ئازادی به‌ بێ نان بێ واتاترین چه‌مکی ژیانه‌! ... ساقی بارزانی

 ڤیرجینیا – ئه‌مریک

ا

ئه‌م به‌یانییه‌ له‌ ئاژانسی ده‌نگ و باسی په‌یامنێردا1، هه‌واڵێکی زۆر دڵته‌زێن و خه‌فه‌ت هێنه‌رو ویژدان هه‌ژێنه‌ر بڵاو کرایه‌وه که‌ ڕاستییه‌کی تاڵی‌تری سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ناله‌باری کوردستان و باری ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی هه‌ژاری بۆ ‌ده‌رخستین و زۆر ویژدانیی بریندار کردم. ئه‌م هه‌واڵه‌ گوزارشت له‌ نه‌داریی خێزانێکی 2 خوشکی به‌ناوی (قه‌دریه‌و سه‌بریه‌) ده‌کات که 29 ڕۆژه‌ به‌ هۆی بێده‌رامه‌تی وهه‌ژاری و نه‌دارییه‌وه‌ نانیان نه‌خواردووه و دواتر ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ کراون و دکتۆره‌کان دوای پشکنینی فیزیکی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاکامه‌ که‌ هۆکاری ڕاسته‌قینه‌ی نه‌خۆشییان نه‌ک که‌مخوراکی یان به‌د خوراکی به ‌ڵکوو بێ خوراکی بووه!!! راپۆرته‌که‌ ئاماژه ‌به‌‌ وه‌ش ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ دیارده‌یه‌کی به‌ربڵاو و دامه‌نگیری کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یه‌. ئه‌مه‌ ته‌نیا نموونه‌یه‌که ئاشکرا بووه‌ و ده‌شێ ئه‌گه‌ر لێکۆلینه‌وه‌یه‌کی راسته‌قینه‌ له‌مه‌ڕ کێشه‌ کۆمه‌لایه‌تی‌یه‌کان بکه‌ن و ئامارێکی ڕاست و دروست تۆمار بکرێت، پتر ڕوپوشی ڕاستیی هه‌ڵده‌ماڵرێت و ده‌سه‌ڵمێنرێت که‌ ڕێژه‌یه‌کی زۆری کوردستانییه‌کان له‌ ژێر هێڵی نه‌داریی ژیان ده‌گوزه‌رێنن (خۆم له‌ سه‌ردانی ساڵی 2001 م بۆ کوردستان‌ تا ڕاده‌یه‌ک شایه‌تحالی ئه‌م ڕاستییه‌ بووم‌) !! ئه‌مه قه‌یرانێکی مرۆڤایه‌تییه‌ نه‌ خاسمه‌،له‌ دوای تێپه‌ڕبوونی 13 ساڵ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی و سه‌رکه‌و‌تنه‌کانی ئێستای کورد له‌ چوارچێوه‌ی (سه‌رکۆمار و سه‌رۆکی هه‌رێم) و له‌م هه‌نگامانه‌ی که‌ هێشتا له‌ زۆربه‌ی شاره‌کانی کوردستان و هه‌نده‌ران دا ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتنه‌کان ده‌گێڕێن، له‌ ناو جه‌رگه‌ی کوردستاندا خه‌لکی له‌ برسان ده‌مرن!. له‌ هه‌مووی گرنگتر و سه‌یرتر سکاڵای پۆلیسی هه‌ولێره‌ دژ به‌م 2 خوشکه‌ هه‌ژاره‌ که‌ گوایه‌ ئه‌مه به کارێکی خۆکوژیی له‌ قه‌له‌م ده‌درێت و ده‌بێ بدرێنه‌ دادگا!! له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک که‌ ڕێژه‌ی تێگه‌شتن و ڕۆشنبیری به‌رپرسانیی تا ئه‌‌م ڕاده‌یه‌ بێت، ده‌بێت چ هیوایه‌ک به‌ گۆڕانکاریی بنه‌ڕه‌تی و وه‌دی هێنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکراسی و یه‌کسانیخواز هه‌بێت. ئه‌مه‌ سۆنگه‌ی تێنه‌گه‌شتنی تاک و کۆمه‌ڵی به‌رپرسانی کورده‌ له‌ هه‌مبه‌ر به‌رپرسێتییه‌کانیان.

ئه‌مه‌ له‌و ڕووداوانه‌یه‌ که‌ له‌ ته‌له‌فیزیونه کوردییه‌کان پیشان نادرێن و زۆر به‌ ده‌گمه‌نیش میدیای کوردی ئاماژه‌یان پێ ده‌کات! ئه‌م ڕاستییه‌ بۆشاییه‌کی مازن و زه‌قی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی ده‌رده‌خات که له‌ که‌مته‌رخه‌میی‌ بانگه‌شه‌که‌رانی یه‌کسانی و ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و به‌ تایبه‌ت مافی ژن خۆی ده‌نوێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م 2 خوشکه‌ له‌ بری ئافره‌ت پیاو بوونایه‌، ئایا به‌م شێوازه‌ دزێوه‌ دووچاری ئه‌م قه‌یرانه ده‌بوون؟؟! که‌ خۆی له‌‌ خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نایه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و کارو بار و جیاوازیی باوی ڕه‌گه‌ز و جه‌نده‌ری کۆمه‌ڵگای پاتریاکی کورده‌واری.. .. .. .

 هه‌ژاریی تێگه‌شتن و مه‌عنه‌ویی هه‌ژاریی ماددی به‌رهه‌م دێنێت و گه‌نده‌ڵی ده‌سه‌ڵات و ئیداری، هه‌ژاریی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌خوڵقێنێت.

 دابین کردنی خزمه‌تگوزاریه سه‌ره‌‌تایی‌یه‌کان به‌ ئامانجی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی ژیانی خه‌لکی بۆ سه‌رکه‌وتن و به‌خته‌وه‌رییان به‌ بێ‌جیاوازی،، قه‌لاچۆ کردنی گه‌نده‌لی ئیداری له نێو‌ هه‌موو چین و توێژه‌کانی حكوومه‌تی کوردی، یه‌کسانی هاووڵاتیان،سه‌قامگیر کردنی یاسا، دابین کردنی کار یان موچه‌ی مانگانه‌ بۆ نه‌داره‌کان، ئابووری یه‌کسان بۆ پیاو و ژن، پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و دابین کردنی ئاسۆیه‌کی گه‌ش بۆ منداڵان و سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی هاوچه‌رخ وسه‌‌‌رده‌مییانه‌، له‌ ئه‌رکه‌ بنه‌مایی‌یه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی حکوومین..

ئاخۆ ده‌بێت چه‌ندین سه‌برییه‌ و قه‌دریه‌ی‌تر شه‌وانه‌ برسێتی ته‌نگیان پێ هه‌لچنێت و به‌ سکی برسی سه‌ر بخه‌نه‌ سه‌ر سه‌رین؟ لێپێچینه‌وه‌ له‌م ڕووداوه‌ به‌رپرسێتی هه‌موو مرۆڤێکی خودان ‌ویژدانه. ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی و ئایینی و مرۆڤایه‌تی یه‌ که‌ بۆ ئه‌م کێشه‌یه‌ هه‌ڵوێست بنوێنن و به‌په‌رۆش بن.. .. ئاخۆ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی حکوومی به‌ دڵسۆزی کاره‌کانیان راپه‌ڕێنن و داهاتی کوردستان به‌ یه‌کسانی دابه‌ش بکه‌ن، ئه‌م 2 خوشکه‌ وایان لێده‌هات؟ ئه‌گه‌ر به‌رپرسه‌کان له‌بری ڕابواردن و خواردنه‌وه‌ و خوشگوزه‌رانی و دزینی پاره‌ی هه‌ژار و فه‌قیر، به‌ دڵسۆزی کارییان بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی و یارمه‌تی خه‌لکی کردبا، هه‌ژاری له‌و ئاسته‌ قێزه‌وه‌نه‌ی ئێستا له‌ کوردستان ده‌مایه‌وه؟؟؟

بێشک سه‌بریه و قه‌دریه، ئه‌گه‌ر ڕه‌وشت و ئاکاریان به‌ لا گرنگ نه‌بووایه‌، قه‌ت تووشی ئه‌م کێشه‌یه‌ نه‌ده‌بوون! ته‌نانه‌ت له‌و‌ باره‌ ناخۆشه‌ش دا، داخوازییان له خه‌لک و‌ حکومه‌تی کوردی نه‌ پاره‌یه‌و و نه‌ نان، به‌ڵکوو داوای کار ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ نیشانده‌ری به‌رزی نه‌فس و ڕێزی خۆیانه‌! ئایا حکومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌م تاکه‌ داخوازییه‌‌شیان جێ به‌ جێ بکات؟؟!! ئه‌گه‌ر ناشێن با ئه‌و به‌رپرسانه‌ له بێ که‌فایه‌تی‌ واز له‌ پۆسته‌کانیان بێنن. چونکه‌ ئه‌مه‌ شووره‌یی ‌یه‌ بۆیان وئه‌وانن که‌ ده‌بێت بدرێنه‌ دادگا نه‌ک ئه‌م 2 خوشکه.

با بزانین که‌ چۆن داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و مافی ژن و بانگه‌شه‌که‌رانی دیموکراسی و کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و یه‌کسانیی کۆمه‌‌ڵایه‌تی گوزارشت له‌م قه‌یرانه‌ ده‌که‌ن و به‌ هانای ئه‌م دوو خوشکه‌ دێن. کامانه‌ن تیوریسته‌کان و ئایدیولۆگه‌کان؟ له‌ کوێن ئه‌و ڕێکخراوه‌ حکوومی و ناحکوومی و نێو نه‌ته‌وه‌‌یی‌یانه‌ی میلیۆنه‌ها دۆلار به‌ ناوی کۆمه‌ک به‌ خه‌لک و پرۆژه‌ی جۆراوجۆر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام ڕه‌وانه‌ی بانقه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌که‌ن! فه‌رموون بڕوانن له‌ نێو کیشمه‌کیشی ده‌سه‌ڵات و کۆمپیانیاو بازاڕه‌کانتاندا مرۆڤایه‌تی له‌ بیر کراوه به جۆرێک که‌ ئاگاتان له برسێتی ئه‌و خه‌لکه هه‌ژار نه‌ماوه‌ که‌ له‌ حه‌زره‌تی پارووی نانێکن. له‌ ته‌نیشت ئه‌م پرۆژه‌ نێو نه‌ته‌وه‌یی‌یانه‌تان و له‌ ناخی کوردستانی ئازادکراودا که‌ مێوانداریی عه‌ره‌ب و تورک و فارس و ئه‌مریکی و.. .. .. ده‌که‌ن، دوو مرۆڤ، دوو ژنی کورد وا له‌ برسان ده‌مرن. ئه‌و مرۆڤانه‌ی که‌ نه ئازادی فریایان ده‌که‌وێت و نه‌ دیموکراسی، و هیچ کام له‌ چه‌مکه‌ ئایینی و فه‌لسه‌فی وسیاسی‌یه‌کانتان فریایان ناکه‌وێت. و بۆیان ئازادی به‌ بێ نان بێ واتاترین چه‌مکی ژیانه‌!!

بۆ برسییه‌کانی نیشتیمان

من نه‌ شه‌یدای ئاسمانڕووشێنه‌رم

نه‌ په‌رۆشی جیهانی بوون

 نه‌ به‌ دوای گه‌نجی قاروون

من په‌رۆشی پاروویێ نانم!

لێتان سه‌ندم،

مافه‌کانم،

ئازادییه‌ تاکه‌کانم

له‌ قه‌فه‌زی چواردیواری مه‌رگیش

سه‌ر نانوێنم

به‌ قوولترین تاسه‌کانم

 په‌رۆشی مانه‌وه‌ی ئینسان،

مه‌رگی ویژدان

دایکی نیشتمانم.


1-

http://www.peyamner.com/article.php?id=12977&lang=kurdish