بارین له‌وه‌رزی وه‌ریندا ... ئیدریس عه‌لی

 

بۆ (بارین) ئه‌و كچه‌ی له‌چاوه‌رِوانی له‌دایك بوونیدا ده‌مرم

له‌سه‌ره‌تای شعرێك ده‌چم

په‌پوله‌ تێیدا بێت

له‌رێگایه‌ك ته‌نیاترم

درێژبێت چوون هه‌نسك

له‌نێو هه‌ڵقرچانی ئه‌م چاوه‌روانیه‌دا

دڵم له‌سۆز ناسكترو

رووخسارم له‌حوزن

ره‌ش هه‌ڵگه‌راوتره‌. .

یادم دێت به‌یانییه‌ك له‌به‌یانییه‌

په‌سته‌كانی مناڵی

كه‌به‌فر به‌كۆمه‌ڵ ده‌باری

په‌نجه‌ره‌م له‌ ره‌وێك رووناكی كرده‌وه‌و

فه‌رمووم له‌تاوه‌ شیعرێك كرد

كاتێك خۆم له‌نێو شه‌ماڵی عومرێكدا دیته‌وه‌

وه‌خت بوو له‌ژێر ره‌هێڵه‌ی گه‌ڵادا

ببمه‌ شاعیر.

* * *

سه‌رمه‌ستم به‌ئه‌وینت

دڵم پرِه‌

له‌بۆنی ته‌نیایی شه‌و.

له‌ژورێكی سێبه‌ چواری ته‌نیایدام

ئه‌ستێره‌ی چرپه‌ی لێده‌روێت. .

له‌ئاسمانێكی بێسنوور غه‌ریبیدا

تریفه‌ ده‌رِژێت به‌سه‌ر باڵای

شیعرو

ته‌نیایمدا. .

یادم دێت

ئێواره‌یه‌ك

له‌ ئێواره‌ بۆنخۆشه‌كانی عه‌شق

ژێر چه‌تره‌كه‌م پرِ بوو له‌باڵنده‌ و

چاوانم تژی بوون له‌دیتن

له‌دڵی خۆدا خۆزگه‌م خواست مناڵ ببمه‌وه‌

وه‌ك ئه‌و شێته‌ی له‌ژبَر گه‌ڵاكاندا راكشاوه‌

ئیدی به‌دڵ خواستم

عاشق بم وه‌كو شێت.

* * *

ئه‌و رۆژه‌ی باخ هه‌ناری بوو

باران به‌ده‌م بارینه‌وه‌ ده‌خه‌نی

په‌نجه‌ره‌مناڵێك بوو هارو هاج

به‌ره‌و عه‌شق ده‌كرایه‌وه‌

 (با) رووه‌و ژوور خۆشبه‌ختی هه‌ڵیكرد

سه‌عات له‌ته‌نیایی تێپه‌رِی

چرا پرته‌ پرت

ده‌یویست شاعیر بێت.

* * *

فوو له‌برینه‌كانم ده‌كه‌یت؟

به‌ڵام من كوژراوی رۆژگارێكم

ئاوێنه‌ شه‌رمی له‌ رووخسارو

سێبه‌ر له‌ته‌نیایی دره‌خت ده‌كرد.

تۆ مه‌زه‌نه‌ی دووریم ده‌كه‌یت؟

به‌ڵام من دووووووریه‌ك دووووورم

خه‌یاڵ نایگاتی. .

له‌ێره‌ هه‌تاو پرِ به‌كۆشی باخچه‌یه‌

شه‌ونم له‌چنگی تاریكیدا راكشاوه‌

به‌ڵام من

مناڵییه‌ك ترساوم

هه‌یچ كۆڵانێك ته‌فسیری بۆ ناكرێت.

ئیتر لێره‌وه‌ بابێده‌نگ بین

بائیتر لێره‌وه‌ چاو قسه‌بكات

چونكه‌ چاو جێگه‌ی هه‌موو ژیانی تیا ده‌بێته‌وه‌. .

با ئیتر لێره‌وه‌ بێده‌نگ بین و

بێده‌نگی خۆی بدوێت

چونكه‌ له‌بێده‌نگیدا

هه‌زاران گوڵی چرپه‌ ده‌رِوێت.

* * *

تۆ بێخه‌م بباری

بێمنه‌تبه‌

له‌باخچه‌دا

ژوانی چه‌ند گوڵ تێكده‌چی. .

چه‌ند باڵنده‌ له‌فرِین ده‌چنه‌وه‌. .

بباری وه‌ك چۆن باوكت

به‌سه‌ر ته‌نیایی خۆیدا باری

بێمنه‌تبه‌ كچی خۆم

له‌خه‌یاڵی بارانه‌وه‌ بباری

قۆڵ له‌ قۆڵی به‌فر

به‌سه‌ر ژیاندا برِژی

گوی مه‌ده‌ری چه‌ند درۆی سیاسی

چه‌ند فێڵی دیموكراسی

چه‌ند ده‌ستووری چه‌قۆو شمشێر

دێنه‌ سه‌ر رێت؟

بباری كچه‌كه‌م

یاخیانه‌ ژیان سپی بكه‌

عاشقانه‌ شه‌وێك له‌زه‌نگی ده‌رگاكه‌ بده‌و

مه‌ستانه‌ پێمبڵی:

وای باوكه‌ خه‌ونێكی چه‌ند سه‌یره‌ له‌دایك بوون؟