طةأانةوة
حةمةسةعيد حةسةن
دێمه‌وه و دڵ
نه‌ك پێ،
ده‌نێمه سه‌ر
خاكی خاوێنت،
دێمه‌وه و
گشت گیانت ماچ ده‌كه‌م،
له ته‌وقی
سه‌رته‌وه
هه‌تاكوو
داوێنت.
دێمه‌وه و هێنده بۆ دیدارت
عه‌زره‌تی و تامه‌زرۆم،
به لێزمه‌ی فرمێسكم
ڕووخساری یه‌كه‌مین گابهردت
پاك ده‌شۆم.
دێمه‌وه و له
ئاوی سه‌رچاوه‌ت
تینوێتیی
ساڵانی غه‌ریبیم ده‌شكێنم،
دێمه‌وه و به
شانه‌ی مژۆڵم
په‌رچه‌می
دهوهنت دادێنم.
دێمه‌وه و به گرد و چیاتا هه‌ڵده‌زنێم
دێمه‌وه و چی شار و لادێته ده‌گه‌ڕێم.
دێمه‌وه و
ئه‌وه‌نده شه‌كه‌تم
بهردێكت
ده‌كه‌مه بالیف و
لێی ده‌نووم،
دێمه‌وه و
ڕۆحی پڕ حه‌سره‌تم
له دار و له
به‌ردت هه‌ڵده‌سووم.
30. 10. 2004
مژۆڵ: برژانگ
بالیف:
سه‌رین