بــــــــــه‌زیــــــــــــــــــن ... حه‌مید عه‌بدوڵڵا

دانماڕك

به‌ له‌شكرێك په‌پووله‌وە ‌‌

هێرش دێنم

دەم و سینه‌ت به‌ ماچی ته‌ڕ

ئه‌ته‌زێنم

ئاڵای چاوم

له‌ ناو دڵتا ئه‌هێنمه‌ خوار

هه‌ردوو دەستم هه‌ڵئه‌بڕم

ته‌سلیم ئه‌بم

با به‌ وەجاخ كوێری نه‌مرم

له‌ سه‌ر سینه‌ت

سپی ئه‌بم و شل ئه‌بمه‌وە

به‌نێوانی مه‌مكه‌كانتا

دێمه‌ خوارێ و گل ئه‌بمه‌وە

هه‌رچی چه‌كی

ئه‌م شه‌ڕەیه‌

ئه‌یخه‌مه‌ ناو مه‌غزەنی تۆ

هه‌مووی ئه‌دەم به‌دەسته‌وە

له‌م شه‌ڕەدا

ترسنۆكم

بۆیه‌ خۆشم ئه‌به‌زێنم

له‌ حوكمێكی ئه‌به‌دیدا

دیلی دڵی

خۆتم بكه‌

ئیتر ناچم بۆ هیچ شه‌ڕێ

به‌ چاوی تۆ وازئه‌هێنم

Hamed. abdulla@mail. dk