سهرکۆمارێتی
جهلال تاڵهبانی
؛ ئیدیعاكانی رەت دەكاتەوە ... عارف زێرەڤان
ستۆكھۆلم. 28/6 2005 —
سەركۆماری عێراق جەلال تاڵەبانی لە دیمانەیەكدا لە گەڵ رۆژنامەی ئاكشامی
توركی (25. 6. 2005) باسی لە گەلێك خاڵی جێگەی گفتوگۆ كرد و ئیدیعاكانی بە
تەنیا لە چوارچێوەی عێراق و باشووری كوردستاندا نەهێشتنەوە و خۆی لە هەموو
بەشەكانی كوردستان هەلقورتاند. واقیعی باشووری كوردستان و گەلی كورد بە
گشتی و سەكۆماریەتیی جەلال تاڵەبانی خۆیشی؛ زۆربەی قسەكانی رەت دەكەنەوە و
زۆربەی قسەكانی بێ بناغەن.
دوای ئەوەی میدیای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئەو دیمانەیەی وەرگێڕا و
بڵاوی كردەوە. من جەلال تالەبانی بە خاوەنی ئەو قسانە دەزانم. هەر خۆیشی بە
بەرپرسیاری ئەو قسانە دادەنێم و ئەم وتارە دەونووسم. لە وتارەكەمدا هەندێ
لە ئیدیعاكانی هەڵدەبژێرم و ئەوان وەك تێزەكانی جەلال تاڵەبانی بڵاو
دەكەمەوە. دواتر ئەو تێزانەی ئەو لە گەڵ ئەو واقیعەی هەیە بەراورد دەكەم و
دوایین جار ئەنجامی تێزەكانی و واقعیش شی دەكەمەوە.
ئیدیعای 1
جەلال تاڵەبانی: من پێشتر لە هەموو ژیانمدا سەرەتا بۆ عێراقێكی دیموكرات و
ئازاد. پاشان بۆ مافەكانی گەلی كورد خەباتم
كردووە. واتە كاتێك كە من بۆ كورد و مافی چارەنووسیان خەباتم دەكرد. بۆ خۆم
وەك شەخس قەد بیرم لەوە نەكردۆتەوە كە دەبێ كوردستان لە عێراق جیا بێت؛ یان
جیا دەبێتەوە. قەتیش بەرگریم لەم بیرۆكەیە نەكرد.
واقیع: ئەم ئیدیعایەی جەلال تالەبانی دەكرێ راست بێت. چونكە ئەو وەك شەخس
باسی خۆی و بیر و هەستەكانی دەكات و ئێمە ناتوانین لە جیاتی ئەو بڕیار
بدەین كە ئەو دەبێ هەست بە چی بكات و چۆن بیر بكاتەوە.
شیكردنەوە: واتە جەلال تاڵەبانی لە گەڵ ئەوەی سكرتێری گشتیی یەكێتیی
نیشتمانیی كوردستانیشەوە لەوانەیە زۆربەی پێشمەرگەكانیشی بۆ كوردستانێكی
سەربەخۆ خەباتیان كرد و شەهید بوون. كەچی جەلال تاڵەبانی پێیان دەڵێ:
بمبوورن. ئەو مردنەی ئێوە بۆ كوردستانێكی سەربەخۆ نەبوو. بەڵكوو بۆ
عێراقێكی دیموكرات بوو.
ئیدیعای 2
جەلال تاڵەبانی: ئەگەر ئێستا سیستەمی فیدرالی لە عێراق بە شێوەیەكی راست و
دروست بچەسپێت. واتە ئەو كات خەونی كوردیش هاتۆتە دی. ئەو خەونەی باسی
دەكەم جیایە لەو خەونەی هەندێك شاعیری كورد. یان نەتەوەپەرستی كورد باسی
دەكەن. چونكە ئەو خەونانەی ئەوان باسی دەكەن واقیعی نین و بەدیهاتنیشان زۆر
ئەستەمە.
واقیع: خەونی كورد لە عێراق دەوڵەتێكی فیدرالی نیە. كورد لە گەڵ هەڵبژاردنی
مانگی یەكی ئەمساڵ ریفراندۆمێكیشیان كرد و تیایدا 98%ی كورد گوتیان ئەوان
دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆیان دەوێت. خەونی مەسعوود بارزانی سەرۆكی
كوردستانیش دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆیە و هەر لە رۆژی
هەڵبژاردنیشیدا بۆ میدایاكانی كورد و جیهان گوتی دەوڵەتی كوردیی سەربەخۆ
دادەمەزرێ. بەڵام نازانێ كەی. مەبەستیشی نە دوای 50 و 100ی دیكە. بەڵكوو
چەند ساڵێكی دیكە بوو.
شیكردنەوە: واتە جەلال تاڵەبانی لە سەر بنەمای هەڵبژاردن و ئەمری واقیع قسە
ناكات و قسەكانی بە تەنیا هی خۆیەتی و هی گەلی كورد نین. خواستی
دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی بە تەنیا داوای چەند شاعیر و نەتەوەپەرستێكی
كورد نیە. بەڵكوو داوای زۆربەی هەرە زۆری گەلی كوردە.
ئیدیعای 3
جەلال تاڵەبانی: گریمان دەوڵەتێكی كوردی دامەزرا. ئەو دەوڵەتە چۆن دەژیت لە
حاڵەتێكدا كە سووریا. توركیا. ئێران و عیراق دژی ئەو دەوڵەتە بن. ئەگەر ئەم
دەوڵەتانە هێریشیش نەكەنە سەر كوردستان؛ دەتوانن ئەم دەوڵەتە بخنكێنن.
واقیع: دوژمانی گەلی كورد چۆن لە دژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیی
سەربەخۆن. بە هەمان شێوە لە دژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیی فیدرالیشن و
لە دژیشی بوون.
شیكردنەوە: چۆن دەتوانرێ دەوڵەتێكی كوردیی فیدرال دابمەرزێ و بژیت. بە
هەمان شێوە دەتوانرێ دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆش دابمەزرێ و بژیت. دەوڵەتانی
دراوسێی كوردستان لە ساڵی 1991ەوە دەیانەوێ باشووری كوردستان بخنكێنن و بە
هەموو شێوەیەك گەمارۆی سیاسی و ئابووری لە سەر دادەنێن. بەڵام وێڕای ئەمەش
ئەمڕۆ باشووری كوردستان دەژیت و بووەتە نموونەیەكی پێشكەوتنی دیموكراسی و
ئابووریی باش لە كوردستان و عێراق. واتە سووریا. توركیا و ئێران ناتوانن
باشووری كوردستان بخنكێنن. ئەگەر بیانتوانیایە. لە زووەوە دەیان كرد.
ئیدیعای 4
جەلال تاڵەبانی: ئەگەر من سەركۆماری كوردستانێكی گەمارۆدراو بوومایە؛ نە تۆ
دەتتوانی بێیتە سەردانی من و نە منیش دەمتوانی بێمە ئەستەمبوول و ماسیت لە
گەڵ بخۆم.
واقیع: جەلال تاڵەبانی كاتێك بە تەنیا سكرتێری حیزبەكەی خۆیشی بوو. دەچووە
و ئەستەمبوول و ئەنقەرە و تورك رێزی لێ دەنا. چونكە ئیدی كورد بووەتە
گەلێكی خاوەن هێز و بە ویستی خۆیشی نەبێت. تورك رێز لە گەلی كورد دەنێت.
شیكردنەوە: واتە جەلال تاڵەبانی ماسیخواردنێكی ئەستەمبوول لە گەڵ
رۆژنامەنووسێكی دژی كورد لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆ گرنگتر
دەبینێ و ئیدی ئەو توانای بەرگەگرتنی خەباتێكی دیكەی بۆ دامەزراندنی
دەوڵەتی كوردیی نەماوە.
ئیدیعای 5
جەلال تاڵەبانی: بەڵێ. بە تەواوی راستە. بەشداریكردنی كورد لە دەسەڵاتی
بەغدادا. كۆتایی بە خەونی كورد بۆ سەربەخۆیی هێنا.
واقیع: مەسعوود بارزانی سەرۆكی كوردستان لە 17. 4. 2005 لە دیمانەیەكدا لە
گەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی العربیە باسی لە سەربەخۆیی كوردستان كرد و گوتی:
بوونی كوردێك لە كورسیی سەركۆماریی عێراقدا بەو مانایە نیە كە كورد واز لە
ماف و داواكانی دێنێ. هەبوونی كورد لە بەغدا لە سەر بنەمای رێككەوتنی
عێراقێكی فیدرال و دیموكراتە. نەك لە سەر بنەمای وازهێنان لە ماف و
داواكانی كورد.
شیكردنەوە: واتە جەلال تاڵەبانی باسی خۆی دەكات و باسی كورد و سەرۆكی
كوردستان مەسعوود بارزانی ناكات. چونكە كورد و سەرۆكەكەیان دەوڵەتێكی
كوردیی سەربەخۆیان دەوێت.
ئیدیعای 6
جەلال تاڵەبانی: حكوومەتەكانی پێشووی سووریا حاشاییان لە كورد دەكرد. بەڵام
ئێستا بەشار ئەلئەسەد دان بە بوونی كورد لە سووریادا دەنێت و باسی بەخشینی
مافەكانیان دەكات. كوردیش لە سووریا دەتوانن رێپێوان ساز بكەن و حیز و
كۆمەلە پێك بهێنن و كاری سیاسی بكەن.
واقیع: دەوڵەت و حكوومەتی سووریا دانی بە كورد دانەناوە و لە یاسای
بنەڕەتیی سووریاشدا دان بە كورد دانەنراوە. دامەزراندنی حیزبە كوردیەكان لە
كوردستانی سووریا قەدەغەیە و حیزبی بەعسیش لە دوایین كۆنگرەی خۆیدا گوتی
دەتوانرێ حیزب دابمەزرێن. بەڵام نابێ حیزبی كوردی دابمەزرێن. هەروەها
دامەزراندنی كۆمەڵەی كوردی و كاری سیاسیش لە كوردستانی سووریا قەدەغەیە و
هەر چیەكیش كورد دەیكات. بە دزییەوە و بە بێ قانوونی. دەیكات.
شیكردنەوە: ناوی حیزبەكەی جەلال تاڵەبانی خۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە
و لە سووریا هیچ حیزبێك كە وشەی كوردستان لە ناوەكەیدا هەبێت ناتوانێ
دابمەزرێت و لە پەرلەمان و حكوومەتی سووریاشدا هیچ پەرلەمانتەرێك. یان
نوێنەرێك بە ناوی كورد نیە. جەلال تاڵەبانی وەك نوێنەری گەلی كورد و
كوردستان چووەتە بەغدا و بووەتە سەركۆماری عێراق و شێوەی بوونی ئەو لە
بەغدا ئەم ئیدیعایەی ئەو رەت دەكاتەوە.
جەلال تاڵەبانی بەم قسەنای خۆی بێڕێزییەكی گەورە دەرهەق بە هەموو كوردەكانی
كوردستانی سووریا و سەرۆك حیزبەكانیان دەكات و وەك ئەوەی بە حەمید حەجی
دەروێش. نەزیر مستەفا و هەموو سەرۆك حیزبەكانی كوردستانی سووریا بڵێ:
بمبوورن. هەرچەند كاتێك كە بووم بە سەركۆماری عێراق. ئێوە منتان وەك
كوردێكی برای خۆتان لە قەڵەم دا و نامەی پیرۆزباییتان بۆ ناردم. بەڵام من
ئێوە بە برای خۆم نازانم و سووریا چیتان لێ دەكات. عافیەتتان بێ و ئەو
موستەحەقتانە؛ هێشتا نەیداونەتێ.
ئیدیعای 7
جەلال تاڵەبانی: پێم وایە ئێمە كار لە توركیا ناكەین. بەڵكوو توركیا كار لە
ئێمە دەكات. توركیا وڵاتی هەر گرنگ. مۆدرێن. پێشكەوتوو و دیموكراتی
ناوچەكەیە. توركیای دیموكرات و خاوەنی مێژوویەكی دەوڵەمەند بۆ ئێمەی كورد
خاوەن گرنگیەكی ستراتیژییە. شیعەكانی عێراق ئێران پشتگیرییان دەكات. سوننەش
دەوڵەتە عەرەبیەكانیان لە پشتە. ئێمەش توركیامان هەیە و دەبێ هەر واش بێت.
واقیع: لە توركیا هەڵبژاردن دەكرێ. بەڵام توركیا دیموكرات نیە و هەتا
ئێستاش لە واقیعدا سوپا توركیا بەڕێوە دەبات. لە توركیا 20 ملیۆن كوردی
برای جەلال تاڵەبانی هەن؛ كەچی ناتوان حیزێك كە ناوی كوردستانی تێدا بێت
دابمەزرێنن. لە پەرلەمانی توركیا تەنانەت یەك نوێنەری كوردیش نیە و ئەگەر
كوردیشی لێ بێت؛ ئەویش وەك توركێك و ئەندامی حیزێكی تورك لە وێیە.
لە توركیا هەتا ئێستاش پەروەردە بە زمانی كوردی قەدەغەیە و زمانی كوردی وەك
لە عێراق وایە. لە توركیا زمانی رەسمی نیە. لە توركیا هەرێمێكی كوردستانی
فیدرالی. نان ئۆتۆنۆمی نیە و سەركۆماریەتیی جەلال تاڵەبانی لە بەغدا ئەم
قسانەی ئەو رەت دەكەنەوە.
شیكردنەوە: توركیا دەیەوێ ببێتە ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا و چونكە
دیموكرات نیە. ئەورووپی دەڵێن: تا 20 – 25 ساڵی دیكەش ناتوانێ دیموكراتیزە
ببێ و ببێتـە ئەندامی یەكێتیی ئەورووپا. هیچ گرنگیەگی ستراتیژی و پۆزەتیڤی
توركیا بۆ كورد و كوردستان نیە و تا ئێستاش تورك دژی باشووری كوردستان و
هەموو كوردستانن.
واتە جەلال تاڵەبانی بەم قسانەی خۆی. بە 20 ملیۆن كورد دەڵێ: بمبوورن. من
ئێوە هەمووتان بە كورد و برای خۆم نازانم و بچن ببنە نۆكەری توركەكان.
چونكە ئەوان زۆر مۆدێرن و پێشكەوتوون و لە وان دیموكراتتر لە ناوچەكەدا
نیە. جا هەر لە خۆتانەوە دڵتان بە سەركۆماریەتیی من خۆش نەبێت و نامەی
پیرۆزباییشم بۆ مەنێرن.
***
ئیدیعاكانی جەلال تاڵەبانی لەو دیمانەیەدا لە گەڵ رۆژنامەی ئاكشامی توركی
تەواو نابن. بەڵام من لێرەدا بەڵای خۆمی لە كۆڵ دەكەمەوە و ئەوانەی ماون
ئێوە خۆتان لێكیان بدەنەوە.
كورد گەلێكی سەربەزە و كورد بە سەربەرزی جەلال تاڵەبانی وەك نوێنەری خۆی
ناردە بەغدا و كردی بە سەركۆماری عێراق. بەڵام مرۆڤێكی كورد كە بڵێ ئەو بۆ
ماوەی 58 ساڵ زیادتر لە كێشەی گەلەكەی. بۆ دیموكراتیزەكردنی عێراق خەباتی
كردووە. هەرگیز ناتوانێ ببێتە سەرۆكی كورد و كوردستان.
www. nefel. com
|