وتی:-  حـه‌وایه‌ک نیه‌ کوڕێکی گه‌یویی خۆشبوێ!؟ .... حه‌مه‌شوان شه‌ریف

  121104 سوید

Hamashwan1@hotmail. com

 

وتی

منم پیرترین ده‌ره‌ختی ئه‌م وه‌رزه‌ بــاڵـوه‌ریوانــه‌

منم نیگاکانم سێبه‌رێکت بوو به‌پێوه‌ وه‌ستاو

خه‌مناک ده‌یڕوانی و دور دور هه‌ر نه‌گه‌یشتـه‌ دڵی چه‌مێک!.

پێش تۆ خۆڵه‌مێشێکی کۆکراوه‌ بووم و * بــــا

له‌ ڕوخساری ده‌نگێکی هه‌ڵده‌سویم

 تاوێک ده‌بووم به‌په‌یکه‌رێک

ده‌مێک ده‌بووم به‌هه‌ورێک و به‌ئاسته‌میش نه‌ده‌باریم -

دڵم سندوقێکی پۆست بوو خاڵی له‌ڕق و به‌تاڵ له‌ نامه‌و

پڕ پڕ له‌ مه‌راق و ڕژاو له‌ بینین.

وتی:-

سه‌رم گوێزێکی گه‌یوو بوو بۆ به‌هه‌شتی ئه‌وینێک

به‌داخه‌وه‌ گه‌نیو و به‌و دره‌خته‌وه‌

 تا ئێستاش ده‌له‌رێته‌وه‌ و نه‌وه‌ریوه‌!.

چا کوا!؟ حه‌وایه‌ک کوڕێکی گه‌یویی ئه‌وێ و به‌سێبه‌ریه‌وه‌ ده‌نووسێ و

سه‌رمایی نابێ به‌نه‌بونیی و

شتێ ناڵێ نه‌بێ به‌برین و تابه‌یانی تلت پێنه‌دا بۆ باوه‌شی نائومێدی

چا کوا!؟ تۆ له‌ ته‌لاری ئه‌وینم

 سه‌رخه‌وێکت شکاندوه‌و ئاوی دڵمت خواردۆته‌وه‌

تۆ

 تــا که‌لاوه‌ی سامان و ئه‌وینی زڕ و ڕیشی پێکه‌نین وێسابێ

کوا له‌ماڵی مندا قومێ ماچت داوه‌ به‌من

کوانێ؟ به‌رداخێ پێکه‌نینت به‌گه‌رمیوه‌ بۆهێناوم

کوایی؟ بۆ له‌دوامه‌وه‌ له‌شی ڕژاو و دڵی وه‌ریوم ناخه‌یته‌ به‌رچینه‌یه‌که‌وه‌

بۆ؟ له‌ئاسمانێکی ڕه‌ش داگه‌ڕاودا چاویلکه‌که‌شمت به‌دیاری برد.

بۆ؟ ئه‌وه‌نده‌ش من بیری لێده‌که‌مه‌وه‌!؛!

که‌ تۆ تۆزی ژووانێکم نه‌ته‌کێنی!!:-

هه‌رئێستا

 ده‌ستم لقی گێلاسه‌ و هه‌ناسه‌م شوشه‌یه‌که‌ پڕ له‌ هه‌ڵم

چاوم له‌بنی دووفنجانه‌ی قاوه‌یه‌کی به‌جێماو ئه‌چێ

خۆم ده‌بمه‌ قه‌ره‌چ ی و هه‌ر خۆم ڕانه‌بردوی خۆمی تیا ده‌خوێنمه‌وه‌

که‌چۆن له‌ئاینده‌دا پێم خاوسده‌بێ

 به‌سه‌ر پشکۆ سارده‌کانی بێداڵده‌یم و

 به‌سه‌ر چاوی ئێواره‌یه‌که‌وه‌

 ورد ورد ده‌توێمه‌وه‌ و له‌ ئاونگێکیش ناچم

 له‌کاتی توانه‌وه‌مدا بۆ ڕووانین.

به‌تۆ چی!

 له‌سه‌ر پشتم گوڵێ ده‌ڕوێ و له‌موشتما تۆزێ خۆڵ و

له‌یاداشتما شێره‌ به‌فرینه‌یه‌کی نه‌تواوه‌و

 له‌خه‌ونیشما دارستانێ شیعری نه‌شکاوه‌ و

له‌کۆڵانما دارترێیه‌کی سور ڕواوه‌ بۆ شه‌رابی سه‌بوریم

به‌ئێخه‌مدا هه‌ڵواسراوه‌ و لێینوسراوه‌

 نۆبڵی برد له‌ ئه‌ویندا.

جا به‌تۆچی؟

ئێواره‌یه‌ک تێکه‌لاوی هه‌ورێکده‌بم ئه‌ویش وه‌ک تۆ

 دڵی دێ من بکاته‌ باڵای هه‌ڵم

 به‌ڵام من ناتوانم ئه‌و هه‌ڵمژم. بـا ئه‌و من بکا به‌ بـــاران

ئه‌ی هاوڕێ گیان به‌ر له‌وه‌ی تۆ پێیبزانی

 وه‌ک په‌پووله‌ له‌سه‌رلێوی وێنه‌که‌ی ئه‌و ده‌نیشمه‌وه‌

به‌م ئێواره‌

هه‌ر به‌ڕێکه‌وت تۆ خه‌ریکی بڕینی تاڵه‌سپیه‌کانی سه‌رمبه‌

منیش بۆخۆم واخه‌ریکه‌ له‌نێو دولێوی ئه‌ستووری ئه‌ودا

 باڵه‌کانم پێوه‌ده‌بێ و ده‌مباته‌وه‌ بۆ بینینی

یه‌که‌م بینین. . . .

ئه‌م جاره‌ش به‌ده‌نگێکی تێکشکاوه‌وه‌ وتیه‌وه‌:-

حه‌وایه‌ک نیه‌ کوڕێکی گه‌یویی خۆشبوێ. . . ؟!