روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ هه‌واڵێكی هه‌ڵبه‌ستراوی هه‌واڵ

 

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ ئه‌مانه‌تێكی ئه‌خلاقی و ئه‌ركێكی مه‌زنی نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌وه‌ی هه‌میشه‌ ده‌بێت ره‌چاوی سه‌رچاوه‌ی دروست و ره‌وا بكرێت بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی رۆژنامه‌یه‌ك یان گۆڤارێك بڵاوی ده‌كاته‌وه‌. نه‌ك هه‌ر هه‌واڵێك ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بیر و بۆچوونه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ تێكبكاته‌وه‌ ته‌واو ئیتر پێویست به‌ به‌دواداچوون نه‌كات.

له‌ نێو ئه‌و ئه‌و جۆره‌ هه‌واڵانه‌ هه‌واڵنامه‌ی (هه‌واڵ) له‌ ژماره‌ی (139. 9/7/2005) هه‌واڵێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ گوایه‌ دانیشتنێكی لقی كه‌ركووكی یه‌كێتی زانایان ده‌رباره‌ی دیاریكردنی به‌رپرسی لقی كه‌ركوك شكستی هێناوه‌. چونكه‌ وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت ئه‌و داندراوه‌ مامۆستا مه‌لا ئازاد كۆنه‌ به‌عسیه‌ و زانایانی كه‌ركووك پێی رازی نین. له‌م باره‌وه‌ وته‌بێژێك به‌ناوی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی یه‌كێتی زانایان ئه‌م روونكردنه‌وی دا:

1-حه‌زمان ده‌كرد هه‌واڵ ئاماژه‌ی به‌و سه‌رچاوه‌ بكردبایه‌ كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی لی گواستۆته‌وه‌. نه‌ك به‌بێ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك هه‌واڵه‌كه‌ بگوازێته‌وه‌.

2-هه‌واڵ رێكخراوی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ كۆمه‌ڵه‌ی زانایانی ئایینی ناو ده‌بات. سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ هه‌فته‌نامه‌یه‌ك هه‌واڵی كوردستان بگوازێته‌وه‌ ناوی رێكخراوێكی دیار نه‌زانێت. له‌ كاتێكدا یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان یه‌كه‌مین رێكخراوه‌ كه‌ مۆڵه‌تی یاساییی له‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان پێدراوه‌. بۆیه‌ سه‌یره‌ ئه‌وان له‌ كه‌ركووكن تاكو ئێستا ئه‌و گه‌ڕه‌كانه‌یان به‌سه‌ر نه‌كردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ باره‌گای زانایانی لێیه‌ئن ئێستا گه‌ڕه‌كی ئازادی و پێشتریش گه‌ڕه‌كی (قادسیه‌) . كه‌ به‌ تابلۆیه‌كی یه‌كجار گه‌وره‌ ئه‌و ناوه‌ نووسراوه‌. هه‌روه‌ها مێژووی دامه‌زراندنیشی بۆ ساڵی (21/9/1970) ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. هه‌روه‌ها له‌ شاری كه‌ركوك و شاره‌بان و ناوچه‌ی شوان و هه‌موو ناوچه‌كانی سه‌ر به‌ كه‌ركووك زۆربه‌ی زانایانی ئایینی ئه‌ندامی ئێمه‌ن. سه‌رباری كۆمه‌ڵێك زانای دیكه‌ی براكانمان له‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سێ له‌ ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانمان بوونه‌ته‌ قوربانی تیرۆر. كه‌ دیارترینیان شه‌هید مه‌لا محه‌مه‌د رۆسته‌م به‌رپرسی لقی كه‌ركووك بوو. به‌ڵام دیاره‌ ئه‌و كاتی هه‌واڵ باره‌گای له‌ كه‌ركووك نه‌بووه‌.

3-سه‌باره‌ت به‌ مامۆستا مه‌لا ئازاد ئه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌واڵه‌كه‌ خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری كه‌ركووكه‌ و هه‌موو زانایانی ئایینی كه‌ركووك شانازی پێوه‌ ده‌كه‌ن. بۆیه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ مه‌زنانه‌ به‌ هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو هیچ كات كه‌سایه‌تییان له‌كه‌دار نابێت.

4-ئێمه‌ تاكو ئێستاكه‌ وه‌كو یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان له‌ ژێر رێنماییه‌كانی سه‌رۆك بارزانی توانیومانه‌ زۆرترین خزمه‌ت به‌ زانایانی ئایینی سنووری پارێزگای كه‌ركووك بكه‌ین و . زانایانی كه‌ركووكیش گه‌واهیده‌ری ئه‌و راستیه‌ن و ئێمه‌ش شانازی پێوه‌ ده‌كین و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وام ده‌بین.

له‌ كۆتاییدا داوا له‌ ستافی هه‌واڵ ده‌كه‌ین پێویسته‌ به‌ خۆیان دابچنه‌وه‌ و یاسای رۆژنامه‌وانیش نه‌پسێنن له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵیشدا ورد و به‌ دیقه‌ت بن.