ڕازاو

ڕازاو (ڕێزان عومه‌ر ڕه‌زا) له دایكبووی شاری سلێمانییه‌ و ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانه به‌شی په‌یكه‌رسازی


سازدان و ئاماده‌كردنی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند (هه‌ڵكه‌وت زاهیر) ه‌وه ئه‌نجامدراوه‌.

 

كێ ئاوازدانه‌رته؟ كێ یاریده‌ده‌ری كاری هونه‌ریته‌؟

هونه‌رمه‌ندان عه‌ندنان كه‌ریم و هێرش عومه‌ر ڕه‌زا ی برای به‌ڕێزم. هه‌روه‌ها به ها‌وكاری موزیكژه‌نانی سلێمانی. له ساڵی 1990 یه‌كه‌م گۆرانیم به ناوی (كۆچ) له ئاوازی كاك عه‌دنان كه‌ریم بوو دوای ئه‌وه‌ی گۆرانی (فریشته) ئاوازی كاك هێرش عومه‌ر ڕه‌زا. له ساڵی 1996 گۆرانی (زه‌نگی په‌ستی) یم تۆمار كرد به هاوكاری هه‌ردوو ئاوازدانه‌ر كاك عه‌دنان و كاك هێرش. كه‌ هاتمه هه‌نده‌رانیش له ساڵی 2003دا سی‌دی (سروه‌ی به‌یان) كه هه‌شت گۆرانی تێدا تۆمار كراوه له ئاوازی كاك عه‌دنان كه‌ریم و كاك هێرش.

 

زۆری و بۆری له گۆرانیبێژاندا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟

گۆرانیبێژ ئازاده كه گۆرانی یان سی‌دی بڵاوبكاته‌وه به‌ڵام ته‌له‌فزیۆنه‌كان یان میدیاكان ئازاد نین له‌وه‌ی كه هه‌موو گۆرانییه‌ك بڵاوبكه‌نه‌وه. ده‌نگێك كه شایه‌نی بڵاوكردنه‌وه نه‌بێت واته ئه‌بێت كۆنترۆڵ یان چه‌ند كادرێكی لێهاتوو هه‌بن بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره هونه‌رییه‌كان كه شایه‌نی بڵاوكردنه‌وه‌بن.

 

له هونه‌ری گۆرانی‌دا ڕۆڵی ئافره‌تی كورد چۆن ده‌بینیت؟

به خۆشحاڵییه‌وه له زیادبوونه‌دایه‌. هه‌ر چه‌ند له چاو میلله‌تانی جیهان‌دا زۆر كه‌مه‌ به‌ڵام هه‌وڵدانی زۆر هه‌یه له‌م ساڵانه‌ی دواییدا.

پێشنیازت بۆ ئافره‌تانی گۆرانیبێژ؟

گوێگرتن له موزیك و گۆرانی به‌به‌رده‌وامی. په‌روه‌رده و ڕاهێنانی ده‌نگ زۆر گرنگه بۆ گۆرانیبێژ.

 

ده‌نگی كێت پێخۆشه له گۆرانیبێژانی جیهانی؟

گۆرانییه‌ك كه ده‌نگ و ئاواز و موزیكه‌كه‌ی هه‌ستورووژێن بێت. كاری نوێ بێت. لای من خۆشه جا سه‌ر به هه‌ر كولتوورێك بێت جیاوازی نییه.

 

دوا كاری هونه‌ریت چییه؟

ئه‌و سی‌دی‌یه بوو كه ئاماژه‌م پێدا. ئێستا دوو گۆرانیم به ده‌سته‌وه‌یه یه‌كێكیان فۆلكلۆره و دووه‌میان ئاوازی خۆمه. زۆر خۆشحاڵم كه بۆ یه‌كه‌مجار ئاواز بۆ خۆم داده‌نێم.

 

كاری هونه‌ری له كوردستان باشتره یان له هه‌نده‌ران؟

هه‌ر كارێكی هونه‌ری ڕاستگۆیی و دڵسۆزی ‌تێدا به‌كاربێت كارێكی سه‌ركه‌وتووه. نموونه‌ش ئه‌و گۆرانییه‌ی خاتوو (كانی) یه‌ كه له‌ كوردستان به‌رهه‌مهێنراوه. زۆر سه‌ركه‌وتووه.

 

هه‌نده‌ران دابڕانه یان داهێنان؟

هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو له هه‌ر شوێنێك بێت توانای خۆی ده‌سه‌لمێنێت.

 

بۆچی تا ئێستا گۆرانیبێژه‌ كورده‌كان نه‌یانتوانیوه به تاقه گۆرانییه‌ك شه‌وه كۆنسێرتێك سازبكه‌ن. ئایا نه‌بوونی گوێگره یان نه‌بوونی ئاوازدانه‌ر؟

نه‌بوونی هه‌ردووكیانه. نه ئاوازدانه‌ری وامانه هه‌یه بتوانێت ئاواز بۆ چه‌ند لاپه‌ڕه شیعرێك دابنێ و هه‌ستی گوێگر بورووژێنێ. نه گوێگریش خۆی ته‌رخان ده‌كات بۆ شه‌وه كۆنسێرتێك. چونكه بێگومان كۆنسێرته‌كه ئه‌بێت گۆرانی خاو بێت. ئه‌وه‌ش جه‌ماوه‌ر بۆ كاژمێرێك قبووڵی نییه‌.

 

دوا ووته‌ت چییه؟

زۆر سوپاس بۆ تۆ كاك هه‌ڵكه‌وت