14-8-2005 سوێد

ده‌مکوتکردنی سامان و هه‌وار ... ئاسۆ بیاره‌یی

 

سامان و هه‌وار که نه‌ سامانی که‌سیان دزیوه نه هیچ هه‌وارێکیان کردوه‌ته دیاری ئه‌نفال بۆ داگیرکه‌ران. بۆ ڕازیکردنی به‌ره‌ی جه‌هل و نه‌زانی. له‌سه‌رکار ده‌رکران.

سامان حسین و هه‌وار عه‌بدولڕه‌حمان. دوو کارمه‌ندی ته‌لڤیزیۆنه‌که‌ی پارتیی. له سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕاپۆرتێکی ته‌له‌ڤیزیۆنیان له ڕۆژی 1-8-2005 ده‌رباره‌ی کۆڕه‌که‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌نی نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر (ژن و ئیسلام) بڵاوکرده‌وه. وه‌زاره‌تی ناوخۆ ‌به‌بێ ڕیزگرتن له جه‌ماوه‌ری کوردستانتیڤی و ئازادی ڕاده‌ربڕین. به‌بێ بڕیارێکی دادگا و یاسایی. ته‌له‌ڤیزیۆنی کوردستانتیڤی بۆ ماوه‌ی 24 سه‌عات زمان به‌ستکرد و ئیداره‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌که‌ش. هه‌ردوو ڕۆژنامه‌نووسی (سامان حسین و هه‌وار عه‌بدولڕه‌حمان) له سه‌ر کار ده‌رکرد. به‌ڵام له‌ولاشه‌وه. به‌ هه‌زاران فایلڕ‌ه‌ش و جاش و موسته‌شاری سه‌رده‌می به‌عس. له شه‌قامه‌کانی شاردا ته‌راتێن ده‌که‌ن. ئه‌م کاره لای حزبێک یان ڕێکخراوێک سه‌یر نییه که بڕوای به‌ ڕای (ئۆپۆزیسیۆن) سێیه‌م نه‌بێت و زۆربێ بۆربێ ته‌فره‌ی دابێت.

حزبی به‌عس مووچه‌یه‌کی باشی ده‌دا به‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانه. که به ‌شان و باڵای سه‌دام و ڕژێمه‌که‌یدا هه‌ڵیان ده‌دا. به‌ڵام که پێنووسه‌کانیان ووشه‌یه‌کی نامۆیی ده‌رببڕیایه. نان ئه‌شقه‌میشی پێ ڕه‌وا نه‌ده‌بینین. وه‌زاره‌‌تی ناو خۆ. نه‌ک نانی ئه‌و دوو ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌بڕێت. به‌ڵکو که‌ناڵی کوردستان تیڤی. که زمانحاڵی نه‌ته‌وه‌یه‌که. داده‌خات گوایا سه‌رپێجی یاسایی کردوه.

ئه‌مه‌ نیشانه‌ی زاڵبوونی گیانی تاکڕه‌ویه له ناو گه‌لێکدا که هێشتا کۆیله‌ی ده‌ستی داگیرکه‌رانه. که زیانی گه‌وره‌ی له دواڕۆژدا پێوه ‌دیاره. چۆکدادان بۆ کۆنه‌په‌رستان. سه‌رباری زیان به‌ خودی پارتیی دیموکراتی کوردستان وه‌کو پارتییه‌کی زلهێز ده‌گه‌ێنێت. پرۆسه‌ی دیموکراتیش له کوردستاندا له بار ده‌بات.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان. ده‌بوو خه‌ڵاتی ئه‌و دوو ڕۆژانامه‌نووسه‌ی ‌بکردایه. تاکو بۆ کورد و جیهان بیسه‌لماندایه. که به‌ڵێ کوردستانی باشوور به‌ره‌و ئازادی ملی ناوه. نه‌ک دیکتاتۆری خێڵه‌کی و تاکڕه‌وی. لێ له ژیانی خێڵیشدا دیموکرات هه‌یه. خه‌فه‌کردنی ده‌نگانی سه‌ربه‌ست له کوردستاندا. هه‌وڵدانی کۆتکردنی نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان و له‌غاوکردنیان له قاڵبی حزبیدا. شه‌وێکی ئه‌نگوسته‌ی چاوی به‌دواوه‌یه.

لێره‌وه پێویسته. ئه‌و‌ه‌ی خۆی به‌ دڵسۆزی دیموکراتی و ئازادی ڕاده‌بڕین له کوردستانی باشوور ده‌زانێت. ده‌نگی خۆی هه‌ڵبڕێ بۆ داکۆکی له‌و دوو ڕۆژنامه‌نووسه و هه‌موو ده‌نگێکی ئازادیخواز. که له شه‌وزه‌نگی بێ دیموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتدا. قه‌ڵه‌مه‌کانیان کردوه‌ته‌ مۆمی ئازادی و کۆتری سه‌ربه‌ستی ئاسمانی کوردستانی داگیرکراو.