ئایا به‌عس له‌ كوردستان رِیشه‌ كێش ده‌كرێت؟؟؟پێشكه‌شه‌ به‌ یادی (ئازاد و جه‌میل و نه‌وزاد و سالار) ... عه‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 16-6-2005

بانگه‌وازێكم له‌سه‌ر رِیشه‌كێش كردنی به‌عس له‌ كوردستان نووسی، دوو كۆرِه‌ شه‌هیدی قاره‌مان وه‌ڵامی بانگه‌وازه‌كه‌ی منییان دایه‌وه‌، ئه‌وانیش كورِه‌كانی شه‌هید كۆچه‌ر و شه‌هید عادیل سه‌لیم بوون، هه‌ردووكییان كورِی دوو شه‌هیدی قاره‌مان و ناسراوی شاری هه‌ولێرن، هه‌ردوو وه‌ڵامه‌كه‌ به‌ یه‌ك بۆچوون و نه‌فه‌س نوسراون، ئه‌ویش نه‌فه‌سی بێ ئومیدییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رِیشه‌كێش كردنی به‌عس له‌ كوردستان، ئه‌مه‌ ته‌نها وه‌ڵامی ئه‌و دوو كورِه‌ شه‌هیده‌ نییه‌، وه‌ ته‌نها قسه‌ی منیش نییه‌، كه‌ كورِی كه‌سێكم چاره‌نوسی بابم وه‌ك باوكی ئه‌وان بووه‌، ته‌نها رِه‌نگی سه‌نگه‌ره‌كه‌ی جیا بووه‌، به‌ڵكه‌ ووه‌ڵامی كه‌س و كاری هه‌موو شه‌هیدان و پاشماوه‌ی قوربانییانی كوردستانه‌. ئه‌و ووه‌ڵامه‌ ئاهو ناڵه‌ی هه‌زاران كورِه‌ شه‌هیدی وه‌ك رِزگار و شه‌ماڵ و هه‌زاران باوكی وه‌ك مام فه‌تاح و ئه‌حمه‌د قاناته‌**، دایكانی جه‌رگ سوتاوو كورِان و كچانی باوك ئه‌نفالكراوو و شه‌هیده‌، ئه‌و ئاهو ناڵه‌یه‌یه‌ به‌رده‌وام مێشكییان ئه‌كرۆژێت، بیرییان ده‌فرِێنێت، گوڵی ژیانییان سیس ده‌كات، ده‌رونییان ئازاره‌ دات.

چۆن بێ ئومێد نه‌بن، ئه‌و خه‌ونانه‌ی ئازیزانییان گیانییان له‌ پێناویدا به‌ختكرد، به‌ ئه‌نجام نه‌گه‌یی له‌ رِیشه‌كێشكرنی به‌عس، ئه‌و تاوانبارانه‌ی به‌شێك بوون له‌و ده‌زگایه‌ی ناوی به‌عسه‌ ئازیزانییانی شه‌هید كرد، ئێستا نه‌ك رِیشه‌ كێش نه‌كراوه‌ له‌ كوردستان، بگره‌ بالإ ده‌ستیشه‌.

نازانم ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی ئه‌مرِۆ هه‌یه‌، به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشانی شه‌هیدانه‌، یان به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشانی به‌عسی و جاش و فایلداره‌كانه‌؟؟؟. ئه‌گه‌ر به‌رهه‌می خوێن و خه‌باتی شه‌هیدان و قوربانییانه‌، ئه‌وانه‌ی ئه‌مرِۆ كوردستان به‌رِێوه‌ ده‌به‌ن له‌ كام به‌ره‌ن؟؟؟؟.

ئاماره‌كان باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌، پاشماوه‌ی قوربانییان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا به‌هێزن؟؟، یان به‌عسییه‌كان؟؟. كورِی چ شه‌هیدێكی ئاسایی ده‌بینن له‌به‌ر خاتری قوربانییه‌كه‌ی له‌ پله‌یه‌كدا بێت؟، به‌ڵام ده‌توانم ده‌یان و سه‌دان به‌عسی و فایلدار بژمێرم له‌ لوتكه‌ی هه‌ره‌می به‌رِێوه‌به‌رایه‌تیدا بن.

 فایلدارو به‌عسییه‌كان چۆن به‌ ئێمه‌ پاكسازی ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر یه‌ك دنیا نهێنی (جۆراو جۆر) یان لا بێت. فایلدارێك له‌م رِۆژانه‌ به‌ كه‌سێكی ووتبوو، تورِه‌م كه‌ن هه‌مووی ئاشكرا ده‌كه‌م. تا سه‌رانی كورد له‌ ترسی ئه‌و ئاشكرا كردنانه‌ دڵییان له‌ناو مشتییان بێت، ئه‌وا به‌عس له‌ كوردستان رِیشه‌ كێش ناكرێت، رِوحی شه‌هیدان (ئازاد و جه‌میل و نه‌وزاد و سالار) * و سه‌دان هه‌زاری دیكه‌ش ئارام نابێت.

*چوار كورِی مام فه‌تاح (مه‌ڵا شكور) ن، پێكه‌وه‌ شه‌هید كران، خه‌ڵكی شۆرجه‌ی كه‌ركووكن، تاوانییان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ بوو، باوكییان پێشمه‌رگه‌ بوو (حزبی شیوعی عێراقی) .

**ئه‌حمه‌د قانات، جوتیارێكی گوندی شه‌وگێرِه‌، 5 كورِی شه‌هید بووه‌ (ی ن ك) .