که‌ویاره‌که‌م.. . کاویار ئه‌حمه‌د

 

که‌ویاره‌که‌م..

له‌وه‌ته‌ی من،

چاوم له‌وڵاته‌دا، هه‌ڵێناوه‌

له‌ شه‌تره‌نج و کاشی نێو مالاَن

بترازی،

ره‌ش و سپیم به‌یه‌که‌وه‌

نه‌دیوه‌.. .

که‌وێکی ده‌نووک سوورو

هه‌ڵۆیه‌کی به‌رزه‌فڕم

له‌سه‌ر کانیاوێکی سازگار نه‌دیوه‌..

هه‌موو جۆگه‌له‌یه‌ک

 ئه‌م و ئه‌و،

 قوڕگی سه‌رچاوه‌که‌یان گرتووه‌

باج له‌ هه‌موو

تینوویه‌ک وه‌رده‌گرن،

جا چ له‌و دیو یا له‌و دیوه‌.. ..

 هاوینی 2003

 هه‌ولێر

 

 

 چاوه‌ڕوانیی

        

کوڕه‌که‌م..

ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی،

من و دایکت و

باپیره‌ت و نه‌نکت،

چاوه‌ڕێی تۆ ده‌که‌ن،

ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی،

ولاَت چاوه‌ڕوانی

هه‌موو ئه‌وانه‌ی وه‌ک تۆ ده‌کا،

له‌به‌رده‌م هه‌موو شتێکی جوان

دڵی خۆت مه‌که‌وه‌،

رازه‌کانت مه‌درکێنه‌.. ..

له‌ دوای هه‌موو دوعایه‌کی داڕێژراو

مه‌ڵی ئامین،

بڕوای خۆت مه‌دۆڕێنه‌.. ..

به‌ هه‌موو ئاشتبوونه‌وه‌یه‌کی

بی پاک بوونه‌وه‌،

متمانه‌ مه‌هێنه‌.. .

 ****

له‌ چاوتروکانێکدا،

 ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر براده‌ره‌که‌ت،

دراوسێکه‌تان، خوشکه‌که‌ت،

ئامۆزات، پورزات هات،

له‌بیر مه‌که‌و نه‌ڵێی ته‌واو.. .

ئه‌وه‌ی ئه‌وان نه‌یانتوانی

به‌جێی بگه‌یه‌نن،

هه‌وڵی بۆ بده‌،

مه‌هێڵه‌ جارێکی دیکه‌

بکه‌ویته‌ داو.. .

مه‌هێله‌، رۆژگارێکی وابێته‌وه‌.

درۆ شوێنی راستی بگرێته‌وه‌،

جۆگه‌له‌کان وشکبێته‌وه‌،

منداڵ له‌ جیاتی مه‌مکی دایکی

په‌نجه‌ی خۆی بمژێته‌وه‌.. ..

 ****

کوڕه‌که‌م..

ئه‌وه‌ دنیایه‌ ده‌ورانه‌

له‌وه‌ته‌ی من،

توانای بیرکردنه‌وه‌م هه‌یه‌،

هه‌ر که‌سێک ئاغایه‌و

ئه‌وی دیکه‌ش سه‌پانه‌،

قه‌بووڵکردنی هه‌موو شتێک،

 له‌ پێناو نانه‌.. .

به‌بیرته‌ منداڵ بووی،

نه‌ت ده‌خوارد ئه‌و نانه‌،

ئێستا گه‌وره‌ی،

وابزانم تێگه‌یشتووی

 بۆ نه‌ت ده‌خوارد ئه‌و نانه‌،

بۆ بێتام بوو ئه‌و نانه‌.. .

 کوڕه‌که‌م..

من چاک ده‌زانم،

ئه‌رکی سه‌ر شانی تۆ و هاوڕێکانت

زۆر قوڕس و گرانه‌..

بۆیه‌ زۆر جاران

پێم خۆش نه‌بوو

چاوت هه‌ڵبێت، له‌و زه‌مانه‌.. ..

لێم یه‌قین بوو رێگه‌ی به‌خته‌وه‌ری تۆو

ئه‌وانه‌ی وه‌ک تۆن،

هه‌موو هه‌ڵدێرو که‌نده‌رانه‌.. ..

 ****

کوڕه‌که‌م..

سوێند بی،

به‌هه‌موو شتێکی پاک

به‌و چاوانه‌ی خۆم،

ده‌مبینی، له‌ ناوه‌ڕاستی

بازاڕی ئه‌و شاره‌دا،

 بارووتی گولله‌ تۆپ،

وه‌ک یاری مندالاَن ده‌فرۆشرا،

مرۆڤێکی ته‌واو، بی گوناه

بۆ چه‌ند دینارێک،

ده‌کوژرا..

ئه‌ی به‌رخه‌که‌م..

ئه‌ی منداڵه‌ پیره‌که‌،

چاوت بکه‌وه‌،

وریا به‌، نه‌بادا مێژوو

خۆی دووباره‌ بکاته‌وه‌،

 رۆژگار زۆر داره‌، نه‌وه‌ک

له‌ نێو پێکی شه‌وه‌ سووره‌کانی

بازرگانانی خوێن

بتخواته‌وه‌.. .

****

چاوکراوه‌ به‌، زیندووبه‌

وه‌کو باوکه‌ نووسه‌ره‌که‌ت

له‌ خۆت مه‌که‌،

با نان په‌یدا کردن

له‌ هیچ شتێک سڵت نه‌کاته‌وه‌.. .

ماڵی دنیا و به‌رژه‌وه‌ندی (گه‌ڵ)

له‌ هه‌ڵوێستی مه‌ردانه‌

په‌شیمانت نه‌کاته‌وه‌..

تۆو هاوڕێکانت،

نوکی قه‌ڵه‌مه‌کانتان،

له‌ چاوی ئه‌وانه‌دا بچه‌قێنن،

هه‌موو هه‌وڵیان

بۆ ئه‌وه‌یه‌،

تۆوی دوو به‌ره‌کی بچێنن.. .

 ****

ووریابه‌،

له‌ چوار ده‌ورت، له‌ رابردووت،

 له‌ داهاتووت،

له‌ هه‌رچییه‌کی له‌و ولاَته‌دا رووده‌دات،

بڕوانه‌،

نه‌باده‌ بڵێن،گێله‌

یا نه‌زانه‌..

رێگه‌ مه‌ده‌،

قاچاغچیانی، فیدڕاڵی و

دیموکراسی و نه‌ته‌وه‌یی و

سۆسیالیستی و کۆمۆنیست و

مۆدێرنیزمه‌کان،

ئاودیوت بکه‌ن..

ریش درێژه‌کانی زه‌کات و

ئایینی ده‌رۆزه‌و فره‌ژنی

بت ته‌قێننه‌وه‌و له‌ خشته‌ت ببه‌ن،

یا له‌ نه‌خشه‌ی

ولاَتێکی دیکه‌دا

شه‌ڕی ئازادی و جیهادی

موسڵمان کوژیت پێبکه‌ن.. .

نه‌که‌ی بخه‌ڵتێی وبگه‌ڕێیه‌وه‌

زه‌مه‌نێکی کۆنتر.. .

به‌ فرمێسکی چاوی

 منداڵه‌ هه‌ژاره‌کان بڵێی

فرمێسکی تیمساح و

خه‌ونه‌ ره‌ش و سپییه‌کانیان

ناوبنێی،

خه‌ونی حوشتر.. .

 ****

کوڕه‌که‌م..

هیوای خه‌ونه‌ جێبه‌جی نه‌کراوه‌کانم،

واهه‌موو شتێکی ئه‌و مه‌مله‌که‌ته‌،

بی خۆشه‌ویستی و بی کاره‌بایه‌،

به‌چاوێکی زه‌ق،

لێم ده‌ڕوانن،

پی به‌ پی، سات به‌ سات

رۆژ به‌ رۆژ،

ساڵ به‌ ساڵ

چاودێریم ده‌که‌ن،

له‌ هه‌ڵسوکه‌وتم،

له‌ نووستنا، له‌ خواردنا،

له‌ نوێژدا، له‌ چوونه‌ مزگه‌وتا،

له‌ قوتابخانه‌،

له‌ شه‌راب نۆشتنا،

له‌ چاکه‌و له‌ خراپه‌دا،

که‌س درێغی ناکا

گله‌یی خۆی ده‌کاته‌ ته‌وق و

له‌ گه‌ردنی خه‌ونه‌کانمی ده‌ئاڵێنن.. .

ره‌فتاره‌ شه‌یتانییه‌کان و

هه‌موو خراپه‌کانی خۆیانی

پی ده‌شارنه‌وه‌و

ده‌یانه‌وی بم خه‌ڵه‌تێنن،

ده‌یانه‌وی بتخه‌ڵه‌تێنن.. .. .

 ****

کوڕه‌که‌م..

سه‌رت به‌رز که‌وه‌،

با چاوه‌کانت ببینم،

با له‌ تێروانینی چاوه‌کانت،

دڵنیابم، رێنماییه‌کانی من

ده‌تگه‌یه‌ننه‌ به‌نده‌ری ئه‌مان،

با شه‌رمه‌زار نه‌بم،

با شه‌رمه‌زار نه‌بم،

با شه‌رمه‌زار نه‌بم،

باچیدیکه‌ له‌ بوونی خۆم

له‌ بوونی تۆو نیشتمانه‌که‌م،

په‌شیمان نه‌بم.. ..

هه‌سته‌ زوو،

من، خێزانه‌که‌مان،

دراوسێکه‌مان،

گه‌ڕه‌که‌که‌مان،

شاره‌که‌مان،

نه‌ته‌وه‌که‌مان،

ولاَت، چاوه‌ڕوانه‌

تۆ پێشکه‌وی.. .

با نه‌گه‌یته‌ ئه‌و رۆژه‌ی

به‌ لوله‌ی تفه‌نگ،

پارووی نانت ده‌ستکه‌وی.. .

 ****

کوڕه‌که‌م..

بۆ قسه‌کانم،

چاک گوی رادێره‌

که‌س نه‌مابو، هیچ نه‌مابوو

نرخداربی له‌و شاره‌.. ..

رۆشنبیره‌کان، پیاو ماقوڵه‌کان،

پیرۆزترین مومته‌له‌کاتی خۆیان،

ده‌گۆڕییه‌وه‌، به‌ نان و پاره‌.. .

به‌ چاوی خۆمان بینیمان،

گولله‌ له‌ نان هه‌رزانتر بوو..

پیاو کوژ،

له‌ مامۆستا ماقوڵتر بوو.. .

درۆزن،

له‌ راستگۆ سنگ له‌ پێشتر بوو.. .

خوێنده‌وار، له‌ نه‌خوێنده‌وار

بی ده‌سه‌لاَتتر بوو.. .

کوڕه‌که‌م..

 ئه‌گه‌ر نایه‌ته‌ به‌رچاوت

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر، ئه‌وه‌یه‌

ئه‌و شاره‌م بی رۆژنامه‌ دیوه‌،

به‌رده‌وام ئه‌و شاره‌م بی ده‌نگ و

بی هه‌ڵوێست دیوه‌.. .

 ته‌مموزی 2002

 هه‌ولێر