به‌رِێز پارێزگاری هه‌ولێر ... ناوه‌ندی چاک

 

به‌گوێره‌ی ئه‌و نوسینانه‌ی له‌ سایدی كوردستان نێت بڵاوبۆته‌وه‌. له‌سه‌ر زاری كه‌س و كاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كانه‌وه‌. گوایه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌تان به‌ جه‌لالی داوه‌ته‌ قه‌ڵه‌م كه‌ داوای لادانی نه‌به‌ز كورِی عه‌قید حه‌میدیان كردووه‌ له‌ قایمقامی بنه‌سه‌ڵاوه‌. ئه‌مه‌ قێزه‌ونترین تاوانه‌ ده‌درێته‌ پاڵ كه‌س و لایه‌نه‌كان.

به‌رِێزم له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئێمه‌ جه‌لالی بوون به‌ تاوان نازانیین كه‌ ئه‌مرِۆ هاوپه‌یمانی ئێوه‌ن. سه‌رباری ئه‌وه‌ش نه‌ سایدێكی جه‌ماوه‌ری وه‌ك كوردستان نێت و ده‌نگه‌كان و نه‌ ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ش دورو نزیك پاشكۆی هیچ لایه‌نێكی سیاسی كوردستانی نیین. پێمان سه‌یره‌ بۆ وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ به‌ داخوازی جه‌ماوه‌ر له‌م جۆره‌ به‌هانانه‌ كه‌ڵك وه‌رده‌گرن؟. گریمان ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ جه‌لالیش بن. ئایا داخوازه‌كانییان رِه‌وا نییه‌؟ ئایا ئه‌و پێشمه‌رگه‌ تێكۆشه‌رانه‌ی ئه‌نفالكران. رِژێم سه‌یری لایه‌نه‌كانیانی كرد كه‌ شه‌هیدانی كرد؟. ئایا له‌ كاره‌ساتی ئه‌نفالدا ده‌یان هه‌زار ینك و پدك و شیوعی و سۆسیالست و پاسۆك بێ جیاوازی به‌ره‌و رِوی یه‌ك چاره‌نوس نه‌بوونه‌وه‌؟ خوێنییان له‌ بیابانه‌كاندا تێكه‌ڵ به‌یه‌ك نه‌بوو؟. ئه‌ی بۆ ئێستا پێكه‌وه‌ وه‌فادار نابن به‌رامبه‌ر به‌و قوربانیانه‌. له‌ گۆرِیشدا ئازاریان ده‌ده‌ن؟جه‌لاده‌كانییان ده‌كه‌ن به‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌ سه‌ریانه‌وه‌.

ئێمه‌ به‌ نه‌نگی ده‌زانیین له‌هه‌ولێرێكدا به‌شاری هۆلاكۆ به‌زێن به‌ ناوبانگه‌ و خاوه‌ند ده‌یان هه‌زار شه‌هیدی قاره‌مانه‌. گوایه‌ یاساغه‌ ئاڵای ئه‌نفال بێته‌ ناوییه‌وه‌. كه‌چی ئه‌نفالچی و فایلچی ده‌سه‌ڵاتدار بن تیایدا. ئه‌مه‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی كوردستانه‌.

ده‌بێت به‌عس له‌ كوردستاندا رِیشه‌كێش بكرێت.

داواتان لێده‌كه‌ین وه‌ڵام به‌ داخوازی كه‌س و كاری قوربانیان بده‌نه‌وه‌. ده‌نا مێژوو رِه‌حم به‌ هیچ لایه‌ن و كه‌سێك ناكات.

ئه‌گه‌ر تا ئێستا هیچتان بۆ كه‌س و كاری ئه‌نفاله‌كان نه‌كردووه‌. ئازاریشیان مه‌ده‌ن.

ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ دژ به‌ ئه‌نفال و جینۆسایدی گه‌لی كوردستان-چاك

www. chak. info

chak_org@yahoo. com