بـانـگه‌واز

 

با هه‌موو به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌نگی مه‌زلوومیه‌تی 1200 په‌نابه‌ری كورد له‌ توركیه‌ به‌ گوی دونیا بگه‌یه‌نین

 

حیزب و رێكخراوه‌ كوردستانیه‌كان!

كۆر و كۆمه‌ڵه‌ به‌شه‌ردۆست و هه‌ڵسوراوانی مافی مرۆڤــــ!

كۆمه‌ڵه‌ كوردی و كه‌لتووری و رۆشنبیریه‌كان له‌ وڵاتانی جیهان!

سه‌رئه‌نجام دوای چه‌ندین ئاگاداری و رِاگه‌یاندراو له‌ مه‌ر ناله‌باری رِه‌وشی په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی خوشك و برایانی دڵسۆز و نیشتمانپه‌روه‌ر. بۆ هاوپشتی و پشتیوانی له‌و په‌نابه‌رانه‌ و بۆ نارِه‌زایی و ئیعتراز به‌ سیاسه‌ته‌كانی UNHCR سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وان. ده‌ست به‌ خۆپێشاندانی هێمنانه‌ بۆ به‌ر ده‌رگای كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌رانی له‌ ژنێڤ و بۆ نوسینگه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و رێكخراوه‌ و سه‌فاره‌ته‌كانی توركیه‌ له‌ پیته‌ختی وڵاتانی دیكه‌ی ئوروپایی ده‌كه‌ن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ وڵاتی سویسرا له‌ 08/07/2005 ده‌چنه‌ شاری ژنێڤ و له‌وی خۆپێشاندان ساز ده‌كه‌ن. به‌ڵام تا ئێستا رێكه‌وتی كۆبوونه‌وه‌ی دڵسۆزانی دیكه‌ رِوون نیه‌.

ئێمه‌ جارێكی دیكه‌ داوا له‌ هه‌موو هاونیشتمانمان له‌ هه‌ر جێگایه‌ك كه‌ هه‌ن ده‌كه‌ین. بۆ هاوده‌نگی كردن و هاوپشتیوانی له‌ په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی ده‌نگی خۆیان بخه‌نه‌ پاڵ ده‌نگی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی كه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ له‌ ئوروپا خۆپێشاندان ساز ده‌كه‌ن. تا به‌ڵكو به‌ هیمه‌تی هه‌موو لایه‌ك كارێك بكری بۆ ئه‌وه‌ی 1200 كوردی ئاواره‌ له‌و چاره‌نووسه‌ نادیاره‌ رزگاریان بێت. به‌شێكی به‌رچاو له‌و 1200 كه‌سه‌ ژن و منداڵ و كیژ و كوری تازه‌ پێگه‌یشتوون كه‌ ماوه‌ی چوار ساڵه‌ له‌ خوێندن و پێگه‌یشتن و هه‌موو ئیمكاناتی ژیانی ئه‌مرۆ بی به‌شن و ته‌نانه‌ت خه‌ریكه‌ بی تاوانانه‌ له‌ ناو فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوورێكی نه‌شیاو دا به‌ بی ده‌سه‌ڵاتی ده‌توێنه‌وه‌.

پێویسته‌ به‌ ئاگاداری هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نین كه‌ بۆ فشار خستنه‌سه‌ر كومیساریای باڵای په‌نابه‌ران له‌ توركیه‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ حه‌ره‌كه‌تی ئیعتیرازی له‌ ئوروپا. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ له‌ شاره‌كانی ئیكسی شه‌هیر و قاره‌مان مانیان گرتووه‌. چوونه‌ به‌رده‌رگای رێكخراوی مافی مرۆڤـــــ له‌ ئه‌نكارا و بریاره‌ ئه‌مرۆ 05/07/2005 كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان مانگرتووان. رێكخراوی مافی مرۆڤــــ (ئه‌نكارا) . وه‌زاره‌تی ناوخۆی توركیه‌ و كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران دا پێك بێت. ئێمه‌ له‌ نه‌تیجه‌ی ئه‌م دانیشتنه‌ پاشان هه‌موو لایه‌ك ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌.

ویست و داخوازیه‌كانی په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی ناسراو به‌ شیمالی عێراق له‌ توركیه‌ بریتین له‌:

1. جی به‌ جی كردنی به‌ په‌له‌ی به‌نده‌كانی یاسای 1951 ژنێڤی كومیساریای به‌رزی په‌نابه‌ران UNHCR.

2. گواستنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بۆ وڵاتی سیهه‌م. كه‌ هه‌موویان وه‌كو په‌نابه‌ری سیاسی له‌ لایه‌نUNHCRه‌وه‌ وه‌رگیراون.

3. گۆرینی یاسای 5683ی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ توریزم و گه‌ش و گوزار. كه‌ به‌ هاوكاری نێوان UNHCR و ده‌وڵه‌تی توركیه‌ به‌ سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دا سه‌پاوه‌.

تكایه‌ بۆ رێكخستنی رێپێوانه‌كانی وڵاتان په‌یونده‌ی بكه‌ن به‌م ژماره‌ ته‌له‌فۆنانه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌ری خۆپێشاندانه‌كان په‌یوه‌ندی بگرن:

كومیته‌ی پیشتوانی له‌ په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی له‌ توركیا/ سویسرا 92 65 34 15 7 0041

كومیته‌ی پیشتوانی له‌ په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی له‌ توركیا/ سـوێـــد 413 00 76 73 0046

كومیته‌ی پیشتوانی له‌ په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی له‌ توركیا/ ئالــمان 50 65 40 34 17 0049

پێشه‌كی سوپاسی ماندوو بوونی هه‌موو لایه‌كتان ده‌كه‌ین.

كومیته‌ی په‌نابه‌رانی كوردی ئێرانی له‌ توركیه‌

05/07/2005

توركیه‌

ienirefugee@gmail. com