دڵسۆزانه خه‌ریكی خزمه‌تكردنن.

هه‌ڵكه‌وت/ تاراوگه بووه‌ته ئه‌زموون بۆ یان دوایخستووی له كاری هونه‌ری؟

سه‌عدون یونس/ له ڕاستیدا به دوو جۆر كاری له‌من كردووه. په‌شیمان نیم له هاتنه ده‌ره‌وه به‌ڵام له ڕوانگه‌ی كاركردن ئه‌توانم بڵێم له كوردستان كاركردن له بارتر بوو. دووركه‌وتنه‌وه‌شم له‌و هونه‌رمه‌ند و كه‌سایه‌تیانه‌ی كارم له‌گه‌ڵ ده‌كردن. له ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌وه چه‌ند سوودێكی دیكه‌م وه‌رگرتووه له ڕووی ئه‌وه‌ی توانای بیركردنه‌وه‌م باشتره له جاران به هۆی بینینی چه‌ند كاری هونه‌ری وام لێهاتووه بۆ كاركردن دوو جار بیری لێبكه‌مه‌وه. هه‌روه‌ها توانیم له ڕێی فێربوونی كاری كامره‌ند له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ده‌ستكه‌وتم بوو. به‌ڵام له‌كۆی قسه‌كان كوردستان له‌بارتر بوو تا تاراوگه.

هه‌ڵكه‌وت/ چی به‌ پێویست ده‌زانن بۆ پێشخستنی هونه‌ری كوردی؟

سه‌عدون یونس/ ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت كۆمپانیای هونه‌ری زۆربن بۆ به‌رهه‌مهێنان و سووككردنی باری هونه‌رمه‌ندان. زه‌مینه خۆش بكرێت بۆ هونه‌رمه‌ندان و مافیان پارێزراوبێت. كادێرانمان بنێردرێنه ده‌ره‌وه بۆ خوێندن چ له ئاستی هونه‌ری به‌به‌شه جیاجیاكانه‌ووه چ له هونه‌ری نواندن و ده‌رهێنان. مۆسیقا و. . . هتد. هه‌روه‌ها په‌ره‌دان به ئاستی ته‌كنیكی و دیكۆر و كاره‌كانی دیكه.

هه‌ڵكه‌وت/ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و میدیاكان چۆن ده‌بینی؟

سه‌عدون یونس/ دڵم خۆشه به كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان كه ئێمه‌ش وه‌ك وڵاتانی دیكه خاوه‌نی كه‌ناڵی ئاسمانین. به‌ڵام مافی ته‌واوی نه‌دراوه‌تێ به‌هۆی كه‌مووكوڕی ئاستی هونه‌ری به گشتی لاوازی ده‌بینم به‌ڵام ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌م. به‌هیوام كه‌ناڵه‌كان په‌یوه‌ندییان باشتربكه‌ن له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان بۆ وه‌رگرتنی كاری ڕه‌سه‌ن و بایه‌خدار.

هه‌ڵكه‌وت/ زه‌نجیره دراماكانی ته‌له‌ڤزیۆنی چۆ هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟

سه‌عدون یونس/ به‌ڕای من باشن و ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م. هیوادارم هه‌وڵی باشتر بده‌ن. به كۆمه‌ڵ كاربكه‌ن هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن ئه‌زموون به‌شداری بكه‌ن بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاری باشتر.

هه‌ڵكه‌وت/ وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك مافی خۆی له چیدا ده‌بینی؟

سه‌عدون یونس/ هونه‌رمه‌ند موڵكی جه‌ماوه‌ره. هیچ هونه‌رمه‌ندێك بێ جه‌ماوه‌ر خاوه‌ن هیچ نییه. گه‌وره‌ترین خه‌ڵات بۆ هونه‌رمه‌ند جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی. ئه‌وه‌ی من به مافی خۆمی ده‌زانم خۆشه‌ویستیم لای میلله‌ته‌كه‌م گه‌وره‌ترین سامانمه‌.

هه‌ڵكه‌وت/ ئایا ئێمه وه‌ك كورد ئه‌كته‌رمان هه‌یه له ئاستی ئه‌كته‌ری جیهانی دا بێت؟

سه‌عدون یونس/ به داخه‌وه هێشتا ماومانه به‌ڵام ئومێدم هه‌یه ڕێگامان بۆ ئازاد بكرێت بۆ كاركردن و هاوكاری بكرێن ئه‌كته‌ری باش دێته‌ مه‌یدانه‌وه.

هه‌ڵكه‌وت/ كام ئه‌كته‌ری سینه‌ما لای ئێوه په‌سنده؟

سه‌عدون یونس/ سوعاد ‌حوسنی به‌تواناترین ئه‌كته‌ر بووه لام و هه‌روه‌ها فاتن حه‌مامه و ئه‌حمه‌د زه‌كی. ئه‌نتۆنی كوێن. ئالان دیلۆن و گریگۆریگ.

هه‌ڵكه‌وت/ ئه‌ی له ده‌رهێنانی سینه‌مایی؟

سه‌عدون یونس/ زیاتر شاره‌زای ده‌رهێنه‌ره عه‌ره‌بییه‌كانم وه‌ك عه‌لی به‌درخان. هه‌رچه‌نده كورده و پێویستیمان به‌وه‌یه له زیاتر له خۆمانی نزیك بكه‌ینه‌وه. ئه‌شره‌ف فه‌همی. نادر جه‌لال و عه‌لی عه‌بدولخالق.

هه‌ڵكه‌وت/ باسی (عه‌لی به‌درخان) ت كرد. چۆن نزیكی بكه‌ینه‌وه؟

سه‌عدون یونس/ هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بده‌ین سه‌ردانی كوردستان بكات بۆ ناساندنی كه‌لتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی. ئێمه‌ ئه‌توانین له توانای ئه‌و ده‌رهێنه‌ره سوود وه‌رگرین ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تی هه‌بێ بتوانێت له كوردستان بمێنێته‌وه.

هه‌ڵكه‌وت/ له به‌رهه‌مه‌كانی به‌ڕێزتاندا خاتوو (سه‌میره‌) وه‌ك ئه‌كته‌رێك به‌شداری كردووه؟

سه‌عدون یونس/ بێگومان. بواری ئافره‌ت له پێشوودا زۆر قورس بوو بۆ كاركردن هه‌ر ئه‌و هۆیه بوو كه سه‌میره‌ی خێزانم به‌شداری كرد به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌كته‌ری ئافره‌ت و بووه هۆی به‌رده‌وامی كاركردن به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی. وه یه‌كه‌م ئافره‌ته له كوردستاندا كه به‌ناوی ئه‌كته‌ر دامه‌زرا.

هه‌ڵكه‌وت/ نواندنه‌كانی خاتوو (سه‌میره‌) چۆن ده‌بینی؟

سه‌عدون یونس/ به‌گشتی له نواندنی ڕازیم.

هه‌ڵكه‌وت/ ڕاو سه‌رنج له‌سه‌ر كاره‌كانی به‌ڕێزت؟

سه‌عدون یونس/ ده‌رهێنانی (قاسپه‌ی كه‌و) هه‌ستم كرد شت ده‌زانم. (كۆلاره‌) هه‌ستم كرد شت فێربووم. (شا هه‌ر شایه) . زۆر شانازی پێوه ده‌كه‌م و هه‌ستم كرد شت فێربووم. وه‌ك نواندن (هه‌بوو نه‌‌بوو) زۆر لێی ڕازیبووم و نواندنی خۆم لا په‌سه‌نده.

هه‌ڵكه‌وت/ ده‌رباره‌ی زنجیره‌ی گوڵاڵه چی ده‌ڵێت؟

سه‌عدون یونس/ بێگومان زنجیره‌ی گوڵاڵه یه‌کێكه له‌و به‌رهه‌مانه‌ی زۆرم لا شیرینه و ڕێككه‌وتین له‌گه‌ڵ كاك شه‌ماڵی عه‌به ڕ‌ه‌ش. كارێكی وه‌ها له‌و كاته‌دا پێویست بوو بۆ خه‌ڵكی كوردستان كه گوڵاڵه كوردستان بوو. هه‌وڵدانی میلله‌تی كورد و لایه‌نه‌كانی ده‌بێت بۆ كوردستان بێت. بۆ یه‌كگرتن و ته‌بایی میلله‌تی كورد. نووسینه‌كه‌ی هی حه‌مه ڕه‌‌شید هه‌ره‌س بوو به‌ڵام له‌و كاته‌دا نه‌مانتوانی ناوی بنووسین. تووشی چه‌ند كێشه بووین له سه‌ر گوڵاڵه. به‌گشتی كارێكی سه‌ركه‌وتوو بوو لای جه‌ماوه‌ری كوردستان.

هه‌ڵكه‌وت/ له زنجیره دراماكاندا وه‌ك پێویست گرنگی ده‌درێت به مۆسیقای وێنه‌گری؟

سه‌عدون یونس/ من هه‌موو كات هه‌وڵمداوه چ به گۆرانی چ به سه‌ركه‌وتوو بابێت ئه‌گه‌ر مۆسیقای وێنه‌گری باش‌ نه‌بێت چونكه به‌شێكی هه‌ره گرنگی كاری درامییه. لای ئێمه ڕاسته كه‌مووكوو‌ڕی هه‌یه. به گشتی زانستی مۆسیقای درامیمان كه‌مه. هه‌وڵ نه‌دراوه كه‌سانی تایبه‌ت بۆ ئه‌و كاره ده‌ستنیشان بكرێن.

هه‌ڵكه‌وت/ دوای چه‌ند ساڵ ئه‌زموونی كاركردن چی به میلله‌تی كورد ده‌ڵێیت؟

سه‌عدون یونس/ خۆشترین كاتم ئه‌وه‌یه به میلله‌تی خۆم شادبمه‌وه له كوردستانی ئازادا و خزمه‌تكردنیان و په‌یمانیان پێ ئه‌ده‌م كه به‌رده‌وام ده‌بم له كاركردن.