به‌ به‌ڵگه‌وه‌: زنجیره‌یه‌ك وتار له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كاری ئیدرای و حزبی له‌ كوردستان .... هیشام ئاكره‌یی

 

بێ ئه‌وه‌ی تومه‌تێكی بێ به‌ڵگه‌ بخه‌ینه‌ پاڵ ده‌سه‌لاَتداران و به‌رپرسیارانی حزبی و حكومی له‌ باشووی كوردستان و بێ ئه‌وه‌ی دوان له‌سه‌ر بارودووخی باشووری كوردستان ببێته‌ بوارێك بۆ هێرش كردن بۆ سه‌ر لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كان و به‌ تایبه‌ت ده‌سه‌لاًتدارانی كوردستان و پارتی و یه‌كێتی و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاری ڕۆژنامه‌گه‌ری ده‌بێ ڕێز له‌ ڕاستی خستنه‌ڕووی ڕووداوه‌كان بگرێت. هه‌روه‌ها چونكه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان و له‌ سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ به‌ڕێز بارزانی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رۆكایه‌تی كوردستانی به‌ ده‌سه‌ته‌وه‌ گرتووه‌ و حكومه‌تێكی تازه‌ باسی لێوه‌ ده‌كرێت. به‌ باشم زانی له‌سه‌ردانێكی كورتدا بارودووخی كوردستان به‌سه‌ربكه‌مه‌وه‌ و به‌ ڕێگای چاودێریكردنی ژیانی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر و چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵیاندا. به‌شێك له‌و دیاردانه‌ی میدیای باشووری كوردستان سانسووری له‌سه‌ریان داناوه‌ وباسی لێیانه‌وه‌ ناكه‌ن. به‌شێوه‌یه‌كی ڕاستگۆیانه‌ و بێ ترس بلاَویان بكه‌مه‌وه‌. به‌و هێوایه‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و ده‌سه‌لاَتی تازه‌ی كوردستان. هه‌ڵوێستێكی ئاشكرا به‌رامبه‌ر ئه‌و دیاردانه‌ وه‌ربگرن و خۆێنه‌ری به‌رێز دڵنیاده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌م نووسینانه‌ 100% ته‌واون و هه‌ر رۆداوێك سه‌رچاوه‌ی خۆی هه‌یه‌ و پرنسیپه‌كانی میدیای ئه‌وروپی له‌به‌رچاو گێراون له‌ ڕۆی پاراستنی سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵ و دووركه‌وتن له‌ زڕاندنی ناوی تاكه‌ كه‌س و جه‌ختكردن له‌سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ت و كێشه‌كان به‌مه‌به‌ستی ڕاستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كان و كردنی كوردستان به‌ قه‌لاَی دیموكراسی و مافپه‌روه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا و بنبڕكردنی دیارده‌ی دزی و گه‌نده‌ڵی ئیداری و به‌كارهێنانی پله‌ وپایه‌ و مه‌نسه‌ب له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌ كه‌سایه‌تیه‌كان.

هۆیه‌كی تری بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ڵگانه‌. دان و روخساندنی بوارێكه‌ بۆ ئه‌و كه‌مه‌ ده‌سلاَتداره‌ی ده‌ست پاكی كوردستان تاوه‌كوو ڕاستیه‌كان بزانن. به‌تایبه‌ت له‌ملاو له‌وێ باسی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌ركردایه‌تی كوردستان و به‌تایبه‌ت به‌ڕێزان بارزانی و تاڵه‌بانی ئاگادرای ئه‌و فه‌ساده‌ ئیدارییه‌ نین و هه‌موو كاره‌كان له‌پشت په‌رده‌وه‌ ده‌كرێن. بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌ ڕێگای میدیاوه‌ هه‌ندێ كرده‌وه‌ی گرنگ بخه‌مه‌ سه‌ر لاپه‌ڕه‌كانی میدیای كوردی و بۆ ده‌سه‌لاَتداران و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێك له‌ ساخته‌كاری ئاشكرا ده‌كه‌ین و ئه‌گه‌ر به‌ ته‌واوه‌تی دیانه‌وێت گه‌نده‌ڵی و ساخته‌كاری بنبڕبكه‌ن با له‌م كه‌س و تار و بوارانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ن.

ده‌توانم بڵێم هۆی هه‌ره‌سه‌ره‌كی بلاَوكردنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌. خۆشه‌ویستییه‌ بۆ كوردستان و بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕه‌نجی خه‌باتی هه‌زاران شه‌هیدی كوردستان و سه‌دان زیندانی سیاسی به‌ خۆڕایی نه‌ڕوات و به‌ ڕێگای ئه‌م وتارانه‌ ده‌سه‌لاَتدارن ئاگادارده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ بارودۆخی كوردستان زۆر ناسك و خه‌ته‌رناكه‌ و دزی و جه‌رده‌یی له‌ كوردستان گه‌یشتووه‌ ئاستێكی خه‌ته‌رناك و تیرۆریستان و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان خه‌ریكن سوود له‌و دیاردانه‌ وه‌رده‌گرن و به‌و شێوه‌یه‌ گه‌لی كورد له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی دورده‌خه‌ن و به‌ره‌و ئیسلامی توندڕێ و عیراقچییه‌ت ده‌بن و له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ڕاسته‌قینه‌ دووریان ده‌خه‌ن.

هه‌روه‌ها چونكه‌ خۆم به‌به‌شێك له‌و گه‌له‌ داده‌نێم و ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانی سه‌ددامم بینیووه‌ و له‌ ڕۆژانی ڕه‌شی باشووری كوردستاندا به‌ره‌نگاری ڕژێمی سه‌دام بوومه‌ته‌وه‌ و چونكه‌ ئه‌وانه‌ی منیان له‌ زیندادا ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دا و پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌میان ده‌كرد و ئه‌وانه‌ی دایكم لێیان ده‌پارایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئازادم بكه‌ن. ئێستاكه‌ به‌رپرسیاری هه‌ره‌ گه‌وره‌ن له‌ كوردستان و له‌ سایه‌ی خه‌باتی گه‌لی گوردستاندا بۆنه‌ته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین سه‌رمایه‌دار و ده‌ربه‌گی كوردستان وبۆ ئه‌وه‌ی زه‌نگێكی مه‌ترسی بۆ خه‌باتگێره‌ ڕاسته‌قینه‌ی كوردستان لێبده‌م. زنجیره‌یه‌ك ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌وانی بلاَوده‌كه‌مه‌وه‌ و به‌باش ده‌زانم به‌ڕێز بارزانی ده‌سگایه‌كی لپێرسینه‌وه‌ له‌ كوردستان دروست بكات كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وه‌خۆ به‌ كه‌سایه‌تی ئه‌وه‌وه‌ هه‌بێت. به‌تایبه‌ت له‌م كاته‌دا كه‌ گه‌نده‌َی له‌ په‌ره‌سه‌ندندایه‌ و به‌ڕێزی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌كات و هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك له‌ كوردستاندا هه‌بێت به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕسته‌وخۆ بۆ جه‌نابیشی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

بابه‌تی یه‌كه‌می ئه‌م زنجیره‌ وتاره‌ له‌ ژێر ناوی (شامی شه‌ریفی دزان) ده‌بێت. له‌و وتاره‌دا به‌ به‌ڵكه‌وه‌ باس له‌ چه‌ند كرده‌وه‌ی دزی ده‌كه‌م كه‌ قائمه‌قام. كه‌سانی حزبی و ئیداریه‌كانی تری كوردستان ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و له‌پێش چاوی جه‌ماوه‌ر دزی ده‌كه‌ن و ئه‌ملاكی ده‌وڵه‌ت له‌ سه‌ر ناوی خۆیان ده‌نووسن و پاشان به‌ ده‌یان (ده‌فته‌ر) ده‌فرۆشن و زۆر شتی تر.