ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر نامه‌ گومان ئامێزه‌که‌ی هه‌ندێک شیعه‌... ڕزگار گوڵه‌باخ

 

 له‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی په یامنێر(ڕۆژی 8 ی ته‌مموزی 2005) نامه‌یه‌ک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ ، که‌ کۆمه‌ڵیک عه‌ره‌بی شیعه‌  ئاراسته‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراقیان کردووه و وێنه‌کیان بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمیش ناردووه‌. بۆیه‌ من لێره‌دا به‌ ئه‌رکم زانی که‌ سه‌رنجی خۆمی له‌سه‌ر به‌یان بکه‌م .

به‌ڕێزان له‌ نامه‌که‌دا له‌ خاڵی 2 یدا هاتووه:

(زۆرینه‌ی عه‌ره‌ب/شیعه‌/ ئاماده‌ن که‌ دۆسیه‌ی نفوسیان بگوازنه‌وه بۆ پارێزگاکانی پێشوویان

له‌ به‌رامبه‌ر: ‌‌(آ غلب العرب/الشیعة/ هم علی استعداد لنقل سجلات نفوسهم

الی محافضاتهم السابقة لقاء مایلی):

آ/ به‌خشینی قه‌ره‌بووی گونجاو، تابتوانن  به‌ خۆشگوزه‌رانی له‌ ناوچه‌کانی پێشوویاندا بژین.

( دفع تعویض مناسب کی یتمکنوا العیش بهناء و رغد فی مناطقهم السابقة)

ب / دابین کردنی پارچه‌ زه‌وی بۆ هه‌ریه‌کێکیان و له‌پارێزگاکانیاندا.

( تخصیص قطع اراضی سکنیة لکل منهم فی محافضتهم).

ج /  ئاسانکردنی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی کاروباری ئیداریان.

( تسهیل عملیة نقل امورهم الاداریة)

د /  مافی مامه‌ڵکردنیان به‌ موڵک وماڵیانه‌وه‌ له‌ که‌رکوکدا هه‌بێت.

( لهم الحق فت التصرف بممتلکاتهم فی کرکوک).

ه‌ / سه‌رپشک کردنیان له‌ مانه‌وه‌و ژیان له‌ که‌رکوکدا  دوای گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌کانیان.

( خیارهم فی البقاء والعیش فی کرکوک بعد نقل سجلاتهم).

ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی ووردو ژیرانه‌ له‌ و خاڵانه‌ بده‌ین، ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ی خواره‌وه‌:

 

سه‌ره‌تا نووسیویانه‌، که‌ زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی شیعه‌ ئاماده‌ن.ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، که‌ عه‌ره‌بی هاورده‌ ی شیعه‌ هه‌موویان ئاماده‌ نین. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کوله که‌ی  ته‌ڕیشدا باسی عه‌ره‌بی هاورده‌ی سوننه‌ نه‌کراوه‌، که‌ هه‌زارانیان له‌ که‌رکوکدا ده‌ژین.

گه‌ر زۆر به‌ ووردی بڕوانینه‌ ده‌قی نووسینه‌که‌یان و بمانه‌وێت له‌ ڕووی ماناو یاساییه‌وه‌ ڕاڤه‌یان بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بێت زۆر وورده‌کار بین و ڕێگه‌ نه‌ده‌ین جارێکی تر فێڵی یاسایی به‌ سه‌رماندا ڕه‌ت ببێت. نووسیویانه‌ ئاماده‌ن کا دۆسیه‌کانیان بگوازنه‌و. له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌، دۆسیه‌ی نفوس گواستنه‌وه‌، خاڵی سه‌ره‌کی نییه‌. ده‌کرێت که‌سێک دۆسیه‌ی نفوسی له‌شارێکدا بێت و ئه‌و که‌سه له‌‌ شارێکی تردا بژیت. ئه‌م جۆره‌ ئاماده‌ باشییه‌ ، خه‌له‌تاندنه‌م به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی نیه‌ت باشی بێت.چونکه‌ گه‌ر بڕوانینه‌ خاڵی( ه)‌ ، ئه‌واده‌بینین که‌ به‌راشکاوی نووسیویانه‌، که‌ سه‌رپشک بن له‌ مانه‌وه‌ و ژیان له‌ که‌رکوکدا دوای گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نفوسیان.

لێره‌دا یه‌ک ڕاستی حاشا هه‌ڵنه‌گر به‌ر چاوده‌که‌وێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، که‌ ته‌نها دۆسیه‌کانی نفوس

بگوازنه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا قه‌ره‌بوو و پارچه‌ زه‌وی وه‌ربگرن. به‌کوردی وبه‌ کورتی ده‌یانه‌ویت هه‌م پاره‌و زه‌وی وه‌ربگرن، هه‌م مافی سه‌رپشک بوونیان له‌ مانه‌وه‌و له‌ ژیاندا له‌ که‌رکوکدا هه‌بێت.

له‌ خاڵی  ج دا ده‌ڵێن ئاسانکردنی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی کاروباری ئیداریان.... لێره‌شدا جارێکی تر به‌ ئاشکرا ده‌رده‌که‌وێت، که‌ جگه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نفوس هیچ نیازێکی تریان نییه‌.

جا با بپرسین،، که‌ ئاخۆ له‌ به‌رامبه‌ر گواستنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی نفوسدا ئه‌ و مه‌رجانه‌یان هه‌بیت،

ئه‌ی ئاخۆ گه‌ر به‌ یه‌کجاری بگه‌ڕێنه‌وه‌، چییان بوێت.. ئه‌وانه‌ی ئه‌و عه‌ره‌بانه‌ داوایان کردووه‌، گه‌ر بۆ منیشی بکه‌ن، ئاماده‌م نفوسه‌که‌م  له‌ به‌رلینه‌وه‌ بخه‌مه‌ سه‌ر هه‌ر شارێکی خوارووی عێراق

گه‌ر مافی مه‌ماڵه‌کردنم به‌ موڵک و ماڵی به‌رلینمه‌وه‌ هه‌بێت و‌ سه‌رپشک بم له‌ هه‌ڵبژارنی ژیان و

مانه‌وه‌ له‌ به‌رلیندا( به‌رامبه‌ر قه‌ره‌بوو و پارچه‌ زه‌وی)( بۆ پێکه‌نین).

به‌ کورتی ئه‌و خالانه‌ی سه‌ره‌وه‌، جگه‌ له‌ نیازێکی میدیایی و ختووکه‌ دانی سه‌رانی کو‌رد جیتر نین، به‌وه‌ی گوایه‌ نیازیان هه‌یه‌ که‌رکوک جێبهێڵن. بۆیه‌ ده‌بێت سه‌رکردایه‌تی کورد  زۆر ووردبینانه‌ ماماڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و نامه‌یه‌دا بکات و پێی خه‌نی نه‌بێت و بڕیاری په‌له‌ی له‌سه‌ر نه‌دات.

کاتی خۆی سه‌رکردایه‌تی کورد به‌رده‌وام پێێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داده‌گرت، که‌ ده‌بێت عه‌ره‌بی سوننه‌

به‌شداری نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور بن. ئاکام ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌یبینین، وه‌ک کاتی خۆی پێشبینیمان کرد ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌وان دژایه‌تی کورد ده‌که‌ن، له‌وانه‌یه‌ شیعه‌کان نه‌یکه‌ن.دیاره‌ ئه‌وه‌ پاداشتی ئه‌وه‌یه‌، که‌ هێنایاننه‌وه‌ ناو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌.ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت، گه‌ر عه‌ره‌بی سوننه‌ و شیعه‌ بۆ هه‌ڵبژارن و حکومه‌تی داهاتوو ده‌ست بخه‌نه‌ ناوده‌ستی یه‌ک، ئه‌ وا کورد ده‌بیت له‌ دووره‌وه‌ سه‌یری پۆسته‌

سه‌رۆکایه‌تیه‌کان و وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌کان بکات.شۆڤێنی عه‌ره‌ب سوننه‌ بێت یان شیعه‌، ئه‌وا

له‌به‌رامبه‌ر خواست و ویسته‌کانی کورددا یه‌ک شته‌و کێشه‌ ئایینزا(مذهب) کانیان ده‌خه‌نه‌ لاوه‌، چه‌نده‌ بتوانن  ئه‌وه‌نده‌ دژایه‌تی کورد ده‌که‌ن.

 

تێبینی/ له‌هه‌ندێک شوێندا پیتی ض نوسراوه‌( نموونه‌ محافضة)، که‌له‌کاتێکدا ده‌بوو به‌ پیتێکی تر بنووسرێت. دیاره‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ پرۆگرامه‌که‌ی من ئه‌و پیته‌ی تێدا نییه‌. واته‌

 

په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ڵه‌ی نووسین و ڕێزمانه‌وه‌ نییه‌.

ڕزگار گوڵه‌باخ/ به‌رلین