پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌کوردستاندا ... جمال فتاح

  به‌شی سێیه‌م

له‌ته‌واوی ئه‌ووڵاته‌ پێشکه‌وتوانه‌ی که‌مافی مرۆڤیان تێدا پایه‌دارو پارێزراوه مه‌سه‌له‌ی بژێوی ژیانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و دابینکردنی ژیانیان له‌ڕووی ئابوریه‌وه‌ مه‌رجی یه‌که‌می مافه‌کانی مرۆڤه‌ له‌و وڵاتانه‌دا،بۆیه‌ گرنگو پێویستی سه‌رشانی ده‌سگا به‌رپرسه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌ که‌ بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌ی جه‌ماوه‌ر دابین بکه‌ن چونکه‌ یه‌کێک له‌پره‌نسیپه‌ گرنگه‌کانی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌هه‌ر وڵاتێکدا دابینکردنی بژێوی ژیانی خه‌ڵکه‌،بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش په‌رله‌مانی کوردستان به‌رپرسی یه‌که‌مه‌ بۆداڕشتنی یاسا تایبه‌ته‌کان له‌ڕووی بژێوی ژیانه‌وه‌ وه‌ک یاسای خانه‌نشین بۆپیرو په‌ککه‌وه‌ته‌و هه‌روه‌ها بڕینه‌وه‌ی موچه‌ بۆبێکاران به‌ئافره‌ت وپیاو تاکوپه‌یداکردنی کار وه‌ بڕینه‌وه‌ی مووچه‌ بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت ئافره‌تان له‌کاتی سکپڕی ومنداڵ بوون ومنداڵ به‌خێو کردنداوه‌ده‌سگا ته‌نفیزیه‌کانیش له‌سه‌ریانه‌ یاساکان به‌بێ چه‌ندوچون جێبه‌جێ بکه‌ن،له‌لایه‌کی که‌ دابینکردنی شوێنی نیشته‌جێبوون بۆهه‌موو هاو وڵاتیه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانی ده‌سگا به‌رپرسه‌کانی هه‌رێمی کوردستانه‌،له‌وانه‌یه‌ هه‌بێت بڵێت له‌ ناوچه‌که‌دا هێشتا هیچ ده‌وڵه‌تێک به‌وجۆره‌ ژیانی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌ی دابین نه‌کردووه‌ تاکو کورد دابینی بکات له‌وه‌ڵامی ئه‌وجۆره‌ بیر کردنه‌وانه‌دا ئه‌بێت بڵێم له‌وڵاتانی ئه‌وروپا خۆ زوربه‌یان جگه‌ له‌ پیشه‌سازیه‌کی مام ناوه‌ند هیچ به‌رهه‌مێکی که‌یان نیه‌ به‌ڵام چونکو وڵاتی یاسان و سامانی گه‌ل ته‌خشان و په‌خشان نابێت له‌نێوان چه‌ند که‌سێکدا هه‌مووئه‌و ئه‌رکانه‌شیان له‌سه‌ره‌ و فریای هه‌مووشتێکیش ئه‌که‌ون،به‌ڵام خۆکوردستان و ئێراق له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌ته‌ بۆیه‌ پێویسته‌ به‌زوترین کات ئه‌و یاسانه‌ دارێژرێن و جێبه‌جی بکرێن،بۆمه‌به‌ستی دابین کردنی بژێوی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ له‌کوردستاندا ده‌سگا به‌رپرسه‌کانی کوردستان نابێت نه‌سه‌یری وڵاتانی ده‌رو به‌رو نه‌سه‌یری ئه‌و یاساکۆنانه‌ش بکه‌ن که‌ وڵاتانی دواکه‌وتوو وبه‌تایبه‌تیش داگیر که‌رانی کورد په‌یڕه‌ویان لێکردووه‌ و په‌یڕه‌وی لێئه‌که‌ن چونکه‌ واڕچاوکراوه‌ و پێویستیشه‌ که‌کورد ڕچه‌شکێنی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ و داهێنانه‌کان بێت له‌ناوچه‌که‌دا،له‌لایه‌کی که‌ش یاسای گشت داگیر که‌ران پێش هه‌ر شتێک دژی کوردو مافه‌ ڕه‌واکانیه‌تی بۆیه‌ چاولێکردن و گوێلێگرتنی و په‌یڕه‌وی لێکردنی ده‌بێت حه‌رام بکرێت نه‌ک په‌یڕه‌وی لێبکرێت.

 ناونیشانی شوێنی نیشته‌جێبوونی هه‌ر هاوڵاتیه‌ک مه‌رجه‌ بزانرێت له‌لایه‌ن ده‌سگای به‌رپرس و فه‌رمانگه‌ی سه‌رژمێری هه‌رێمه‌وه‌ له‌لایه‌ک بۆچه‌سپاندنی یاساو له‌لایه‌کی که‌ش بۆلێپرسینه‌وه‌و ناسینه‌وه‌ی هاوڵاتیان له‌ڕوی مرۆیی ودابین کردنی ژیانیانه‌وه‌،که‌به‌داخه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ گرنگه‌ی ژیان تاکو ئێستاش له‌کوردستان بوونی نیه‌ یان هه‌شبێت زۆر کلاسیک و لاوازه‌،ئه‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نه‌ش واته‌ ناونیشانی جێگای نیشته‌جێبوونی هه‌ر هاووڵاتیه‌ک دیار نه‌بوو نه‌خزمه‌تی مرۆیی به‌ته‌واوی ئه‌توانرێت پێشکه‌شی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک بکرێت نه‌سه‌ر ژمێری ته‌واویش له‌به‌رده‌ستدا ئه‌بێت بۆ پێشکه‌ش کردنی خزمه‌تگوزاریه‌ مرۆڤایه‌تیه‌کان له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌وه‌،لایه‌نی شوێنی نیشته‌جێبوون له‌لایه‌ن وڵاتانی پێشکه‌وتنخوازه‌وه‌ زۆرگرنگی پێدراوه‌و هێڵی ئه‌نتێرنێت رۆڵی زۆر گرنگ ئه‌بینی له‌ڕووی تۆمارکردن ودۆزینه‌وه‌و نیشاندانی په‌له‌ی ناونیشانی هه‌رتاکێکی کۆمه‌ڵگا به‌تایبه‌تی له‌وڵاتانی ئه‌وروپاو له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ شانشینی بریتانیا،هیواخوازم پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ و گشت خزمه‌تگوزاریه‌مرۆییه‌کان له‌کوردستاندا به‌شێوه‌یه‌کی خێرا بخرێنه‌ خزمه‌تی کومه‌ڵگای کوردستان،له‌گه‌ل ڕێزی بێپایانم بۆگشت مرۆڤ دۆستێکی کورد …

 

 کۆتایی…..

 21/6/2005