سازدانی ئاهه‌نگێک له‌ ئۆتاوای پایته‌ختی که‌نه‌دا ... عوسمان عه‌لی - پ. کوردسات. که‌نه‌دا


pukonline
12-7-2005


به‌ئاماده‌بوونی به‌رێز هاوار زیاد باڵیۆزی عێراقی فیدرال و ژماره‌یه‌کی زۆری هاوولاتیانی کورد له‌ که‌نه‌دا کۆمه‌ڵه‌ی کوردی ئۆتاوا به‌بۆنه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کانی خه‌لکی کوردستان ئێواره‌ی رۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ 10 ی ته‌مووز ئاهه‌نگێکی جه‌ماوه‌ری به‌هاوکاری حزبه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان له‌که‌نه‌دا سازکرد. سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌که‌ به‌ده‌قیقه‌یه‌ک راوه‌ستان بۆ رێز لێنان له‌ گیانی پاکی شه‌هیدان ده‌ستی پێ کرد. پاشان هه‌ڤال بروسک به‌ناوی کۆمه‌ڵه‌ی کوردیه‌وه‌ به‌خێر هاتنی مێوانه‌کانی کردو پیرۆزبایی خه‌لکی کوردستانی کرد به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی هه‌ردوو پۆستی سه‌رکۆمار و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌لایه‌ن به‌رێزان هه‌ڤاڵ مام جه‌لال و کاک مه‌سعود بارزانی. هاوار کاکه‌ زیاد باڵیۆزی عێراقی فیدرال له‌ووتارێکدا وێرای پیرۆزبایی کردن ئاماژه‌ی به‌یه‌ک ریزی وته‌بایی و گه‌له‌که‌مانی کرد که‌ هۆکاری گرنگ بوون بۆ وه‌ده‌س هێنانی ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌. دواتر ووتاری حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پێشکه‌شکران له‌وانه‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان له‌لایه‌ن رزگار عه‌لی و پارتی دیموکراتی کوردستان (جه‌بار) و کۆمه‌له‌ی شۆرشگێری زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران (یه‌حیا) و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (کاروان) ناوه‌ڕۆکی ووتاره‌کان گوزارشتیان له‌ سه‌رکه‌وتنه‌کانی میلله‌تی کورد کرد وه‌ ئومێدیان خواست هه‌نگاوی داهاتوو له‌پێناو جێبه‌جی کردنی مادده‌ی 58 بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک و ناوچه‌کانی تر بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان وه‌ که‌رکوک بکرێت به‌پایته‌ختی کوردستان.
هونه‌رمه‌ندان فوئاد نه‌راقی و شه‌هرام و به‌نگین ئاهه‌نگه‌که‌یان به‌شایی و زه‌ماوه‌ندی کوردی تا دره‌نگی شه‌و رازانده‌وه‌ وه‌ به‌سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ره‌قیب کۆتایی به‌ئاهه‌نگه‌ هات.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ به‌رێز محه‌مه‌د جه‌میل ناسراو به‌ محه‌مه‌د روسیی هۆڵ و پێداویستی ئاهه‌نگه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆی دابین کردبوو ’.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پته‌و کردنی په‌یوه‌ندی کۆمه‌لاَیه‌تی کورده‌کانی هه‌رێمی ئۆنتاریو کۆمیته‌ی رێکخستنی (ی ن ک) له‌که‌نه‌دا گه‌شتێکی سه‌یرانی بۆ کوردستانیانی نیشته‌جێی هه‌رێمی ئۆنتاریو له‌پارکی کۆنفیدره‌یشن له‌شاری هاملتۆن ساز کرد و له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فراواندا بارودۆخی ئێستای کوردستان و عێراق باس کرا وه‌بریاری سازکردنی کۆنفرانسی داهاتووی کۆمیته‌ درا که‌ له‌ مانگی ئوکتۆبه‌ر ده‌به‌سترێت.