چاكه‌ی به‌ریتانیا ده‌ده‌نه‌وه‌. . . مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی

 

به‌بی ئه‌وه‌ی قاعیده‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له‌ هێرشه‌كانی ئه‌مرۆ (7/7/2005) ی شاری له‌نده‌ن رابگه‌یه‌نێت هه‌موو ده‌مانزانی كی ئه‌م كارانه‌ ده‌كات!. ئه‌وانه‌ كاری جوله‌كه‌كان یان مه‌سیح و بوزی و ته‌نانه‌ت كاری ئاگرپه‌رست و شه‌یتان په‌رسته‌كانی نیشته‌جێی به‌ریتانیا نین. ئه‌وانه‌ی شاری له‌نده‌نیان خه‌ڵتانی خوێن كرد موسڵمانن. به‌ڵام له‌به‌رچاوی من و خه‌ڵكی كوردستان و له‌وانه‌شه‌ له‌لای حزبه‌ ئیسلامیه‌كانی دنیا ئه‌وانه‌ی ته‌قینه‌وه‌ و كوشتاره‌كانی شاری له‌نده‌نیان ئه‌نجامدا. موسڵمان نین. هیچ شتێكیش له‌ ئاین (هه‌ر ئاینێك) تێنه‌گه‌یشتوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من دڵنیام زۆربه‌ی زۆری موسڵمانان ئه‌وانه‌ی له‌ وڵاتانی غه‌یره‌ ئیسلامیدا و به‌تایبه‌تیش له‌ به‌ریتانیا ده‌ژین. له‌و كاره‌ تیرۆرستی و تێكده‌رانه‌ نیگه‌رانن و له‌وانه‌یه‌ راده‌ی ئیحراج بونیان گه‌یشتبێته‌ (شه‌رم له‌خۆكردن) . چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ ناوچه‌ی (ئجۆرود) ی له‌نده‌ندا به‌ ته‌واوی ئازادی پیاسه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌ مزگه‌وته‌كانی له‌نده‌ن و (بیرمینگهام) و مانچسته‌ر و شاره‌كانی دیكه‌ی به‌ریتانیا نوێژ و عیباده‌ت ده‌كه‌ن و هه‌ندی جاریش حزبایه‌تی ده‌كه‌ن.

زۆر باش ده‌زانن كه‌ ئه‌وان له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانی خۆیاندا نه‌یانتوانیوه‌ بژین و له‌پێناو ئازادی و كه‌رامه‌ت و بژێوی ژیان و زانست و هه‌ندی جاریش له‌پێناوی حزبایه‌تیدا په‌نایان بۆ (سه‌لیبی و خاچپه‌رسته‌كان) بردوه‌ و مانه‌وه‌شیان له‌وی مانای وایه‌ ئه‌و خاكه‌ی ئه‌وانی له‌سه‌ر ده‌ژین زۆر له‌و خاكه‌ پیرۆزتره‌ كه‌ ده‌یان ملێۆن موسڵمانی له‌سه‌ر ده‌ژی و به‌ناو وڵاتی ئیسلامین. مانه‌وه‌ی موسڵمانانی ئه‌وروپا و ئه‌مریكا له‌ژێر سایه‌ و یاسای رژێمه‌ (عه‌لمانی و كافره‌كان) ی ئه‌و كیشوه‌رانه‌دا و ره‌تكردنه‌وه‌ی بیرۆكه‌ی گه‌رانه‌وه‌ بۆ وڵاتانی خۆیان. مانای ئه‌وه‌یه‌ رِێنمایی و فه‌توای هه‌ر قه‌شه‌یه‌كی كه‌نیسه‌كانی له‌نده‌ن. له‌ فه‌توا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌كانی ناو وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانی دنیا و به‌تایبه‌تیش له‌ فه‌توا بێسه‌روبه‌ره‌كانی قه‌ره‌زاوی و تورابی و ته‌نتاوی و زه‌رقاوی و زه‌واهیری و سیستانی و حارس ئه‌لزاری و خامه‌نه‌یی كه‌ به‌ ته‌سادوف هه‌مویان به‌ حه‌رفی (ی) ته‌واو ده‌بن. زۆر كاریگه‌ر و حه‌كیمانه‌تره‌. یان له‌وانه‌یه‌ ئه‌م ته‌قینه‌وانه‌ی له‌نده‌ن وه‌ك دانه‌وه‌ی چاكه‌ی حكومه‌تی به‌ریتانیا بێت كه‌ برِیاریدابوو سه‌دان پۆلیسی موسڵمانی نیشته‌جێی به‌ریتانیا له‌ ریزه‌كانی پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌دا دابمه‌زرێنێت تا پردی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ موسڵمانانی دنیادا ببه‌ستێت.

عه‌مرو موسا ی ئاغای عه‌ره‌به‌كان دوای ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مرۆی له‌نده‌ن له‌به‌رده‌م كامێره‌ی رۆژنامه‌نوساندا ده‌ركه‌وت و وامزانی به‌ناوی هه‌موو موسڵمانانی جامیعه‌كه‌یه‌وه‌ (جامیعه‌ی عه‌ره‌بی) داوای لێبوردن له‌ گه‌ل و حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌كات. كه‌ هه‌موو یان زۆربه‌ی وڵاته‌كانی عه‌ره‌ب به‌بی زانست و ته‌كنه‌لۆژیا و سوپا و عه‌قڵی به‌ریتانیا. ته‌نیا حوشتر و حوشترالوك و عه‌گال و. . . . نه‌بی ئێستاش شتێكیان نیه‌ شانازی پێوه‌ بكه‌ن. كه‌چی ئه‌و ئه‌فه‌ندیه‌ ده‌ڵێت:ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی مه‌ده‌نی پێوه‌بوبێت ئه‌وا جێگای ئه‌سه‌فه‌!!. له‌وانه‌یه‌ موسا پێی وابێت له‌نده‌نیش وه‌كو فه‌للوجه‌ وابێت و ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌و كاره‌ تیرۆرستیه‌ی له‌نده‌ن بوونه‌قوربانی مارینز یان كۆماندۆ بووبن. ئه‌و كابرایه‌ كه‌ئێستا نوێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌ب ده‌كات و ده‌یه‌وێت عێراقیش به‌شێك بێت له‌ نیشتمانی عه‌ره‌بی. پێی وایه‌ هه‌ر كه‌سێك جلی غه‌یره‌ مه‌ده‌نی له‌به‌ردابوو ئه‌وه‌ خوێنی حه‌ڵاڵه‌ و (قاعیده‌كه‌) ی عه‌ره‌ب و ئیسلام ده‌توانن بیكه‌نه‌ ئامانجی خۆیان. ره‌نگه‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ كاردانه‌وه‌ی ئه‌وروپی چاوه‌رِواننه‌كراوی لێبكه‌وێته‌وه‌ و ئه‌و پردانه‌ش برِوخێت كه‌ ئه‌وروپا له‌نێوان خۆی و جیهانی ئیسلامدا دروستی كردوه‌ و به‌بی ئه‌و پردانه‌ش نه‌ عه‌ره‌ب و نه‌ سستمه‌ ئیسلامیه‌كان ناتوانن یه‌ك هه‌نگاو برِۆنه‌ پێشه‌وه‌ و به‌بی ئه‌وروپا ته‌نانه‌ت عیباده‌تیشیان پێناكری.

من لێره‌وه‌ داوا له‌ هه‌ر عه‌ره‌بێك ده‌كه‌م كه‌ شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌كات خوای گه‌وره‌ قورئانی به‌زمانی ئه‌وان بۆ پێغه‌مبه‌ری مه‌زن ناردوه‌ و داواش له‌هه‌موو موسڵمانه‌ غه‌یره‌ عه‌ره‌بیه‌كانیش ده‌كه‌م له‌پێناو پاراستنی عاره‌قی ناوچاوانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی موسڵمانان كه‌ له‌به‌ریتانیا ده‌ژین و (برایه‌كی بچوكی منیشیان تێدایه‌) . به‌ده‌نگی به‌رز و به‌بی ترس و دوودڵی داوای لێبوردن له‌كه‌سوكاری قوربانیانی كاره‌تیرۆرستیه‌كانی 7/7/2005ی له‌نده‌ن بكه‌ن و داوای لێبوردنیش له‌ گه‌لی به‌ریتانیا بكه‌ن و به‌ڵێنیش به‌و گه‌له‌ لێبورده‌ و مرۆڤدۆسته‌ بده‌ن كه‌ له‌هه‌رشوێنێك هه‌ستیان به‌ جموجوڵی تیرۆرستانی (هاوئاینی خۆیان) كرد ئه‌وا هه‌ر یه‌كێكیان ببنه‌ (سكۆتلاندیارد) .

تێبینی: من هه‌رگیز ئه‌وروپام نه‌دیوه‌ و خوازیاریش نابم جگه‌ له‌ كوردستان له‌ هیچ جێگایه‌كی دیكه‌ی جیهان بژیم.