بانگه‌واز;  بۆ سه‌رجه‌م دۆستان و لایه‌نگرانی ئازادی تاک. و گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له‌ کوردستاندا‌

 

 ڕاگه‌یاندنی ده‌ست به‌کاربوونی پرۆژه‌ی خوێندنه‌وه‌ و تاووتوێکردنی بیری لیبراڵ و  پێشنیاری هێڵه‌گشتییه‌کانی پارتی لیبراڵی کوردستان

                                

به‌مه‌به‌ستی ڕێگاخۆشکردن بۆ ئاسۆیه‌کی نوێی تێڕامان. و ڕاڤه‌کردنی کاری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستاندا. به‌ مه‌به‌ستی پێدانی گوڕ و تینێکی نوێ به‌ ڕۆڵی تاک له‌ ده‌ستنیشانکردنی چاره‌نووس و چۆنێتی ژیانیدا. به‌ مه‌به‌ستی کۆتاییهێنان به‌و بێ توانایی و نا ئومێدیه‌ی که‌ کێشه ‌سیاسیه‌کانی کوردستان له‌ ئه‌مڕۆی ژیانی تاکی کوردستانیدا خولقاندویانه‌. پرۆژه‌ی خوێندنه‌وه‌ و تاووتوێکردنی بیری لیبراڵ و پێشنیاری هێڵه‌گشتییه‌کانی پارتی لیبراڵی کوردستان خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

پرۆژه‌که‌ ئاراسته‌ی هه‌ر تاکێکی کوردستانیه‌ و مه‌رجی که‌وتنه‌گه‌ڕی به‌ شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه‌ له‌ سه‌ر واقیعی کوردستان. په‌یوه‌ندیه‌کی ڕاسته‌و‌خۆی هه‌یه‌ به‌ به‌شداربوون و به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌که‌ له‌لایه‌ن هه‌ر تاکێکه‌وه. که‌ باوه‌ڕی هه‌یه‌ به‌ ماف و ئازادیه‌کانی تاک. ڕه‌وایه‌تی کێشه‌ی کوردستان و گه‌لی کوردستان. و هه‌نگاونان به‌ ئاراسته‌ی ئاسۆیه‌کی ڕووناکتر و فراوانتر بۆ ئه‌گه‌ره‌کانی دابینکردنی داهاتوویه‌کی خۆشگوزه‌ران و دادپه‌روه‌ر.

پرۆژه‌که‌; کایه‌یه‌کی هه‌ڵسوڕانی ئازاده‌ بۆ هه‌ر تاکێکی کوردستانی. که‌ بخوازێت له‌ بوونیاد و به‌ڕیوه‌بردنیدا کارا بێت هه‌روه‌ک چۆن که‌ناڵیکی پێکگه‌یشتن و گۆڕینه‌وه‌ی بیر و ڕایه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی له‌چوارچێوه‌ی لۆژیکی پرۆژه‌که‌دا جێگایان ده‌بێته‌وه‌. به‌ بێ گوێدانه‌ ئه‌ندام بوون یاخوود نه‌بوون له‌ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه‌که‌دا.

به‌شداریتان مه‌رجی سه‌رکه‌وتن و به‌ ئاکام گه‌یشتنی پرۆژه‌که‌یه‌.

 

www. kurdistanlp. se

 

ده‌سته‌ی کاتی کارگێری

2005-07-18