كةركوك .. دلَة .. قودسة .. يان هيض كاميان؟؟؟ ... مةهدي غةمبار

 

 به‌درێژایی مێژوی جوڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌لی کورد له‌ باشوری وڵاته‌که‌‌مان ، پشت ئه‌ستور به‌ بڕوا بون به‌ چاره‌سه‌ری ئاشتیانه بۆ کێشه‌ ڕه‌واکه‌ی ، زۆر جار و له‌ چه‌ندان کات و سه‌رده‌می جیاوازدا ده‌ست به‌رداری به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی چه‌کداری بوه و خۆی بۆ قۆناخێکی تری خه‌بات گواستۆته‌وه که خۆی له گفتوگۆی ئاشتیانه‌‌ی سه‌ر مێزی وتووێژی چاره‌سه‌ری برایانه‌دا دۆزیوه‌ته‌وه !

 له به‌رامبه‌ریشدا ، هه‌میشه‌ مه‌رام و نیاز و مه‌به‌ستی دوژمنانیش کات به‌سه‌ر بردن و خۆ قایم کردن‌ و خۆ دزینه‌وه و پاشه‌کشه‌ و خۆ له‌گێل دان بوه له‌ داخوازیه‌کانی گه‌لی کورد ، دوای به‌ ئاکام نه‌گه‌‌یشتنی وتووێژه‌کان دوژمن به‌ شێوازێکی دڕندانه‌تر له‌هه‌مبه‌رمان وه‌ستاوه‌ته‌وه که به‌پێویستی نازانم بابه‌ته‌که‌م بۆ ئه‌وه ته‌رخان بکه‌م .

 ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ لێره‌دا باسی لێوه بکه‌م مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکه که‌پێم وایه‌ هه‌میشه کلیلی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانمان بوه له‌گه‌ڵ میریدا و له هیچ کام له دانوساندن و گفتوگۆکانماندا له گه‌ڵ ناوه‌ند ، هیچ حیزب و لایه‌نێک مساوه‌مه‌ی له‌سه‌ڕ که‌رکوک نه‌کردوه و ئاماده‌ نه‌بوه به‌تاوانێکی مێژویی ڕابێت که که‌رکوک له‌ وڵات داببڕێت . ئێمه‌ش به‌تێکڕا له‌ هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌دا سه‌ر و سامانمان له‌ ئیختیاری جوڵانه‌وه‌که‌دا داناوه‌و و سه‌نگه‌ری به‌ره‌نگار بونه‌وه‌مان پڕ کردۆته‌وه .

 له دوای ڕاپه‌ڕینه پڕ شکۆکه‌ی به‌هاری 91 و ئازاد کردنی تێکڕای شار و شارۆچکه‌ کوردیه‌کان به‌ که‌رکوکیشه‌وه که‌ ئه‌و کات هێشتا نه‌بوبو به (دڵ) و (قودس) ! دواتر جڵه‌و شۆڕکردنی ڕژێم له‌لایه‌ن ئه‌مریکیه‌کانه‌وه و دوباره‌ داگیرکردنه‌وه‌ی کوردستان له‌ لایه‌ن سوپای کاره‌سات و تاوانه‌وه ، که که‌رکوک تا ڕوخانی ڕژێم هه‌ر به‌داگیر کراوی له پاڵ خانه‌قین و هه‌ندێ شارو شارۆچکه‌ی تر مایه‌وه .

 له‌ ساڵی 1992 و له پای پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و به‌ مه‌به‌ستی ڕاکێشانی سرنجی جه‌ماوه‌ری کوردستان به‌گشتی و که‌رکوکیه‌کان به‌تایبه‌تی به‌لای خۆدا ، هه‌ردو حیزبه گه‌وره‌که‌ی کوردستان و له زاری هه‌ردو سه‌رکرده‌وه که‌رکوک گۆڕا بۆ (دڵ و قودس) ، ڕه‌نگه‌ سه‌رپێیانه بیر له‌و دوو ناو و لێک چونه‌ بکه‌ینه‌وه پڕ به‌باڵای پیرۆزی و گه‌وره‌یی که‌رکوک ‌بن !؟

 ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی تر بیانخوێنینه‌وه ، که باس له (دڵ) ده‌که‌ین ، پێم وایه‌ له‌شه‌کان به‌ لێدان و ترپه‌ی دڵه‌وه به‌ندن و هه‌رکات له‌لێدانیش که‌وت ئه‌وه‌ که‌سه‌که‌ ده‌مرێت و کۆتایی به‌ ته‌مه‌نی دێت ! که‌سیش و هیچ دڵێکیش نیه که‌ هه‌تا هه‌تا بمێنێته‌وه ، که‌واته که‌رکوکی دڵیش ڕۆژێک دێت و له‌لێدان ده‌که‌وێت و به‌له‌لێدان که‌وتنیشی که‌واته ئه‌میشمان فت !!

 ئه‌گه‌ر به (‌قودس) یشی بزانین و بچوێنین ، ئه‌وا له‌ بنه‌ڕه‌تدا قودس نه هی کورد بوه و نه بۆ کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌ نه‌ک ئاین گرینگ بوه ، به‌ زۆر و زه‌بری شمشێر به‌کوردیان ناساندوه و ڕویان پێی وه‌رگێڕاوه بۆی !! ئیتر بۆ چی که‌رکوکێک که نیشتیمانی کورد بێت و ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب لێمانی زه‌وت کردبێت و نکۆڵییان له کوردبونی کردبێت و بکه‌ن ، بۆ ده‌بێ ئێمه ئه‌م ناوه‌ی پێوه بلکێنین تا بۆ ئه‌وان زیاتر پیرۆزی بکه‌ین و له جیاتی قودسه‌که‌ی که تا ماون ده‌بێت هه‌ر بڵێن قودسه‌که‌مان . . بۆی بناڵێنن ! له جیاتی ئه‌وه ڕوی تێ بکه‌ن ! و به‌ زێدی خۆیان و حه‌فتا پشتی خۆیانی بزانن !

 کێشه‌ی من له‌مه‌شیاندا نیه که‌ به‌ چیان ناو بردوه ! من ده‌ڵێم بۆ‌چی ئێستا ئه‌و ناوانه‌ی که له کاتی هه‌ڵبژاردنی 92 دا پێتان ڕه‌وا ده‌بینی و هه‌رلایه‌ی به‌جۆرێک باسی له‌ گرینگی خۆی بۆ که‌رکوک ده‌کرد و ده‌وترا (ئه‌گه‌ر فڵان ده‌رنه‌چێ . . . که‌رکوکمان له‌ده‌س ده‌چێ) و له‌ به‌رامبه‌ریشدا لای دوه‌م ده‌یگوت (ئه‌گه‌ر فڵان ڕابه‌ر بێ . . . که‌رکوک هه‌ر هی کورد ده‌بێ) ئێستا له 2004 دا پێی ڕه‌وانابینن و ئه‌گه‌ر بۆ دڵدانه‌وه‌ی که‌رکوکیه‌کانیش بێت جارێک له کۆڕ و کۆبونه‌وه‌کانتان له‌ گه‌ڵ برا عه‌ره‌ب و تورکمانه‌کانماندا بڵێن (کرکوک قلب کردستان) ئه‌ویتریش بڵێ (کرکوک قدس کردستان) !! یان ئه‌وه‌تا هه‌ر به‌کوردی ده‌تانزانی وابڵێن و ئه‌مڕۆش به‌هۆی پێ شێلکردنی مافی ده‌نگدانی که‌رکوکیه‌کان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستاندا ڕه‌نگه‌ وه‌ک ئه‌وکاته‌ سرنج و ڕاکێشانی که‌رکوکیه‌کان گرینگ نه‌بێت !! چونکه ئه‌و گفتو گۆیانه‌ی که له‌ کاتی خۆیدا گه‌ڵ ڕژێمدا له‌ سه‌ر له‌ کوردستانی که‌رکوک تێک ده‌دران و به‌ ئاکام نه‌ده‌گه‌یشتن بۆچی ئه‌مڕۆ له تای ئه‌و هه‌مو غه‌در و ناڕه‌واییه‌ی به‌رامبه‌ر به‌کورد ده‌کرێت بێ ده‌نگ ده‌بن و له‌یه‌کێک له کۆڕ و کۆبونه‌وه‌کانی که‌رکوکدا به‌ ئاقاری ته‌نانه‌ت چاوسورکردنه‌وه‌یه‌کیشدا ناڕۆن نه‌با خوانه‌کرده دڵی براکانمان و به‌هۆی ئه‌وانیشه‌وه خزمه‌کانمان لێ بڕه‌نجێت و زویر ببن ؟ .

 بۆ ئه‌مڕۆش هه‌م زه‌مینه‌که‌ له‌بار تر و گونجاو تره هه‌میش دونیای ئه‌وڕۆ دونیای دوێنێ نیه و هه‌میش کورد وه‌ک گه‌لێک که ‌‌هه‌مێشه جێ ده‌ست و ڕۆڵی کاریگه‌ری له‌ گوڕانکاریه‌کاندا هه‌بوه و له‌ کۆی هه‌مو ئه‌و هێزانه‌ی تریش که‌ خۆیان به‌ده‌م ڕاستی عێراق ده‌زانن زیاتر خه‌باتی کردوه و قوربانی داوه ، ئه‌مڕۆ له‌که‌س قبوڵ ناکرێت که که‌رکوک به‌ شاری کورد نه‌ناسێت و سه‌ودا و مامه‌ڵه به کوردبونی که‌رکوکه‌وه بکات و له ئاستی ئه‌وانه‌ی زمانیان گۆ ناکات ناوی کورد ببه‌ن نزمی بکێشن و دۆژدابمێنن !! .

 ئه‌گه‌ر هێزه‌کوردیه‌کان له‌م ڕۆژگاره‌دا له‌ژێر پاساوی سیاسه‌ت به‌ نیازی ئه‌مه‌بن ! ئه‌دی ئه‌و هه‌مو خوێنه‌ی ئێمه‌یان له ماوه‌ی 40_50 ساڵ خه‌باتدا بۆ به‌فیڕۆ ڕژان ؟ ئه‌دی ئه‌و هه‌مو ماڵوێرانکاریه‌تان بۆ به‌سه‌ر خه‌ڵکی کوردستاندا هێنا ؟

 من ناڵێم له‌ که‌رکوکدا نابێت هیچ نه‌وه‌یه‌کی تر مافی ژیانی هه‌بێت ، له هاوشانی کوردا له که‌رکوک تورکمان و مه‌سیحی و کلد و ئاشوری و عه‌ره‌ب بونیان هه‌ریه‌که‌یان به‌ قه‌د خۆی هه‌بوه ، که‌سمان ئه‌م ڕاستیه‌مان پێ ناشێوێنرێت و له پای شیواندنیشیدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بین ! به‌ڵام نابیت له‌ژێر هیچ جۆره بیانو و پاساوێکدا ، چاو له عه‌ره‌به‌ هاورده‌کان بپۆشرێت و کاری دڵسۆزانه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی کورده‌ ده‌رکراوه‌کانی که‌رکوک نه‌کرێت و ڕێگا بدرێت هیچ گه‌ل و که‌مینه‌یه‌کی تر ، کوردستانی بونی که‌رکوک ڕه‌ت بکاته‌وه و دژایه‌تی ئیراده‌ی گه‌له‌که‌مان بکات ! ده‌مانه‌وێت به‌ کرده‌وه‌ ئه‌مه‌مان بۆ ئبه‌ئه‌نجام بگه‌ێنن نه‌ک به‌ قسه‌ی ڕوت چونکه‌ هه‌مومان له‌و جۆره‌ دروشمه‌ بریقه‌دار و مناڵ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنانه مێشکمان کاس بو و له‌ لوتمان هاته‌وه !

 بۆ که‌رکوکیه‌کان ئه‌وه‌ که‌س و خه‌مخواره که‌ له‌م ڕۆژگاره‌ چاره‌نوس‌سازه‌یاندا فریایان بکه‌وێت

 و له‌ قوتی حه‌زیا چاو برسیه‌کاندا ده‌ریان بهێنێت و تا به‌هۆیه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ که‌رکوک و که‌رکوکیه‌کان و کورد له‌ دڵه‌راوکێی بکه‌ون و که‌رکوکی (ژیان) له تۆزو گه‌ڵاوی ئه‌وانه‌ش پاک بکرێته‌وه که ساڵه‌های ساڵه گڵاوی ده‌که‌ن !

 فه‌رمون یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیمکراتی کوردستان و هێزه‌ ئازادیخوازه کانی‌تری‌گه‌له‌که‌مان (ئه‌وه‌ ئه‌رز و ئه‌وه‌ گه‌ز) و (ئه‌و نانه‌ش نانه‌ ئه‌مڕۆ له‌خوانه) ! دڵنیابن گه‌لیش له پشتانه !!!

 

 mehdi@kurdistannet. org

info@kurdistannet.org

ضاثيكة

كاتي بلآوكردنةوة 

www.kurdistannet.org

Hit Counter