زۆر به‌رِێز كاك نه‌وزاد هادی پارێزگاری هه‌ولێر

 سڵاوێكی گه‌رم و هیوام سه‌ركه‌وتنته‌

پێش هه‌موو شتێك دڵنیابه‌ كه‌ زۆر حه‌ز به‌ سه‌ركه‌وتنت ده‌كه‌م. كاتێكیش ئه‌م نامه‌یه‌ ده‌نووسم له‌ ناخه‌وه‌ زۆر دڵگرانم. به‌ڵام چیبكه‌م كه‌ هه‌ندی جار كاری ئه‌وتۆ ده‌كری كه‌ له‌ عه‌قڵی ئینسان ده‌رده‌چێت.

دیاره‌ كه‌س نیه‌ له‌م ده‌شتی هه‌ولێره‌ (نه‌به‌ز حامید) نه‌ناسی و. ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌یان به‌ ده‌ستی باوكیانه‌وه‌ نه‌بینیبی كه‌ چۆن باوكی راوی پێشمه‌رگه‌ی ده‌كردو. چۆن به‌و روتبه‌یه‌ی عه‌سكه‌ری كه‌ عه‌قید دواییش بوو به‌ عه‌مید دڵی پیسی ئاوی نه‌خوارده‌وه‌و. په‌نای برده‌ به‌ر كردنه‌وه‌ی فه‌وجی جاشایه‌تیو نامه‌ردانه‌ فه‌وجێكی كرده‌وه‌و. وه‌ك سه‌گی هار به‌ربووه‌ گیانی تێكۆشه‌روشۆرشگێره‌كان و به‌ كورتی راوی پێشمه‌رگه‌یده‌شتی هه‌ولێرو ناوچه‌كانی دیكه‌یشی ده‌كرد. تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی (7) نیشانه‌ی ئازایه‌تی (ببوره‌ ترسنۆكی) به‌سه‌ر شان و سینگییه‌وه‌ هوڵبواسی.

ئێمه‌ چاوه‌رِیی ئه‌وه‌مان ده‌كرد. رۆژێك دابێت ئه‌و نۆكه‌رو ئه‌و سه‌گه‌هارانه‌ی به‌عس دادگایی بكرێن وبۆ هه‌تا دونیا ماوه‌ بكرێنه‌ په‌ندی زه‌مانه‌.

كه‌چی جه‌نابی پارێزگاری هه‌ولێر. كورِی ئه‌م موسته‌شاری فه‌وجی خه‌فیفه‌یه‌. له‌شوێنێك كرا به‌ به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌. كه‌ ده‌یان قاره‌مانی ئه‌م ده‌شتی هه‌ولێره‌ی سه‌ر به‌ قه‌زای بنه‌سڵاوه‌ی ده‌شتی هه‌ولێری ئێستای ئه‌نفال كردبوو سورِگومی كردبوو!!! له‌وه‌ش كاره‌ساتتر ئێستا كردووتانه‌ به‌ قایمقامی بنه‌سڵاوه‌!! به‌ڵی قایمقامی بنه‌سڵاوه‌!! وه‌ك بڵیی ئه‌م ده‌شتی هه‌ولێره‌. یه‌ك تێكۆشه‌ری موسته‌حه‌قی لی نه‌بێت!!وه‌ك بڵێی كورِانی ده‌شتی هه‌ولێر نه‌بوو به‌ره‌نگاری هه‌مووهێزی فاشیه‌تی به‌عس ده‌بوونه‌وه‌ به‌ هێزه‌ سیخورِو له‌رزۆكه‌كه‌ی عه‌قید حامیدی سه‌رۆك جاشی باوكی نه‌به‌زیش كه‌ ئێستا قایمقامه‌. وه‌ك بڵیی هه‌ر گوندێكی ئه‌م ده‌شتی هه‌ولێره‌ چه‌ندین شه‌هیدی نه‌بێت.

به‌رِێز جه‌نابی پارێزگار مانه‌وه‌ی ئه‌و كۆنه‌ جاش و كۆنه‌ به‌عسیو كۆنه‌ هینه‌ له‌ قایمقامێتی ته‌نانه‌ت به‌ به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ش كارێكی پرِله‌ خیانه‌تكارانه‌یه‌و ناكری كه‌ هه‌تا دوێنی راوی ئێمه‌یان ده‌نا. ئه‌مرِۆش هه‌ر ئه‌وانه‌ به‌ به‌رچاوی ئێمه‌دا بسوورِێنه‌وه‌و ببنه‌ ده‌مرِاستی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئێمه‌ خوێنمان بۆی رشت و خه‌ڵكمان بۆی كرده‌ قوربانی.

به‌رِێزت له‌م ماوه‌ كورته‌دا ناوێكی باشتان بۆ خۆتان دروست كردووه‌وهه‌وڵه‌كانتان جێگای رێزن. بۆیه‌ داواكارم هه‌ڵوێستی نیشتمانپه‌روه‌رانه‌ت وه‌ربگریت و رازی نه‌بی كورِه‌ ئه‌نفالچییه‌ك قایمقام یا به‌رِێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ناوچه‌یه‌ك بێت. كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ درێژایی مێژووتێكۆشه‌رو شۆرِشگێر بوونه‌.

لێتی ناشارمه‌وه‌ خه‌ڵكی ده‌شتی هه‌ولێرهه‌موو گیانیان بۆته‌ نارِه‌زایی له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌. بۆیه‌ داوات لی ده‌كه‌ین زوو به‌ هانامانه‌وه‌ بێیت. ده‌نا ناچار ده‌بین ئیتر له‌ رۆژنامه‌كان. ئه‌م كاره‌ساته‌ بخه‌ینه‌ روو. ناچار ده‌بین هانا بۆ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و په‌نا بۆ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ببه‌ین. بۆیه‌ دیسان داوات لی ده‌كه‌ین زوو چاره‌سه‌رێكمان بۆ بكه‌. له‌گه‌ڵ رێزمدا.

 

كورِه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرینی ده‌شتی هه‌ولێر

ده‌رچووی كۆلیژی یاساو رامیاری