به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی نا بۆ پێكه‌وه‌ ژیان.... مه‌لا جه‌عفه‌ر گوانی

 

J_gwani2005@yahoo. com

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌ عێراقدا سه‌رباری ئه‌و هه‌موو رابردووه‌ پرِ له‌ خوێن و ژاره‌ی له‌ چه‌نده‌ها ساڵانی رابردوو به‌سه‌ر گه‌لی كورددا هات. دوای ئه‌وه‌ی عێراق ئازاد كرا. دایكی شه‌هیده‌كان خه‌نده‌یان هاته‌ سه‌ر لێوان و. ئافره‌ته‌ مێرد كوژراوه‌كان لێوی به‌باریان ته‌رِ ده‌بۆوه‌. منداڵه‌ هه‌تیوه‌كان خه‌ریك بوو پێده‌كه‌نین. باوكه‌ جه‌رگ سووتاوه‌كان ئومێدیان بۆ ژیان ده‌گه‌رِاوه‌. ئاخر ناهه‌ق نه‌بوون. چونكه‌ ئه‌وان وا تێده‌گه‌یشتن تازه‌ سه‌دام و رژێمه‌كه‌ی نه‌ما و. ئه‌و برا عه‌ره‌بانه‌ی له‌گه‌ڵ كورد له‌ سه‌ڵاحه‌دین قاورمه‌یان ده‌خوارد ده‌ستیان له‌ نێو ده‌ستی ئێمه‌ ده‌نێن و به‌ ته‌واوی مافه‌كانمان ده‌گه‌ین و. به‌رهه‌می خوێنی ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزانه‌ به‌لاش و به‌ هه‌ده‌ر نه‌رِۆیشت و تازه‌ تازه‌ پێكه‌وه‌ له‌ عێراقی ئازادكراو ده‌ژین. وه‌لی به‌ داخه‌وه‌ بۆچوونه‌كانمان هه‌ڵه‌ بوون. نه‌مانده‌زانی ئه‌و جه‌عفره‌ییه‌ی له‌ وێنه‌ی په‌رِله‌مان له‌ دوای سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌رِۆیشت له‌ عه‌ره‌بستان جێی حه‌وانه‌وه‌ی نه‌ بوو. داته‌ كوردستان ده‌ژیا. نه‌مان ده‌زانی خۆی ده‌بێته‌ سه‌ددام و هه‌مان ئه‌و نه‌خشه‌ی به‌عس دای رِشت كاری جددی تری بۆ ده‌كات. نه‌مان ده‌زانی سه‌فاراتی عه‌ره‌بی ده‌كاته‌وه‌ له‌ دژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌. نه‌مان ده‌زانی هه‌مان سه‌ددامه‌ بۆ ته‌عریبی كه‌ركوك برِیار ده‌دات و ناشهێڵێت ئاواره‌ ده‌ركراو و لێقه‌وماوه‌كان بچنه‌وه‌ كه‌ركوك. سوێند بۆ فیدرِالیه‌تی عێراق ناخوات. ئیدی ئه‌و ئومێده‌ی له‌ سه‌ره‌تای ئازادی عێراق هه‌مان بوو هێدی هێدی وا كز ده‌بێت و ده‌ڵێین: نه‌خێر ئه‌وانه‌ هه‌مویان سه‌ددامن. ئه‌وانه‌ نایانه‌وێت وه‌ك برا كورد و عه‌ره‌ب پێكه‌وه‌ بژین. بۆیه‌ خه‌ریكه‌ گه‌لی كوردستان به‌تایبه‌تیش لاوه‌كان ده‌گه‌نه‌ ئه‌و برٍِوایه‌ی بڵێن: (العرب مله‌‌ واحده‌) هه‌موو عه‌ره‌به‌كان وه‌كو یه‌كن. خۆ ناهه‌قیش نین ئاوا بڵێن ئاخا ئه‌وه‌ جه‌عفه‌ری شێخی عه‌ره‌بانه‌. هه‌مان بیر و راش له‌ هزری ئه‌وانی دیكه‌ دایه‌ به‌ڵام نازانم كه‌ی ده‌یدركێنن. بۆیه‌ ئێستا كورد گه‌یشتۆته‌ ئه‌و برِوایه‌ی تازه‌ مه‌حاڵه‌ پێكه‌وه‌ بژین. بۆیه‌ زمانی حاڵی كورده‌ سته‌م لێكراوه‌كان روو ده‌كاته‌ سه‌ركرده‌كان و ده‌ڵێت: ئێوه‌ كه‌ نوێنه‌ری ئێمه‌ن. باش ده‌زانن جه‌سته‌مان پرِه‌ له‌ بیرن ئه‌و برینانه‌ش ته‌نها به‌ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردستان سارِێژ ده‌بێت. نه‌ك به‌و برایه‌تییه‌ی كه‌ عه‌ره‌ب نایه‌وێت و كورد خۆی پێیه‌وه‌ هه‌ڵپه‌ساردووه‌. به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و نا بۆ پێكه‌وه‌ژیانی به‌ خورتی. ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش ئێمه‌تان ده‌وێت ده‌بێت هه‌مووتان بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌نه‌وه‌.