خۆكوژه‌كان به‌ خوای گه‌وره‌ ده‌ڵێن تۆ ناتوانیت ئیسلام سه‌ربخه‌یت له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ له‌جیاتی تۆ ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین. ... مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی

 

یه‌كێك له‌ گرفته‌كانی ئه‌مڕۆی موسڵمانان و خه‌ڵكی كوردستان. تێنه‌گه‌یشتنه‌ له‌ ڕووی راسته‌قینه‌ی ئیسلام و شه‌رعیه‌ت و ناشه‌رعیه‌تی كاری خۆكوژی و چۆنیه‌تی ده‌سخه‌ڕۆبوونی خه‌ڵكانێك به‌ده‌ست چه‌ند (ئه‌میر) و خاوه‌ن فه‌توای نه‌فام و تێنه‌گه‌یشتوو له‌ ئاینی ئیسلام.

تێنه‌گه‌یشتن له‌ ئیسلام و په‌یامی ئیسلام هۆكارێكی سه‌ره‌كیه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی خۆكوشتن و خۆته‌قاندنه‌وه‌و سه‌ربڕینی خه‌ڵك. ئه‌و گرووپه‌ ته‌كفیریانه‌ نایانه‌وێت ئه‌ندامه‌كانیان له‌ قورئانی پیرۆز و سوره‌ته‌كانی تێبگه‌ن. دیاره‌ قورئانی پیرۆز وه‌ك سوره‌تی رێكوپێك (متكامل) هاتوه‌ بۆ پێغه‌مبه‌ری مه‌زن نه‌ك به‌ ئایه‌ت ئایه‌ت كه‌ هه‌ندێك گرووپ و لایه‌نی ئیسلامی ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئایه‌تانه‌ به‌جیا شرۆڤه‌ و ته‌فسیر بكه‌ن. ئه‌وانه‌ی خۆیان له‌لای هه‌ندێك خه‌ڵكی موسڵمان به‌ (ئه‌میر) ی تاقمێك یان گرووپێكی ئیسلامی داده‌مه‌زرێنن. هه‌وڵ ده‌ده‌ن كه‌سه‌كه‌ له‌ زۆربه‌ی موعجیزه‌ و ده‌لاله‌ت و گه‌وره‌یی خوای گه‌وره‌ و له‌هه‌ڵسوكه‌وت و فه‌رموده‌ و راسپارده‌ و حیكمه‌ته‌كانی پێغه‌مبه‌ری مه‌زن و ئه‌ولیاكانی خودای گه‌وره‌ دابماڵن. كاتێكیش توانیان كه‌سه‌كه‌ له‌و شتانه‌ داببڕن ئه‌وا ئه‌میره‌كه‌ ده‌بێته‌ هه‌مووشتێكی ئه‌و كه‌سانه‌ و فه‌رمانی خۆته‌قینه‌وه‌ش هه‌ر له‌ده‌ستی ئه‌و ئه‌میرانه‌دا ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ مه‌نتیقی عه‌قڵ و به‌ سوره‌ته‌كانی قورئانی پیرۆز و تێگه‌یشتن له‌ كات و شوێن و هۆكاری هاتنی ئه‌و سوره‌ته‌ موباره‌كانه‌ ته‌فسیر بكه‌ین ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌ بڕیاری خۆكوشتن كه‌مكردنه‌وه‌ی تواناو گه‌وره‌یی خودای په‌روه‌ردگاره‌ له‌لای خۆكوژه‌كان. چونكه‌ كاتێك مرۆڤێك خۆی ده‌كوژێت و خۆی ده‌ته‌قێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ بڕوا و متمانه‌ی به‌ قودره‌ت و توانای خودای گه‌وره‌ نیه‌ و ده‌ڵێت خوایه‌ تۆ ناتوانیت له‌م دنیایه‌دا ئیسلام سه‌ربخه‌یت له‌به‌رئه‌وه‌ من له‌جیاتی تۆ ئه‌وكاره‌ ده‌كه‌م و ئیتر چه‌ند جارێك ئه‌و خۆكوژه‌ كافر ده‌بێت. له‌لایه‌ك ده‌ستی له‌كاری خوای گه‌وره‌ داوه‌ و گومانی له‌توانای خودای مه‌زن په‌یدا كردوه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌ش به‌كوشتنی چه‌ندین كه‌سی دیكه‌ كافر بووه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌بنه‌ قوربانی ئه‌م كاره‌ خۆكوژیانه‌ موسڵمان بن یان غه‌یره‌ موسڵمانی مه‌ده‌نی و بێتاوان بن هه‌ر وه‌ك. ئه‌وه‌ی له‌ 11ی سێپتێمبه‌ر له‌ ئه‌مریكا ئه‌نجامیاندا. كه‌ خودای گه‌وره‌ له‌ قورئانی پیرۆزدا حه‌رامی كردوه‌ و سزایه‌كی توندیشی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ داناوه‌ كه‌ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌موسڵمان و غه‌یره‌ موسڵمان ده‌كوژن. .

Mariwan_na@yahoo. com