لالۆ منیش زیندانیی سیاسی بووم! به‌شی (3) .... عه‌تای مه‌لا که‌ریم به‌ریتانیا مقه‌ڕی مولازم موحسین دوای ئه‌وه لاندکرۆزه‌ره‌که گه‌یشته شوێنێک. دوو پاسه‌وانی هێزی تایبه‌ت (قوات خاسه) ستونی سه‌ر ڕێگاکه‌یان به‌رزکره‌وه‌و لاندکرۆزه‌ره‌که چووه‌ژوره‌وه‌و له حه‌وشه‌که‌دا ڕاوه‌ستا. وه‌کو گورگی هار په‌لاماریاندام. یه‌کێکیان فڕێی دامه‌خواره‌وه‌و به‌لایه‌کی پشتێنه‌که‌ی خۆم چاوی به‌ستم و به‌لاکه‌ی دیکه‌شی هه‌رووده‌ستم. به‌هه‌ڵه‌داوان وه‌کو مه‌ڕه‌سوریان گرتبێت کێشیانکردم بۆ ژوره‌وه. له ژورێکدا چاویانکردمه‌وه. کورسی و مێزێکم بینی و پیاوێک له پشتییه‌وه دانیشتبوو. ده‌ستی کرد به پرسیاری سه‌ره‌تایی به‌ڵام له‌وه نه‌ده‌چو چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی باش بێت و زۆر به‌په‌له بوون بۆ ئه‌شکه‌نجه دانم. زانیم که گرنگی ناده‌ن به وه‌ڵامه‌کانم و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر تۆزێک به‌وردی له درۆکانیان بکۆڵیمایه‌وه هه‌ر زوو ده‌رده‌که‌وت؛ به‌ڵام ئه‌وان فێری زمانی کوته‌ک بوون نه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌ی ووردو هێنده له‌خۆیان و له ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌که‌یان بوغرا بوون وایانده‌زانی که ده‌توانن هێلکه به هه‌موو که‌س بکه‌ن. هه‌ر وه‌ک خۆیان گه‌لێک جار ده‌یانووت. له هه‌موی ناخۆشتر ئه‌وه بوو که هه‌موو یان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که له‌وێ پرسیاریان لێده‌کردم و جنیویان پێده‌دام و لێیانده‌دام کورد بوون. به شێوه‌یان له پیاوانێکی ته‌مه‌ن کامڵ و خوێنده‌واری شاره‌که ده‌چون و هه‌رگیز له‌و ئه‌منه کورده نه‌خوێنده‌وارو لاژگانه نه‌ده‌چون که پێشبینیم ده‌کرد. یه‌کێکیان ووتی ئه‌مه ئه‌منه کورده‌کان گرتویانه؟ ئه‌وی دیکه‌ش ووتی به‌ڵێ. یه‌که‌میان ووتی به‌خوا ئه‌منه کورده‌کان چالاکی چاکیان هه‌یه. من چاک ده‌مزانی ئه‌وانه‌ی گرتمیان کورد نه‌بوون. به‌ڵام چ جیاوازییه‌کی هه‌یه خۆ ئه‌م دڕندانه کوردن و کوردی ڕه‌سه‌نی شاره‌که‌شن؛ پێده‌چێت هه‌ندێکیان ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ش بخوێننه‌وه! ووتیان: ئه‌م شتانه چین و له‌کوێت هێناون و بۆ کوێ‌یان ده‌به‌یت؟ منیش ووتم: به‌خوا پیاوێکی پیر سی دیناری داومێ ئه‌م شتانه‌ی بۆ هه‌ڵگرم. ووتیان: ئه‌ی کوا پیاوه پیره‌که؟ نازانم دیاره که بینیویه‌تی من گیراوم ڕای کردووه. یه‌کێکیان به‌شێوه‌ی ڕابواردنی سلێمانیانه ووتی: تڕڕڕڕحێو جه‌نابی حاکم و دایانه پێکه‌نین. ئه‌وی تریان ووتی ئاده‌ی گیرفانی بپشکنن بزانن چه‌ندی پاره پێیه - ئێستا ده‌رده‌که‌وێت. من لێره‌دا که‌مێک ووره‌م به‌رزبووه‌وه. ده‌مزانی سی دینارم پێیه! بۆیه درۆکه‌م وا ڕێکخست بوو. که پاره‌که‌یان ده‌رکرد یه‌کێکی دیکه‌یان له‌ولاوه ووتی مه‌رج نییه. درۆ ده‌کات. ئاده‌ی بیبه‌ن بۆ ئه‌و دیو. له ڕێگا یه‌کێکیان نامیلکه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی به‌رزکرده‌وه‌و ووتی: بابه ئێمه هه‌مومان چه‌نده‌ها ساڵ له‌ناو ئه‌و ڕێکخراوانه‌دا کارمان کردووه ئینجا هاتوینه‌ته ئێره- تۆ هه‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌یه به‌سه بۆ ئیعدام کردنت. من ئه‌وه‌نده‌م ئه‌گه‌ری خراپ له‌به‌رده‌م خۆمدا دانابوو پێده‌چێت له‌سێداره‌دان یه‌کێک له کورترین ڕێگاکانی ڕزگاربوونم بوایه له‌و ئه‌شکه‌نجانه. له ژوره‌که‌ی تر حه‌بلێکیان هێنا کردیانه هه‌ردوو بنباخه‌ڵم و کردمیانه سه‌ر کورسییه‌ک و له‌سه‌ر کورسییه‌که‌وه هه‌ڵیانواسیم به قولاپێکه‌وه به بنمیچه‌که‌وه‌و شه‌قێکیان له کورسییه‌که هه‌ڵداو هه‌ڵواسرام. ئینجا وورده وورده ده‌ستیان کرد به لێدانم. من به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی که ده‌رباره‌ی زیندان ده‌مزانی ده‌بوایه چاویان ببه‌ستمایه به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده چاویان به‌ستم که هێنامیانه ژوره‌وه. لێره یه‌کێک ده‌ی ووت کاره‌باکه بهێنن کاره‌با. یه‌کێکی دیکه له‌و لاوه ده‌یووت نه و توخوا گوناحه جارێ. خۆی ئیعتراف ده‌کات. یه‌کێکی دیکه‌یان له‌ولاوه ده‌یووت: ناوی بێ‌تاوان نه‌ڵێیت. خه‌ڵکی بێ‌تاوان تووش نه‌که‌یت. شایانی باسه ئه‌م دڕندانه چ له‌گه‌ڵ من و چ له‌نێو خۆیاندا به‌کوردییه‌کی ڕه‌وان ده‌دوان و یه‌کێک نه‌یزانیایه ده‌یووت ئه‌مه مقه‌ڕی مولازم موحسین نییه. دوای ئه‌وه‌ی نه‌یانتوانی به‌م بێنه‌و به‌ره‌یه ووره‌م بڕوخێنن. دایانگرتم و یه‌کێکیان به‌وه‌ی دیکه‌ی ووت: ئاده‌ی بچۆره سه‌ر قاچی. یه‌کێکی دیکه ووتی: توخوا مه‌چۆ. به خوا قاچ زۆر دێشێت! و له‌به‌ر خۆیه‌وه که‌وته کوفه کوف. سه‌گبابه ده‌ت ووت له‌و ده‌ده‌ن. کابرای دووه‌م به پۆستاڵه‌وه به‌سه‌ر قاچمدا که‌وته گێره‌کردن به‌ڵام ووره‌ی من و ڕقی پۆڵاینم و باوه‌ڕم به کۆمه‌ڵه زۆر له‌وه به‌هێز تر بوو. ئه‌م ئه‌شکه‌نجه‌و ئازاردانه تا لای ئێواره‌ی خایاند. دوایی هێنامیانه قاوشێکی ته‌سک فرێیاندام و منیش له‌تاو ئێش‌و ئازار‌و ترسی ئه‌وه‌ی که دواتر چی ده‌بێت سه‌رم نایه سه‌ر زه‌وییه‌که. کوڕێکی عه‌ره‌بی گه‌نج هات ده‌م به پێکه‌نین و ڕووخۆش ووتم دیاره ئه‌مه شانۆگه‌ری دووه‌مه. به‌ڵام کوڕه‌که ووتی چه‌ندت پاره پێبووه؟ ووتم سی دینار. ووتی نه و سی دینار‌و سێ په‌نجایی. ووتم وورده گرنگ نییه (خورده م‌و موهیم) ووتی نه و پاره‌ی خۆته. ئه‌وه‌ش هه‌ویه‌و چاویلکه‌و کاتژمێره‌که‌ت. هه‌مووی کرده ناو ده‌ستم و چپاندی به گوێمداو ووتی گوو به جه‌ماعه‌تی موحسین. ئیتر نازانم گاڵته‌ی به من کرد. یان به ڕاستی له‌و جه‌ماعه‌ته بێزار بوو بوو یان چۆن بوو. دوای ئه‌وه جارێکی دیکه چاوو ده‌ستیان به‌ستمه‌وه‌و وه‌کو مریشکێک هه‌ڵگریت ئه‌ئاوا به‌رزیانکردمه‌وه‌و فڕێیاندامه شوێنێکی ته‌نگه به‌ره‌وه که له سندوقی ئۆتۆمۆبێل ده‌چوو. هه‌رچیه‌ک بوو بوو. دوای که‌مێک ڕۆیشتن و پێچ و په‌نا له شوێنێک ڕاوه‌ستا. ده‌ریانهێنامه ده‌ره‌وه‌و به شه‌ق و زلله که‌وتنه پرسیارلێکردنم. ئه‌مانه‌ش هه‌موو کورد بوون و خشه‌ی وه‌ره‌قه ده‌هات به‌ده‌ستیانه‌وه. + چه‌ند مامت هه‌یه؟ - نیمه. + چه‌ند خاڵت هه‌یه؟ - نیمه. + چه‌ند خوشک و چه‌ند برا؟ - نیمه. که ده‌چووه سه‌ر پرسیاری تازه ووره‌م به‌رزده‌بووه‌وه و ده‌مووت خه‌ریکه باوه‌ڕم پێده‌که‌ن! +ووتی ئه‌ی عه‌شیره‌تت چییه؟ -ووتم نازانم. ته‌نها ئه‌م وه‌ڵامه‌م ڕاست بوو. چونکه له ناوچه‌ی ئێمه‌دا باوی عه‌شیره‌ت نه‌بوو! ووتی ئه‌م سه‌گبابه له کونی دیواره‌وه هاتووه! ئاده‌ی حه‌بێکی هه‌یه‌ی بده‌نێ. باشه وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه به‌بێ که‌م و کوڕی له دائیره‌ی ڕه‌گه‌زنامه وه‌رده‌گیرا به ته‌له‌فونێک. ئیتر ئه‌وه کوته‌کی ئه‌وان و درۆی منی بۆچییه! به‌ڵام دیاره ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وان ئه‌شکه‌نجه‌دانه. به‌و جۆره به چاند که‌سێک به کێبڵ دایانگرتمه‌وه. دوایی بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌و شوێنه به‌ڕێوه‌به‌رێتی ئه‌منه (ئه‌منه کۆنه‌که) و ئه‌وه‌ش که پرسیارم لێده‌کات نه‌قیب مه‌دحه‌ت کۆییه. دائیره‌ی ئه‌من به‌راڕه‌وێکی ته‌سکدا بردمیان که وا دیاربوو پڕبێت له دۆڵابی ئاسن. به‌رده‌وام به‌ده‌م شه‌قو زلله‌و تێهه‌ڵدانه‌وه سه‌رمیان ده‌کێشا به‌م به‌رو به‌و به‌ری دۆڵابه‌کانداو هاواریان ده‌کرد بۆ براده‌ره‌کانیان: تازه تازه تازه‌یان هێناوه! ئیتر ئه‌وانیش بۆ به‌جێگه‌یاندنی سوننه‌تی دڕنده‌یی خۆیان هه‌ر که‌سه به په‌له ده‌هات و به شه‌ق و بۆکس و پاڵ به‌رده‌بونه گیانم. دوایی بۆم ده‌رکه‌وت که ئه‌و به‌شه‌ی ئه‌منه کۆنه‌که کاتی خۆی قوتابخانه بووه و ئه‌و دۆڵابانه‌ش هی ئه‌و قوتابخانه‌یه بوون له‌گه‌ڵ سه‌دان کورسی ساخ و شکاو که له‌و نێوه‌دا که‌ڵه‌که کرابوون- دیاره له لای به‌عس ئه‌من له قوتابخانه پێویستتره. بۆیه کردویانه به فه‌رمانگه‌ی ئه‌من. گه‌یاندمیانه ژورێک. ووتی چاوی بکه‌نه‌وه. چاویان کردمه‌وه. گیرفانه‌کانیان چاک پشکنیم. سی دینار‌و سێ په‌نجاییه‌که‌و کاتژمێرو ناسنامه‌ی باری شارستانی و ناسامه‌ی خوێندکارییه‌که‌میان کرده زه‌رفێک و ناوی خۆمیان لێنوسی. نه‌قیب مه‌دحه‌ت خه‌ریک بوو چاویلکه‌که‌م بشکێنێت و فڕێی بدات. به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کرد‌و ووتی: ئه‌مه حوبییه یان توبییه؟ ووتم توبییه. ئینجا ئه‌ویشی کرده ناو زه‌رفه‌که. ووتی دانیشه. منیش سه‌یرم کرد له‌به‌رده‌ممدا قه‌نه‌فه‌یه‌کی لێ بوو. ویستم وه‌کو پیاو یان میوانێکی به‌ڕێز له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌که دانیشم! ئاخر ناهه‌قم نه‌بوو. ئه‌ی دانیشه یانی چی؟ ئه‌ی بۆ قه‌نه‌فه‌یان داناوه؟ یه‌کسه‌ر به شه‌قێکی مزر وه‌ڵامیاندامه‌وه‌و ووتی: له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که دانیشه گه‌واد! منیش ته‌خت چوارمشقی له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که دانیشتم. ده‌ستیان کرده‌وه به لێکۆڵینه‌وه‌و پرسیار. سه‌یری به‌رانبه‌رم کرد سێ که‌س یه‌کی له‌سه‌ر کورسییه‌ک دانیشتبوون. مێزێک له‌وانه‌ی که ئه‌و کاته من ته‌نها له فه‌رمانگه‌ی ده‌وڵه‌تدا بینیبوم له‌به‌رده‌میاندا بوو. v ناوی نهێنیت چییه؟ v له‌گه‌ڵ کێ کار ده‌که‌یت؟ v ئه‌و نوسراوانه چین؟ منیش هه‌ر وه‌کو یه‌که‌مجار چیم ووتبوو بێ که‌م و زیاد دووباره‌م کرده‌وه. له‌کاتی قسه‌کردندا ڕوی ده‌مم ده‌کرده کابرایه‌کی عه‌ره‌بی چوارشانه که پانتۆڵێک و کراسێکی سپی له‌به‌ردا بوو. وتم سه‌یدیی وام زانی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌منه. یه‌کسه‌ر نه‌قیب مه‌دحه‌ت توڕه بوو. ووتی (به‌کوردی) ڕوبکه‌ره من سه‌گباب. ئه‌ویش هه‌ر وکو من و ئه‌م پیاوه (په‌نجه‌ی ڕاکێشا بۆ که‌سی سێیه‌م) نه‌قیب ئه‌منه. له ڕاستیدا نه‌قیب مه‌دحه‌ت به شه‌رواڵ و کراسێکی ناشیرینه‌وه دانیشتبوو. سه‌رو چاوی هه‌ر له پشیله‌ی سپڵه و پۆخڵ ده‌چوو. وام ده‌زانی داخۆ چ ئه‌منێکی خوێڕییه! نه‌قیب مه‌دحه‌ت له جێگه‌ی خۆی هه‌ستاو به کێبڵ که‌وته لێدانم؛ ئه‌گه‌رچی هه‌ڵیساندبومه سه‌رپێ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر کێبڵێکدا خه‌ریک بوو ده‌یدام به ئه‌رزدا. دوای ئه‌وه‌ی ڕاست و چه‌پ به دوو که‌س هه‌تا توانیان به کێبڵ لێیاندام و پرزۆڵه‌م له‌به‌ر بڕاو که‌وتم. ئینجا هه‌ردوو قاچمی گرت و کردنییه ناو حه‌بلێک که به‌سترا بوو به دارێکی ئه‌ستوره‌وه پێیان ده‌وت فه‌لاقه. من زۆرجار له هه‌ڕه‌شه‌ی دایکم و دایکانی دیکه‌دا ناوی فه‌لاقه‌م بیستبوو وه‌ک هه‌ڕه‌شه له مناڵ؛ ده‌یان ووت: وه‌ڵا ده‌بێت فه‌لاقه‌ی عومرت بکه‌م! به‌ڵام هه‌رگیز به هزرمدا نه هاتبوو فه‌لاقه به‌و جۆره بێت. شایانی باسه له ئه‌ده‌بی کلاسیکیشدا شتێکی له‌و بابه‌ته‌م خوێندبووه‌وه که له چاخه‌کانی ناوه‌ڕاستدا بۆ ئه‌شکه‌نجه به‌کارهاتووه. به‌ڵام هه‌رگیز بیرم له‌وه نه‌کردبووه‌وه که ئه‌و ئامێره لێره وه‌ک به‌شێک له ئاسه‌واری مێژووی ئه‌شکه‌نجه‌ی جیهانی پارێزرابێت و هێنده‌ش به ئه‌مه‌ک بن هه‌ر به‌کاری بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له فه‌وتان بیپارێزن. دوو که‌س فه‌لاقه‌که‌یان له‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ره‌وه گرت بوو دوو که‌سی دیکه‌ش به کێبڵ به‌ر بوونه بنی پێم. پێده‌چێت من چونکه کوڕی لادێ بووم و هه‌ر له منداڵییه‌وه به ناو دڕک و داڵ و به‌ردو داردا ڕام کردبوو که‌مێک بنی پێم له که‌سانی دیکه به‌رگری زیاتر بووبێت. به‌ڵام خۆ له‌گه‌ڵ کێبڵ ئاشنا نه‌بوو. له پڕ قاچم به‌ربوو. مه‌دحه‌ت به هاوه‌ڵه‌کانی ووت: بینیتان. من نه‌م ووت. من ئه‌زمونم هه‌یه له‌و بواره‌دا ئه‌زمون (گه‌ماڵ باوکه ده‌ت ووت له تاقیگای کیمیادا ئه‌زمونی به‌ده‌ستهێناوه!) . ده‌بێت که قاچی تاوانباره‌که‌ت کرده ناو حه‌بله‌که پێچێکی پێ بده‌یت. ئینجا هات به توانا‌و ئاره‌زوی خۆی پێچێکی لێدا تا قاچم توند بوو. ئه‌وه‌نده‌یان کێبڵ دا له بنی پێم تا قاچه‌کانم وه‌کو ئاگر گه‌رم بوون و دوای ئه‌وه سڕ بوون. به شه‌ق هه‌ڵیانساندمه سه‌رپێ و ووتیان ڕاکه. خۆیشیان به کێبڵه‌وه به دوامه‌وه. له ژوره‌که ڕام کرده ده‌ره‌وه به‌ڵام چی ببینم!؟ زیاد له سه‌د که‌س به هه‌ر چوارده‌وری حه‌وشه‌که‌دا ڕاوه‌ستابوون. به‌ره‌و هه‌ر لایه‌ک ڕام ده‌کرد یان به شه‌ق یان به سۆنده یان به کێبڵ یان به دار یان به ده‌ست لێیان ده‌دام. هه‌تا له ناوه‌ڕاستدا جارێکی دیکه که‌وتم و هه‌رچه‌نده پیاناکێشام و قیڕاندیان به‌سه‌رمدا هه‌ڵنه‌سام. دوای ئه‌وه ئه‌منێکی ڕه‌شی ناشیرین و دزێو پارچه سۆنده‌یه‌کی به‌ده‌سته‌وه بوو به دوو په‌نجه هه‌ردوو سه‌ره‌که‌ی گرتبو ووتی: ئه‌مه تێزابه ئه‌گه‌ر ئیعتراف نه‌که‌یت ده‌یڕێژم به‌سه‌رو چاوتدا. منیش ده‌مم کرده‌وه چونکه زۆرم تینوو بوو. ده‌شمزانی تێزاب وا هه‌ڵناگیرێت. ئیتر جارێکی دیکه له زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی ناقۆڵادا دانه زه‌ق و ناشیرینه‌کانی نیشاندام و ئاوه‌که‌ی ڕشت به سه‌رو چاومدا. دوای ئه‌وه به دوو که‌س هه‌ڵیانگرتم و فڕێیاندامه ژورێک. پاش که‌مێک ده‌رگاکه‌یان له دواوه داخست. چاوم هه‌ڵهێنا ژورێک به‌بێ په‌نجه‌ره. ته‌نها کونێکی بچوکی تێدابوو پارچه شوشه‌یه‌کی تێکرابوو ده‌چووه سه‌ر ژورێکی تر. یان هه‌ردووکیان یه‌ک ژور بوون و کرا بوو به دوو به‌شه‌وه. له ناوه‌ڕاستدا چه‌رداخێک دانرا بوو که بریتی بوو له دوو ستون که له‌سه‌ر دوو بنکه (قاعیده) ی کۆنکرێتی جێگیرکرابوون. بنکه کۆنکرێتییه‌کان که دوایی له بێکاریدا پێوامن یه‌کی چوار بست به‌رز بوون و دوو بستیش پان بوون به هه‌ر چوارده‌وری ستونه‌کاندا. له‌سه‌ریشه‌وه ستونێکی دیکه ڕایه‌ڵ کرابوو که له ناوه‌ڕاستدا قولاپێکی پێوه‌بوو. به‌هه‌ر چوارده‌وری بنمیچه‌که‌دا هه‌شت گوڵۆپی پلاجیکتۆری ڕه‌نگاوڕه‌نگی تێدابوو که هه‌ریه‌که ڕه‌نگێک بوو؛ ئه‌گه‌ر یه‌کێک نه‌زانێت پێده‌چێت بڵێت: کاکه ئێوه به هیچ شتێک ڕازی نابن. له‌وه زیاتر چیتان ده‌وێت! له ته‌ختی شانۆ ڕوناکتر و ڕازاوه‌تره! به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و گوڵۆپه جوان و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و ڕوناکانه بوو بوون به گه‌وره‌ترین هۆکاری ئه‌شکه‌نجه‌ی ده‌رونی. له‌لایه‌که‌وه یه‌کی ئه‌وه‌نده‌ی هیته‌رێک گه‌رم بوون. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ر بوون له‌به‌رده‌م خه‌وو سه‌رخه‌وشکاندندا. که مرۆڤ چاوی ده‌چووه خه‌وو چاوی هه‌ڵده‌هێناوه نه‌ی ده‌زانی له‌کوێیه و له چ جیهانێکدایه. له دوو سوچی بنمیچه‌که‌دا دوو بڵندگۆی (مکبه‌ره) ستریۆی گه‌وره جێگیر کرابوون. زنجیرێک به قوفڵێکی بچوک به‌سترابوو به یه‌کێک له ستونه‌کانه‌وه و سه‌ره‌که‌ی دیکه‌شی له‌سه‌ر په‌تۆیه‌ک بوو که هه‌ندێک ماستی به‌سه‌ردا ڕژابوو. له‌و لایشه‌وه قاپێکی بچوک که‌وتبوو که که‌مێک ماستی تیا مابوو. ئه‌و دیمه‌نه بۆ هه‌ر که‌سێک. بێجگه له که‌سێک که له زیندانداو له‌م دۆزه‌خه‌دا ژیان بگوزه‌رێنێت له دیمه‌نی په‌ت کردنی سه‌گێک یان گورگێک یان دڕنده‌یه‌کی کێوی ده‌کات. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه که‌مێک سه‌رو ساختی له‌گه‌ڵ جیهانی پێشکه‌وتوو شارستانیدا هه‌بێت ئه‌وا یه‌کسه‌ر دڵی به‌زه‌یی بۆ ئه‌و دڕنده کێوییه‌ش قوڵپ ده‌دات و ده‌ڵێت نابێت گیاندارێک به‌و جۆره و له‌و شوێنه‌دا یه‌خسیر بکرێت. چه‌ند پارچه کێبڵ و سۆنده‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌رزه‌که که‌وتبوو به‌ڵام ئه‌وه‌ی که زۆر له‌لای من سه‌رنجڕاکێش بوو سۆنده‌یه‌ک دوو فاق کرابووه‌وه و به تیپێکی سور پێچرابوو له‌ناویدا هه‌ژده ته‌لی مسم ژمارد. که به دوو فاقکراوه‌یی ده‌یکرده سی‌و شه‌ش. چووم له‌سه‌ر په‌تۆکه ڕاکشام. زانیم به‌ر له من ئه‌وه جێگه‌ی یه‌خسیرکردنی که‌سێکی تر بووه. به‌ڵام ئه‌و ڕاکشانه شاهانه‌یه زۆری نه‌خایاند. له‌پر له ته‌قه‌و زڕه‌ی کلیل و ده‌رگاکردنه‌وه ڕاچڵه‌کیم. یه‌کێک به پڕتاو هاته ژوره‌وه و زرم شه‌قێکی تێهه‌ڵدام: گه‌واد ئوتێله! به‌دوایدا نه‌قیبه عه‌ره‌به‌که هاته ژوره‌وه و ووتی ڕاسته‌وخۆ که‌له‌پچه‌ی بکه به ستونه‌که‌وه و ئه‌و زنجیر‌و په‌تۆیه‌ش ببه‌نه ده‌ره‌وه. که مناڵ بووم هه‌رچییه‌کمان به‌سه‌ر بهاتایه دایکم ده‌یووت: ڕۆڵه چی بکه‌ین. خواخراپتر نه‌دات. خراپتریش هه‌یه! من به په‌تۆو زنجیره‌که ڕازی نه‌بووم ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ که‌له‌پچه‌کرام به ستونه‌که‌وه. به‌م جۆره ئه‌و شێوازی ئه‌شکه‌نجه‌یه ده‌ستی پێ‌کرد که ماوه‌ی چوارده ڕۆژی ڕه‌به‌قی خایاند؛ که‌له‌پچه بوون ڕاسته‌وخۆ به ستونه‌که‌وه یانی چی؟ بنکه‌ی ستونه‌که چواربست له ئه‌رزه‌وه به‌رزه‌و دوو بستیش به‌هه‌ر چوارده‌وردا پانه. نه باوه‌ش پێیدا دێته خواره‌وه و نه هیچ. ئه‌ی چۆن بخه‌وم؟ مه‌خه‌وه گیانه‌که‌م ئه‌مه شوێنی تێکشکاندنی له‌ش و ده‌رون و گیانه. به‌ڵام نه و هاوڕێیانی کۆمه‌ڵه‌ی سێداره به‌زێنت له‌یاد بێت. شه‌هاب و جه‌عفه‌رو جه‌ماله ڕه‌ش و له‌تیف عه‌بدوڵا و هتد. . . ت له یاد بێت. ووره‌ی مرۆڤ له هه‌موو شتێک به‌هێزتره‌و له هه‌موو کانزایه‌ک ڕه‌ق تر‌و جیڕترو خۆڕاگرتره. . .
|