شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی ... خاڵه‌حه‌مه‌

 

له‌ سێ رۆژه‌ی

زامی گه‌وره‌ی

خه‌می كوردا

كێ وه‌كوو تۆ به‌كوڵ گریا؟

كێ له‌خه‌ونی هه‌‌زارساڵه‌ی

ئه‌مگه‌ردوونه‌

راچڵه‌كی و شاره‌زابوو؟

خۆی راپسكان

له‌وه‌ی که‌هات له‌وه‌ی که‌چوو. .

خۆی ڕاپسكان له‌ زیندان و

كه‌له‌پچه‌ و خوێن. .

بۆ ئازادی

بوو به‌ پشكۆ. . .

له‌ سێ رۆژه‌ی

زامی گه‌وره‌ی

ئه‌م خه‌مه‌دا

كێ بوو توانی؟

بۆ سه‌رله‌نوێ

له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی ئه‌م جیهانه‌

هێلكی سوور رابكێشێ

به‌چوار ده‌وری كوردستانا

پڕاوپڕی گشت چاوه‌كان

گشت گوێچكه‌كان

گشت ده‌مه‌كان

هاوار بكات

ئه‌م ووڵاته‌ شیرینه‌ی من

ئه‌م ووڵاته‌ دێرینه‌ی من

خاكی كوردو

كورد نشینه‌

خاكی ژانه‌

خاكی شینه!!‌

بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی لێی به‌قینه‌

خاكی گوڵ و په‌پوله‌یه‌

بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی دۆستی (مه‌یه‌) . .

دانمارك/ڤالبی/2004

تێنینی

ــــــــــ

* (مه‌یه‌) كورتكراوه‌ی (ئێمه‌یه‌)