ڕاگه‌یه‌ندراوی ژماره 8 ... كومیته‌ی په‌نابه‌رانی مانگرتوو

 

 وێڕای تێپه‌ڕینی 34 ڕۆژ له ده‌ستپێكردنی مانگرتنی په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی له توركیه و سه‌ره‌ڕای زۆر بوونی ژماره‌یان بۆ 42 كه‌س دیسانه‌وه‌ش كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتنه‌كان درێژه به سیاسه‌تی پێشووی خۆی له به‌رامبه‌ر چاره نووسی1200 په‌نابه‌ری كوردی ئێرانی ئه‌دات و تا ئێستاش بێجگه له دووپاتكردنه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌ پووچ. به‌تاڵه‌كانی ڕابردوو له مه‌ڕ خه‌ریك بوونیان به كارو باری ناردنی په‌نابه‌ران بۆ وڵاتی سێ‌هه‌م هیچ شتێكی تازه‌یان پێ نیه!

 له ڕۆژه‌كانی دووشه‌مۆ و سێ‌شه‌مۆ 4 و 5/07/2005 گرووپێكی 22 كه‌سی له‌م په‌نابه‌رانه له شاره‌كانی "قاره‌مان"و " ئه‌سكی‌شه‌هیر" وێڕای درێژه‌ی مانه‌كه‌یان چوونه ئانكارای پێته‌خت و له ده‌فته‌ری مافی مرۆڤ (ئێنسان هه‌قله‌ری) له‌و شاره دا بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی خۆیان مانیان گرتووه و داوایان له به‌رپرسانی ئه‌و ڕێكخراوه‌یه كردوه بۆ یارمه‌تی دانیان له مه‌ڕ كوتایی‌ هاتن به بارو دۆخی دژوار و ئه‌سته‌میان!

 پاش په‌یوه‌ندی و سه‌ردانه‌كانی به‌رپرسانی مافی مرۆڤ بۆ UNHCR به‌رپرسانی ئه‌و كومیساریا سه‌ردانی په‌نابه‌رانی كرد و كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان به به‌شداری نوێنه‌ر و به‌رپرسانی مافی مرۆڤ بۆ په‌نابه‌ران پێك هێنا.

 به‌ر پرسانی UNHCR دیسانه‌وه وه‌كو چوار ساڵی ڕابردوو وێڕای شی‌كردنه‌وه و دان پێدانان به بارو دۆخی ناله‌باری 1200 په‌نابه‌ری كوردی ئێرانی له توركیه به‌ڵێنه‌كانی ڕابردووی سه‌باره‌ت به‌ چوونه‌ پێشی كاره‌كانیان و خه‌ریك بوونی ئه‌وان بۆ ڕاگواستنی ئه‌و كوردانه دووپات كرده‌وه له به‌رامبه‌ردا په‌نابه‌ران ئه‌و قسه‌و به‌ڵێنانه‌یان به درۆ خسته‌وه وبه‌ بێ واتا دانرا. به‌رپرسانی ده‌فته‌ری كومیساریای په‌نابه‌ران هه‌ڕه‌شه‌ی دیپورت بوونه‌وه یان ده‌ركه‌وتنی كوسپ له سه‌ر ڕێگای چوونیان بۆ وڵاتی سێ‌هه‌می له مانگرتووان دووپات كرده‌وه و مانگرتووان به ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ی بریاری خۆیان بۆ ئه‌و شێوه‌ ناڕه‌زایی ده‌ربڕینه ی گرتوویانه‌ته پێش داوایان له UNHCR كرد به خێرایی هه‌وڵی ڕاگواستنیان بۆ وڵاتی سێ‌هه‌م بدات و له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا یارمه‌تی باشتر بوونی باری ژیانیان بدات!

 له كوتایی‌دا به‌رپرسانی كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران داوایان له به‌رپرسانی مافی مرۆڤ كرد یارمه‌تی‌یان بده‌ن بۆ ئه‌ویه ده‌وڵه‌تی توركیه ڕازی كه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی ڕێگای بردنه‌ ده‌ری ئه‌و په‌نابه‌رانه به‌ره‌و وڵاتی سێ‌هه‌م!؟

پێویسته بگوترێ پاش ؛ۆبوونه‌وه‌كه به‌رپرسانی نۆۆسینگه‌ی مافی مرۆڤ له ئانكارا به په‌نابه‌رانیان ڕاگه‌یاند كه له‌وه زیاتر ناتوانن له باره‌گای خۆیاندا ڕایانگرن! ئه‌ورۆ چوار شه‌مۆ مانگرتووان له ئانكاراوه گه‌ڕانه‌وه شاره‌كانیان.

 هه‌روه‌ها له شاری "وان" دا پولیس بۆ جارێكی دیكه هێرشی كرده سه‌ر په‌نابه‌رانی مانگرتوو له به‌ر ده‌ركی نووسینگه‌ی UNHCR و پاش سووكایه‌تی بڵاوه‌یان پێ كردن. كومیته‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه بۆ ڕاگه‌یاندنی بارو دۆخه‌كه سه‌ردانی پارته‌ توركه‌كانی نێو ئه‌و شاره‌یان كرد و داوای پشتگریان لێكردن! هه‌ر وه‌ها لێژنه‌یه‌ك له لایه‌ن حیزبی ماف و ئازادی یه‌وه بۆ وتووێژ له سه‌ر بارودۆخی په‌نابه‌رانی مانگرتوو سه‌ردانی نووسینگه‌ی كومیساریای په‌نابه‌رانی له شاری وان كرد و به‌رپرسانی ئه‌و ئیداره‌یه داوایان لێكردوون بۆ یارمه‌تی ‌له بۆاری وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی گوازتنه‌وه‌یان بو وڵاتی سی‌هه‌م و له باری كو‌مه‌كی ماڵی‌یه‌وه داوا له ژنێف كراوه بۆ دابین كردنی!؟

 به ڕوون بوونه‌وه‌ی زیاتری هه‌ڵویستی UNHCR و ده‌وڵه‌تی توركیه. مانگرتووان داوا له هه‌موو ڕێكخراو و كۆڕ وكۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كان ده‌كه‌ینه‌وه بێن به هانامانه‌وه و به گوشار خستنه سه‌ری هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌یان ڕێگای ڕزگاریمان له‌م بارو دۆخه بۆ بكه‌نه‌وه!

06/07/2005

كومیته‌ی په‌نابه‌رانی مانگرتوو