دیمانه‌ له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند شیلان عوسمان

سازدانی دیمانه‌ …. هونه‌رمه‌ند هه‌ڵكه‌وت زاهیر

 شیلانی هونه‌رمه‌ند. یه‌كێكه‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ به‌توانایانه‌ی بواری موزیكی كوردی، شیلانی هونه‌رمه‌ند، چ وه‌ك ژه‌نیارێكی ئامێری فلوت و چ وه‌ك ده‌نگ. به‌شداری چه‌ندین ڤیستڤاڵی ساڵانه‌ی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كان و چه‌ندین كاری هونه‌ری كردوه‌، بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌ چالاكی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌پێوویستمان زانی له‌ نزیكه‌وه‌ ئه‌م دیمانه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز بده‌ین ….

هه‌ڵكه‌وت…چۆن خۆت ده‌ناسێنی؟

شیلان…. من ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی سلێمانیم، به‌شی موزیك، ساڵی 1992 -1993 ژه‌نیاری ئامێری (فلوت) م، وه‌ك ده‌نگ به‌شداری چه‌ندین كاری هونه‌ریم كردوه‌، چ له‌ په‌یمانگا چ له‌كاری هونه‌ری تایبه‌ت به‌ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك له‌وانه‌ كاك هه‌ڵكه‌وت له‌زۆر به‌ی كاره‌كاندا وه‌ك ده‌نگ به‌شداریم كردوه‌’، وابزانم له‌بیری ماوه‌…

 

هه‌ڵكه‌وت…جگه‌ له‌به‌ڕێزتان خانمێكی كه‌ هه‌یه‌ به‌ناوی شیلان عوسمان كاری هونه‌ری ده‌كات، باشتر وابوو نازناوێكتان هه‌ڵبژارده‌یا بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ نه‌كرێن له‌كاتی كاری هونه‌ریدا…

شیلان…من له‌ ساڵی1989 - 1990 كه‌چومه‌ته‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كان، وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری (فلوت) ناسراوم، به‌شیلان عوسمان

ده‌ست به‌كاری هونه‌ری بووم به‌و ناوه‌، من وا حه‌ز ده‌كه‌م، كه‌به‌و ناوه‌ ساده‌یه‌ بناسرێم، نه‌ك به‌ نازناوێكی دیكه‌.. ڕه‌نگه‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان وا پێوویست بكات كه‌نازناوێك هه‌بێت..

 

هه‌ڵكه‌وت…چۆن ده‌ڕوانیته‌ موزیكی كوردی به‌گشتی؟

شیلان…به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌وڵی باش هه‌یه‌ له‌چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكدا، به‌ڵام پێوویستمان به‌كاری هونه‌ری باشتر هه‌یه‌ بۆ پێشخستنی موزیكی كوردی..

 

هه‌ڵكه‌وت.. بواری گشتی ژه‌نیاری كورد چۆن ده‌بینیت؟

شیلان… له‌ كوردستان كه‌موو كوڕیه‌كان زۆرن، هه‌رله‌ژیانی ڕۆژانه‌وه‌، تا ژیانی هونه‌ری، چونكه‌ پێوویسته‌ هونه‌رمه‌ند، داهێنان بكات، به‌ڵام گرفته‌كان هێنه‌ زۆرن، ڕێ له‌داهێنان و كاری باش ده‌گرێت.

 

هه‌ڵكه‌وت.. وه‌ك بواری ئاواز دانان چ كارێكتان كردوه‌؟

شیلان…وه‌ك به‌رهه‌می مناڵان تا ئێستا توانیوومه‌ 5 كلیپ، بۆ كوردسات، تۆماربكه‌م. كه‌ ئه‌مانه‌ دانانی موزیكی خۆم بوون..

 

هه‌ڵكه‌وت…چ داوایه‌كت هه‌یه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندی كورد به‌گشتی له‌ كاربه‌ده‌ستانی كوردوستان؟

شیلان…داوا ده‌كه‌م بێ جیاوازی زه‌مینه‌ خۆش كرێت بۆ هونه‌رمه‌نده‌ به‌تواناكان، وه‌كه‌سانی باش و گونجاو له‌ ده‌زگاكاندا دابنرێن، كه‌له‌ هونه‌رمه‌ند تێبگات، بێ گومان ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی پێشخستنی هونه‌ری كوردی، به‌ڵام تائێستا وه‌ك پێوویست ئه‌و كه‌سانه‌ دانه‌نراون، وه‌داواكارم ئه‌و هه‌وڵه‌ بدرێت وه‌كاری بۆ بكرێت..

 

هه‌ڵكه‌وت…وه‌ك ژنێك چۆن ده‌ڕوانیته‌ بواری ژنی كورد، چ بواری هونه‌ردا چ له‌پێش خستنی بواری ژن له‌ كۆمه‌ڵگای كوردیدا؟

شیلان…به‌بۆچوونی من توانای هونه‌ری هیچ جیاوازی نیه‌ له‌نێوان ژن و پیاو دا، ته‌نها هه‌وڵی تاكه‌كه‌سه‌كه‌ خۆی ده‌ور ده‌بینێت، بۆ خزمه‌تی هونه‌ری كوردی. ڕه‌نگه‌ ژنێكی به‌هره‌مه‌ند بتوانێت ببێته‌ خاوه‌نی باشترین داهێنان و پێش خستنی كۆمه‌ڵگا، ئه‌مه‌ ڕه‌نگ دانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ توانای چه‌ندین ژنی كوردا.

 

هه‌ڵكه‌وت…حه‌ز به‌ده‌نگی كێ ئه‌كه‌یت؟

شیلان… مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی، له‌یلای فه‌ریقی، مه‌رزییه‌ی فه‌ریقی، فیروز، ماجده‌ ڕومی، شه‌كیرا كۆلۆمبی،

 

هه‌ڵكه‌وت…ژیانی ڕۆژانه‌ت چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌یت؟

شیلان…من ئێستا به‌رپرسم له‌ ئه‌رشیفی ده‌نگ و ڕه‌نگی، ئینستیوتی كه‌له‌پوری كورد، ڕۆژانه‌له‌ ئینستیوت كار ده‌كه‌م له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م دا

كه‌ئه‌ویش ئه‌ندازیاری ده‌نگه‌، هه‌روه‌ها ژه‌نیاری بێز گیتاره‌ له‌ گروپی سه‌هه‌ند.

 

هه‌ڵكه‌وت.. دوا چالاكیت چی بوو؟

شیلان…له‌ 28-5 ئه‌م ساڵدا سه‌فه‌رمان كرد بۆ شاری دیاربه‌كر، به‌شداریم كرد له‌ ڤیستیڤاڵه‌كه‌دا، زۆر به‌سه‌ركه‌وتووی گه‌ڕاینه‌وه‌.

 

هه‌ڵكه‌وت.. زۆر خۆش حاڵبووم به‌سازدانی ئه‌م دیمانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان.

شیلان.. منیش زۆر سوپاسی تۆ ده‌كه‌م هاوڕێی به‌ڕێز هه‌ڵكه‌وت گیان، وه‌ به‌خێرهاتنه‌وه‌ت ئه‌كه‌م بۆ كوردستان، وه‌ده‌ست خۆشیت لێ ئه‌كه‌م بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌مان وسوپاس بۆ هه‌موو لایه‌ك