به‌یاننامه‌ی پشتیوانی و داكۆكیكردنی نوسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیرانی سۆران له‌  (ئاكۆ محه‌مه‌د و موسا ئه‌حمه‌د)

 

رۆژی (10/8) له‌ رێگه‌ی هه‌ردوو سایتی كوردستان نێت و ده‌نگه‌كان هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس (ئاكۆ محه‌مه‌د) سه‌رنووسه‌ری هه‌فته‌نامه‌ی میدیا و (موسا ئه‌حمه‌د) به‌رپرسی په‌یمانگای كوردستان بۆ راپرسییه‌ سیاسییه‌كانمان خوێنده‌وه‌. كه‌ بیانوی ده‌ستگیر كردنه‌كه‌شیان بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌ك بووه‌ له‌باره‌ی لێهاتوویی وه‌زاره‌ته‌كان. كه‌ وای ده‌رخستبوو وه‌زاره‌تی ناوخۆ خراپترین وه‌زاره‌ته‌ له‌ هه‌ردوو ئیداره‌.

ئه‌م هه‌واڵه‌ش بووه‌ جێگای سه‌رسورِمان و راچڵه‌كینی رِای گشتی رۆژنامه‌نووس و رۆشنبیران. به‌ تایبه‌تیش كه‌ ده‌سگیركردنه‌كه‌یان له‌ كات و ساتێكدایه‌. كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رِووه‌و كرانه‌وه‌ و به‌ مه‌ده‌نی بوون رِێًچكه‌ی گرتووه‌.

 گوتاری ئه‌مرِۆی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی له‌ ئاستێك دایه‌. كه‌ زۆر جار ئاستی به‌رزتر له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی خستوه‌ته‌ ژێر پرسیارو رِه‌خنه‌. نموونه‌ش ئه‌و نامه‌ و نووسینانه‌ن. كه‌ رۆژانه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كرێن. بی ئه‌وه‌ی په‌رچه‌كردارێكی لی بكه‌وێته‌وه‌. له‌ كاتێكدا ئێمه‌ چاورِه‌وانی ئه‌وه‌ بووین وه‌زاره‌تی ناوخۆ نه‌خشه‌ی به‌ دواداچوون و چاكسازی ئه‌نجام بدات. كه‌ چی به‌م جۆره‌ هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ میدیا وه‌رده‌گری. كه‌ سیمبولێكی جوانی بزاڤی رۆژنامه‌گه‌ری كوردییه‌ و مینبه‌رێكی كراوه‌ی ئازادی راده‌ربرِینه‌.

هه‌فته‌ نامه‌كه‌ له‌ ژماره‌ (200) ی خۆیدا راپرسیێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ په‌یمانگای كوردستان له‌ نێو خه‌ڵكدا ئه‌نجامیداوه‌ و وه‌زاره‌تی هه‌راسان كردووه‌. بۆیه‌ كه‌ ئێستا وه‌زاره‌ت میدیا دادگایی ده‌كات و سه‌رنووسه‌ره‌كه‌ی و به‌رپرسی په‌یمانگاكه‌ ده‌ستگیر ده‌كات. نارِاسته‌خۆ مه‌حكوم كردنی رِای گشتی و لێپرسینه‌وه‌ و قبوڵ نه‌كردنی راوبۆچوونه‌كانیه‌تی.

بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ خواره‌وه‌ واژۆمان كردوه‌ پشتیوانی خۆمان بۆ هه‌ردوو رۆژنامه‌نووس ده‌رده‌برِین و داواكارین هه‌ڵویستی له‌م چه‌شنه‌ به‌رامبه‌ر كاری رۆژنامه‌نووسی و رۆژنامه‌نووسان دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌.

نوسه‌ر و رۆزنامه‌نوسانی سۆران