ئه‌حمه‌دی نه‌جاد. . دوا بزمار له‌ تابوتی کۆماری ئیسلامی ئێران. . . مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندی

 

ئه‌حمه‌دی نه‌جاد به‌بی پێشینه‌ی سیاسی و به‌بی ده‌نگه‌کانی دانیشتوانی کوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و به‌بی ده‌نگی چاکسازیخوازانی کۆماری ئیسلامی ئێران پۆستی سه‌رۆکایه‌تی وه‌رگرت و بووه‌ شه‌شه‌مین سه‌رکۆمار له‌مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌م پیاوه‌ ئه‌کادیمی و ته‌مه‌ن 48 ساڵه‌. به‌ده‌نگی کی بووه‌ سه‌رکۆمار؟!ئه‌م سه‌رکۆماره‌ نوێیه‌ هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆی بۆ پۆسته‌که‌ی پاڵاوت جگه‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ڕاپێچی زیندانه‌کانی ناو شاری تاران کرابون که‌سێکی دیکه‌ له‌م وڵاته‌ گه‌وره‌یه‌دا نه‌یده‌ناسی!. ئه‌گه‌ر له‌بیریشتان بێت پێش سی ڕۆژ له‌ده‌ستپێکردنی پرۆسه‌ی ده‌نگدان له‌ ئێران. سه‌رۆکی ئه‌مریکا گوتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی له‌ئێران ده‌کرێت دیموکراسی نیه‌. مه‌هدی که‌روبیش له‌ جه‌وله‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌ڕاشکاوی باسی له‌ ته‌زویر و ساخته‌کاری ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ کرد و دوپاتی کرده‌وه‌ که‌ سوپای پاسداران و ئه‌فرادی ده‌زگا ئه‌منیه‌کانی وڵات (که‌هه‌مویان له‌ژێر کۆنترۆڵی موحافیزکارانی ئێراندان) . یه‌که‌و چه‌ند جارێک ده‌نگیان داوه‌. .

کۆنترۆڵی باڵه‌ توندڕۆکان له‌سه‌ر سیاسه‌ت و داهات و ئابووری ئێران جێگای شک نه‌بوو. خاته‌میش که‌هه‌ندێک به‌ دیارده‌یه‌کی نوێ وه‌سفیان ده‌کرد‘جگه‌ له‌هه‌وڵێک بۆ سوککردنی گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی سه‌ر سستمه‌ ئیسلامیه‌که‌ی ئێران هیچی دیکه‌ نه‌بوو. دوای ئه‌وه‌ی پلانی هه‌ڵۆکانی کۆشکی سپی له‌گۆڕینی ناوچه‌که‌ گه‌یشته‌ قۆناخێکی پێشکه‌وتوو. و ئه‌وانه‌ش له‌ پشت په‌رده‌کانه‌وه‌ سستمی ئیسلامی ئێران به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن هه‌ستیان کردوه‌ که‌ دیارده‌ی ڕیفۆرم خوازه‌کانی ئێران جگه‌ له‌ خۆڵ له‌چاوکردن نه‌بێت هیچی دیکه‌ نه‌بوه‌ و چاوی هه‌ڵۆکانی وه‌ک بوش و پاوڵ و رایس و چینی و ۆلفۆیتیز. زۆر له‌وه‌ تیژتربوو که‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌کانی (قوم) بتوانن وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش بخه‌ڵتێنن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ڕۆژی 25/6/2005 کۆتایی به‌و سیاسه‌ته‌ هات و ئێستا یاریزانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی ناو سستمی ئیسلامی ئێران خۆیان یاری ده‌که‌ن و دڵنیاشن که‌ یاریه‌کی دۆڕاو ده‌که‌ن. به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ که‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌کانی ئێران پێیان وایه‌ پرۆسه‌ی گۆڕانکاری له‌ وڵاته‌که‌یاندا هاوشێوه‌ی ئه‌فغانستان و ئێران ده‌بێت و ئه‌مریکا به‌ زه‌بری هێز سستمی حوکمڕانی له‌تاران ده‌گۆڕێت. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و له‌وانه‌یه‌ لێدوانه‌که‌ی ژه‌نه‌راڵ ریتشارد مایرز له‌ 29ی حوزه‌یرانی ساڵی رابردوو له‌جێگای خۆیدا بوبێت کاتێک گوتی: ده‌توانین له‌ 48 سه‌عاتتدا ڕژێمێکی وه‌ک ئێرانی ئێستا بڕوخێنین به‌ بی ئه‌وه‌ی یه‌ک سه‌ربازی ئه‌مریکا بڕواته‌ ئه‌و وڵاته‌. . ئێرانی ئێستا گره‌و له‌سه‌ر ورچه‌ پیره‌که‌ی مۆسکۆ ده‌کات و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ دۆسته‌ ئه‌وروپیه‌کانی له‌ده‌ست ده‌دات و ده‌یه‌وێت له‌ڕێگای دۆسێی به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌که‌یه‌وه‌ بێته‌وه‌ سه‌ر هێڵی سیاسه‌ت. که‌ ئه‌مه‌ش سیاسه‌تێکی کورتبینانه‌یه‌ و پێناچێت درێژه‌ بکێشێت. ئێرانیه‌کان گه‌یشتونه‌ته‌ حاڵه‌تێک له‌پڕبوون که‌ ته‌نها سه‌رکه‌وتنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراقدا به‌سه‌ بۆ هه‌ڵگێرانه‌وه‌ی هه‌موو هاوکێشه‌کان و لێره‌شدا ئێرانیه‌کان به‌ ئه‌زموونی خۆپیشاندانی قوتابیانی زانکۆکان و ئافره‌تانی نیگه‌ران له‌ یاسا تازه‌کان پشتئه‌ستوورن. له‌وانه‌شه‌ سه‌رۆکی تازه‌ی ئێران دوا کارتی باڵی موحافیزکارانی ئه‌م وڵاته‌ بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م که‌سایه‌تیه‌ که‌م ئه‌زموونه‌ بڕیاریدابێت فه‌رمانه‌کانی (قوم) جێبه‌جی بکات ئه‌وا ئه‌حمه‌دی نه‌جاد ئه‌و دوابزماره‌ ده‌بێت که‌ له‌ تابووتی سستمی سیاسی (ئێرانی ئیسلامی) ده‌درێت. . .