ئاسته‌نگه‌كانی یه‌كگرتنه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌رِاندنه‌وه‌ی كه‌ركوك. . به‌ره‌وكوێمان ده‌بات؟!. مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی

 

ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش له‌ یه‌كێك له‌ نوسینه‌كانمدا یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم به‌ (وه‌هم) له‌قه‌ڵه‌مدا. له‌ سه‌ردانێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانیش بۆ سه‌ڵاحه‌دین به‌رِێز نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی گوت ئێمه‌ له‌رِوی پره‌نسیپه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتی رِێككه‌وتوین كه‌ ده‌بی هه‌ردو حكومه‌ت یه‌ك بخرێته‌وه‌ به‌ڵام ئالیه‌تی ده‌وێت چونكه‌ یه‌كخستنی دو وه‌زاره‌تیش زه‌حمه‌ته‌ نه‌ك دو حكومه‌ت. لێره‌دا كاك نه‌وشیروان راست ده‌كات و هیچ گومانم له‌ بۆچونه‌كه‌ی نیه‌. كاك نێچیرڤان بارزانیش ئه‌و خیڵافاتانه‌ی كه‌له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا سه‌باره‌ت یه‌كگرتنه‌وه‌ و یه‌ك ئیداره‌یی هه‌یه‌ به‌ شتێكی ئاسایی ده‌زانێت و ده‌ڵێت ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا. له‌لێدوانێكیشیدا گوتی (یه‌كگرتوی ئیسڵامی كوردستان) مافی خۆیانه‌ نیگه‌ران بن كه‌ ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن و هاوپه‌یمانیه‌تیان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی وه‌رنه‌گرتوه‌ و مام جه‌ڵالیش له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا پشتگیری لێدوانه‌كه‌ی كاك نێچیروان بارزانی كرد و داوای له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرد قه‌ره‌بوی ئه‌و (ناحه‌قی) یه‌ بۆ برا ئیسڵامیه‌كانی كوردستان بكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا لێیان كراوه‌.

من له‌لێدوانه‌كانی دواییه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كه‌م و به‌ مام جه‌ڵال و كاك نێچیروان بارزانی ده‌ڵێم: كی ناحه‌قی به‌رامبه‌ر قه‌باره‌ و قورسایی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵی ئیسڵامی كردوه‌؟! به‌ته‌ئكید له‌سه‌ر داوای ئێمه‌ نه‌بووه‌ و خۆتان برِیارتان داوه‌ له‌ به‌غدا هیچیان نه‌ده‌نی و ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی (چاوه‌رِوانكراو) یشدا ناحه‌قیان به‌رامبه‌ر بكرێت ئه‌وا هه‌ر سه‌ركردایه‌تی پارتی و یه‌كێتی به‌رپرسیاره‌. ئیتر من نازانم بۆچی ئه‌و لێدوانانه‌ بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و خه‌ڵكی كوردستان ده‌ده‌ن؟! له‌راستیدا ئێمه‌ گرنگ نیه‌ له‌ڵامان چ پۆستێك و چه‌ند وه‌زاره‌ت به‌ حزب و ڵایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ده‌ده‌ن. چونكه‌ ئه‌زموونی به‌شداریكردنی ئه‌و حزبانه‌مان له‌ هه‌ردو ئیداره‌ی هه‌ولێر و سلێمانی هه‌یه‌و شتێكی جیاوازمان له‌و پۆستانه‌دا نه‌دی كه‌ جێگای دڵخۆشی بێت و ته‌نها له‌بۆنه‌كاندا ریزی پێشه‌وه‌ی كورسیه‌كانیان پی پرِ ده‌كردنه‌وه‌ تا پێمان بڵێن حكومه‌ته‌كانمان (ئیئتیڵافی) یه‌. .

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كه‌ی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ سه‌ڵاحه‌دین هه‌روه‌ك پێشتر ئاماژه‌م بۆكرد من ته‌ئیدی ده‌كه‌م و باش ده‌زانم كه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی كوردستان كارێكی ئاسان نیه‌. به‌ڵام كاك نه‌وشیروان هه‌روه‌ك به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی. ئاماده‌نه‌بوو به‌ خه‌ڵكی كوردستان بڵێ بۆچی یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئیداره‌یه‌ زه‌حمه‌ته‌؟. له‌به‌ر ئه‌وه‌ من له‌جیاتی كاك نه‌وشیروان و سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتتدار پێتان ده‌ڵێم بۆچی یه‌كگرتنه‌وه‌ زه‌حمه‌ته‌. .

*هیچ كام له‌به‌رپرسانی ئه‌و دوو حزبه‌ ئاماده‌نین ته‌نازول له‌ پۆسته‌كانی خۆیان بكه‌ن.

*پارتی و یه‌كێتی نازانن چۆن له‌و هه‌موو (به‌رِێوه‌به‌ری گشتی و راوێژكار و خه‌بیر) ه‌ خۆیان قوتار بكه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای حزبایه‌تی و خزمایه‌تی دایانمه‌زراندوون.

*سه‌ركردایه‌تی ئه‌و دوو حزبه‌ نایانه‌وێت دان به‌و هه‌ڵه‌یه‌دا بنێن كه‌ دامه‌زراندنی به‌لێشاو و بێ پڵان. بووه‌ته‌ هۆی هه‌ڵایسان و گه‌نده‌ڵی له‌زۆربه‌ی دام و ده‌زگاكانی هه‌ردوو ئیداره‌دا.

*ملمڵانێی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان یه‌كێتی و پارتیدا له‌ ئاستێكدایه‌ كه‌ دوای ئه‌و هه‌موو كۆبوونه‌وه‌ و ئاڵوگۆرِی سه‌ردانه‌ له‌نێوان سه‌ڵاحه‌دین و دوكاندا هێشتا ئه‌وه‌نده‌ متمانه‌یان به‌یه‌كتر ڵاوازه‌ كه‌ له‌ بچوكترین مه‌سه‌له‌دا ده‌بی بگه‌رِێنه‌وه‌ بۆ كاك مه‌سعود و مام جه‌ڵال و له‌وانه‌شه‌ ئه‌م دوودڵیه‌ دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك بارزانی به‌سه‌رۆكی كوردستان هه‌ر به‌رده‌وام بێت.

*كێشه‌ی دارایی و كۆنترۆڵكردنی بارودۆخی ئابووری به‌جۆرێك ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتوون دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ش هه‌ر ئه‌م ڵایه‌نه‌ تێكه‌ڵاو نه‌كرێت. كه‌واته‌ دوای یه‌كگرتنه‌وه‌ش ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی ئێستا له‌ دام و ده‌زگاكانی هه‌ردوڵادا هه‌یه‌ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

*زۆربه‌ی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندانی هه‌ردوو ئیداره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌زكیه‌ی حزبی و خزمایه‌تی دامه‌زراون و هه‌ندێكیشیان وابیرده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ مانای له‌ده‌ستدانی كار و داهاته‌كانیانه‌ یان به‌ڵای كه‌مه‌وه‌ فه‌رامۆشكردنیانه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌تا پێیان بكری وه‌سفێكی خراپ و دیمه‌نێكی ناشرینی یه‌كگرتنه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ پێش چاوی سه‌ركردایه‌تی سیاسی هه‌ردوو حزب.

*هه‌تائێستا به‌دیلی په‌نجا به‌ په‌نجا له‌ڵای یه‌كێتی و پارتی دروست نه‌بووه‌ و به‌رپرسانی ئه‌و دوحزبه‌ فێر نه‌بوون له‌سه‌ر بنه‌مای دامه‌زراوه‌یی و به‌رِێوه‌بردنی شارستانیانه‌ پۆسته‌ ئیداریه‌كان به‌رِێوه‌ ببه‌ن و هاجسی هه‌ڵبژاردن و بردنه‌وه‌ و دۆرِاندن باڵی به‌سه‌ر هه‌موو بیركردنه‌وه‌ و برِیارێكی به‌رپرسانی هه‌ردوو حزبدا كێشاوه‌.

ئه‌مانه‌و چه‌ندین خاڵی دیكه‌ هۆكاری زه‌حمه‌ت بوونی یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كانن و ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ی ئه‌م وه‌زعه‌ نه‌كات ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ زیانه‌كانی له‌ سووده‌كانی زیاتر بێت.

هه‌ندێك ده‌ڵێن مه‌سه‌له‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ كاریگه‌ریه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك نابێت چونكه‌ كورد له‌ كه‌ركوك و مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا یه‌ك ده‌نگه‌. به‌ڵام من ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه‌ به‌ درووست نازانم و پێم وایه‌ جه‌عفه‌ری گره‌و له‌سه‌ر دوو ئیداره‌یی و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان ده‌كات. جه‌عفه‌ری زۆرباش ده‌زانێت دووئیداره‌یی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و نه‌بوونی متمانه‌ له‌نێوان پارتی و یه‌كێتیدا. وایكردوه‌ كه‌ پڵانێكی نه‌ته‌وه‌یی و كوردستانی هاوبه‌ش و تۆكمه‌ نییه‌ بۆ ئه‌گه‌ری پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی جه‌عفه‌ری و شیعه‌كان له‌ جێبه‌جیكردنی ماده‌ی 58 و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ سستمی سیاسی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌. جه‌عفه‌ری ده‌زانێت كه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ده‌یه‌وێت پڵانێك بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌ (چاوه‌رِوانكراوه‌كانی) دۆسێی كه‌ركوك دابنێت. باشتریش ده‌زانێت كه‌ هه‌مووجارێك گووشاره‌ ئیعڵامی و سیاسیه‌كان نابێته‌ هۆی ناچاركردنی ئه‌و به‌ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی كورد. یه‌كێتی و پارتی ده‌بی بزانن ئه‌و كارته‌ی له‌ مه‌سه‌له‌ی سوێندخواردنی (به‌ هه‌ڵه‌) ی حكومه‌ته‌كه‌ی جه‌عفه‌ریدا به‌كارهات. مه‌رج نیه‌ له‌ دۆسێیه‌كی گه‌وره‌و هه‌ستیاری وه‌ك (كه‌ركوك) دا هه‌مان سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت. ده‌بی ئه‌وه‌ش بزانین ئه‌مریكا ته‌نها بۆ ئازادكردنی كورد نه‌هاتوه‌ و له‌وانه‌یه‌ سستی له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی و چاكسازی ئیداری و درێژه‌دان به‌ بایكۆتكردن و بیركردنه‌وه‌ی حزبی و دووئیداره‌یی. ببێته‌ هۆی كه‌نارگیریی گه‌وره‌ترین هێزی جیهان له‌ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك و مافی كورد له‌ كوردستانیه‌تی كه‌ركوكدا. .

Mariwan_na@yahoo. com