سه‌ر ڕه‌شه‌كه بۆ ده‌ره‌وه. . . شۆڕش محەمەد عەلی


له‌ئێواره خه‌وانی هۆڵه‌ندا
له‌گه‌ڵ پڕخه‌ی خه‌وی. بێ خه‌وی من. .
سه‌گ‌و پشیله‌كانی هاوسێم
به‌ڕێزه‌وه
كلك باده‌ده‌ن و سه‌ما ده‌كه‌ن!
كه تل ده‌خۆم
ژنه‌كه‌ی ته‌كم. . له‌گه‌ڵما ده‌گه‌وزێ
نه‌بادا وه‌ئاگا بێم!!
له‌دوای (10) ه‌وه. .
هه‌موو شتێ بێده‌نگ ده‌بێ
تی‌ڤی و ڕادیۆ زۆر وه‌ڕه‌کان لاڵ ده‌بن
چراكان ده‌بن به‌مۆم و كاڵ ده‌بن
نه‌چرپه‌ی ده‌نگێ
نه‌خشپه‌ی پێیێ
نه‌كزه بای هه‌ناسه‌یێ. . نه هاشه‌یێ.
نه‌گرمه‌یێ. . . هیچ نابیستی. .
ته‌نهاو تە‌نهــــــا
پڕمه‌ی گریان‌و
پڕخه‌ی خه‌و زڕان‌و
تل خواردنی جه‌سته‌و
تی‌ڤی یه زۆربڵێیه‌كه‌ی ماڵی من نه‌بێ. .
شه‌وانه. . فرمێسكی خووناوی سه‌ره‌مه‌رگه‌و
به‌دیار چاو نوقانمه‌وه ڕۆنیشتووه. .
ئەستێرە. . ئیزرائیلی ژوور سەرمەو
وەك كتك خۆی بۆ مشكی ڕۆحم مەڵاس داوە. .
خاك عەرشەو بۆم ڕادەكشێ
می‌تی‌ڤی‌و لایف‌سات لەچاوم دەچەقن‌و
سەیری چۆنیەتی ڕۆحدانم دەكەن.
سپێدەزوانیش
بەر لەئاواكردنی كۆفیەكی ساردو سڕ.
بەباكردنی جگەرەیەكی عومرم
پیرێژن‌و پیرەمێردە
چاوكتكانیەكانی دەوروبەرم
بەدەم پێكەنینێكی ژەهراویەوە
پێم دەڵێن
پرمە پرمی گریان‌و
پرخەپرخی خەوزران‌و
وورتە وورتی تی‌ڤی‌یەكەت
هەراسانی كردووین.
ئەی سەرڕەشە بێكارەكە
بۆدەرەوە. . بۆدەرەوە. .
ئەوان تێرنان‌و
تێرگان‌و
تێربادەن. .
تێرن لە تێریا. . برسی هەموو شتێكن!!
نازانن. . گریانی من بۆ وو‌ڵاتە
خەوزرانم
لەتاوی هاوسەری حەیاتە. .
دەستی نەرمی منداڵەكانم دەمگەوزێنن
هەواڵەكانی تی‌ڤی‌. . بۆ هەواری خاڵێم دەبزوێنن. .
تەنها خۆم دەزانم
نهێنی ووڵاتەكەی خۆم. . خۆم دەیزانم.
دەزانم لەووڵاتەكەم
شەوانە. . بەدەم خەوەوە
سەگ پێم دەوەڕێ. .
پشیلە چڕنووكم لێدەگرێ
مار تێم دەئاڵێ
مرۆڤەكان
لەت‌و پەتم دەكەن. .
بەڵام دوای مردنم
دایكم. هاوسەرەكەم. مناڵەكان
بۆم دەگرین‌و دەمنێژن. .
لێرە مردووم
 
نە پیرێژن‌و نە پیرەمێرد
 (نەخمێنتەو سۆشیال) "
نەمافی مرۆ. .
ئاوڕ لەتەرمەكەم نادەنەوە
تەنها پرمەی گریان‌و
پرخەی خەوی دۆڕاوم‌و
تی‌ڤی‌و ڕادیۆ چكۆڵەكەی دەستم نەبێ. .
تەرمەكەم بە ئاوی ئاوارەیــــی‌و نامۆیـی دەشۆنەوە
ناهێڵن بۆگەبم. .
فرمێسك‌و
ئەستێرەو
خاك‌. . پێم دەڵێن
 (شام شەكرە ووڵات شیرین ترە)
ووڵاتەكەم. . شیرینەكەم
تادێمەوە ئامێزی وێرانە بووت
باوەشی خاپووركراوو دزراوت
بامردووی زیندوو. . زیندووی مردووبم
ئەوسا لەوێ. . بە مردوویی
كێ دەمدزێ. . بابمدزێ
كێ دەمكوژێ. . بابمكوژێ!!
٢ - ٨ - ١٩٩٩
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١- خمێنتە = شارەوانی؛ سۆشیال = ئەو جێگایەیە كە كە بێكارەكان بژێووی ژیانیان لێ‌وەردەگرن.